fbpx
Shadow Shadow

حەوت ملیۆن مین هێشتا لەژێر خاکی هەرێمدان

مین ئەو دوژمنە شاراوەی کە نیو سەدەیە هاوڵاتییانی هەرێم دەکاتە قوربانى [تایبەت]

17:50 دوو شه‌ممه‌ 01 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

لە ماوەی نیو سەدەدا، زیاتر لە 14 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی، 50%ى قوربانییەکانیش لەسنوری پارێزگای سلێمانی بوون، کە زۆربەی ئەو ڕوداوانە لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو ڕویانداوە.

.

بەشێک لەو زەوییانەى کە لە هەرێم بە مین چێندراون پاککراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆسەیە بەردەوامى هەیە و زەوییەکى زۆر لە هەرێم ماون بۆ ئەوەى پاکبکرێنەوە.

.

قوربانییەکى مین چیرۆکى خۆى بۆ ناس دەگێڕێتەوە و باس لەوەدەکات، لەکاتى شوانیدا لە گەرمیان مین پێیدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە هەردوو قاچى لەدەستداوە.

.

مین ئەو دوژمنە شاراوەی کە نیو سەدەیە هاوڵاتییانی هەرێم دەکاتە قوربانى [تایبەت]

.

بوونى مین لە پانتاییەکى زۆرى زەوییەکانى هەرێم

دەزگاى مینى هەرێمى کوردستان، دەیان تیمى لە سەرتاسەرى هەرێم هەیە، کە بە هاوکارى چەند ڕێکخراوێکى بیانى سەرقاڵى پاککردنەوەى ئەو زەوییانەن کە بە مین چێندراون.

.

لەبارەى ئەو ڕوبەرە زەوییەى کە لە هەرێم منی لێچێندراوە، تالیب ڕەشید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێم تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، زیاتر لە 35%ى خاکى هەرێم بە مین پیسبوون، چڕترین ڕوبەری مینڕێژکراویش لە سنوری پارێزگای سلێمانییە، قەزای پێنجوێنیش بە پلەی یەکەم دێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کە فراوانترین ڕوبەری مینڕێژکراوی تێدایە.

.

ئەو بەرپرسەى دەزگاى مین ئەوەشى ئاشکراکرد، دەزگاکەیان لە هەموو هەرێمى کوردستان زیاتر لە 36 تیمی هەیە، تا ئێستا بەردەوامن لەکارکردن، ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە سێ هەزار کێلگەی مین لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا هەن.

.

“ڕێکخراوێکی ئەمریکی بەناوی ‘ئیم ئەی جی’ لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مینە”، تالیب ڕەشید واى وت.

.

لەلایەکى دیکەوە ئەحمەد فەتاح، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت، پارێزگای سلێمانی کە بە گەورترین ناوچەی مینڕێژکراو لەسەر ئاستى هەرێم دادەنرێت، زیاتر لە 300 ملیۆن مەتر دووجار ڕوبەری مینڕێژکراو زەوى هەیە.

.

ئەحمەد فەتاح، ئاماژەى بەوەشکرد: “بەپێى داتاکانی دەستەی کاروباری مینی کوردستان تا ئێستا 72%ى ناوچە مینڕێژکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە مین پاککراونەتەوە، کە پارێزگای سلێمانی، هەڵبجە، هەورامان و ناوچەکانی نزیک پارێزگای کەرکوک 40%ى ناوچە مینییەکان پاکراونەتەوە”.

.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی کاروباری مینی سلێمانی باسیلەوەشکرد، قەزای پێنجوێن بە پلەی یەکەم دێت لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، کە زیاتر لە 60 ملیۆن مەتر دووجار، ناوچەی مینڕێژکراوی تێدایە، بە پلەی دووەمیش ناوچەی شارباژێر دێت کە زیاتر لە 55 ملیۆن مەتر دووجار ناوچەی مینڕێژکراوی هەیە.

.

مین ئەو دوژمنە شاراوەی کە نیو سەدەیە هاوڵاتییانی هەرێم دەکاتە قوربانى [تایبەت]

.

ژمارەی قوربانییانی مین لە کوردستان چەندە؟

ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى ڕوداوەکانى تەقینەوەى مینەوە لە هەرێمى کوردستان بوونەتە قوربانى، ڕێژەکەیان زۆرە، ئەوانەشى کە لەو ڕوداوانەدا ڕزگاربوون، ئەندامێکى لاشەیان یان زیاتریان لەدەستداوە.

.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى ناس کورد لەم بەدواداچوونەدا دەستى کەوت، یەکەم قوربانی مین لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 1961 لە گوندی ئەسکەندر بەگ بووە، کە سەر بە ناحییەی ئاغجەلەری سەر بە پارێزگای کەرکوکە.

.

ئەحمەد فەتاح لە بارەى ئامارى قوربانییانى مین، ئاشکراى کرد: “بەپێى داتاکانمان لە ساڵى 1961وە تا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار هاوڵاتی هەرێم بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی، لەو ڕێژەیەش 90%یان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 90%ى قوربانییەکانیش خەڵکی گوندەکانى هەرێمن، لەوڕێژەیەش تەنها 5%یان لە ڕەگەزی مێن”.

.

بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى دەزگاى مینى سلێمانى وتیشی، لە ساڵی 2005وە تا ئێستا، زیاتر لە 80 کەس لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گشتی مینی سلێمانی بونەتە قوربانی، کە 32 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ژمارەى قوربانییانی مین لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی کۆڕەوەکە تۆمار کراون، لە نێوان ساڵانی 1991-1992 کە زیاتر لە دوو هەزار قوربانی بوون.

.

لەپاڵ قوربانییە مرۆییەکان، بوونی مین لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی بە ژینگە گەیاندووە، لەوبارەیەوە هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “مین مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ ژەهراویبوون و پیسبوونی خاک و ئاو و هەوای ئەم وڵاتە”.

.

بە گوێرەى وتەکانى ئەو بەرپرسەى ژینگەى هەرێم، ئەو مین و تەقەمەنیانەى کە لە ناو خاکی کوردستاندان، زۆر جار بوونەتە هۆکاری کوێرکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و کانییەکان، لە هەمانکاتیشدا هۆکاری لە ناوبردنی ڕێژەیەکی زۆرى باڵندە و ئاژەڵی کێویین.

.

مین ئەو دوژمنە شاراوەی کە نیو سەدەیە هاوڵاتییانی هەرێم دەکاتە قوربانى [تایبەت]

.

چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مینانە دەکرێت کە هەڵدەگیرێنەوە؟

لەبارەى جۆرى ئەو مینانەى لە هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە، ئەحمەد فەتاح ئاماژەی بەوەکرد، 35 جۆر مین لە هەرێمی کوردستاندا هەن، مەترسیدارترین جۆرەکان مینى (ڤاڵمار، ئیف 50 و ئێس 20)ن، ئەو جۆرە مینانە دروستکراوی وڵاتانی ئەڵمانیا، یوگسلاڤیا، میسر، ئیتاڵیا، ئیسرائیل و ئیران و چەند وڵاتێکی دیکەن.

.

لەبارەى چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مینانەى هەڵدەگیرێنەوە، تالیب خالید، وتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیاییەکی ناوخۆیی کردووە، بۆ ئەوەی مینە هەڵگیراوەکان کە پوچەڵکراونەتەوە، دووبارە بچنە پرۆسەی پیشەسازییەوە بکرێن بە ئاسن و لە پێشەسازیدا بەکاربهێندرێن.

.

لە ساڵی 1992وە لەلایەن چەند ڕێکخراوێکى بیانییەوە، دەستکراوە بە پاکردنەوەی ئەو زەویانەى لەهەرێمى کورستان کە بە مین چێندراون، دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵى 2005 دەستەی مینی هەرێمى دامەزراند.

.

بەگوێرەى زانیارییەکانى دەزگاى مینى هەرێم کە دەستى ناس کورد کەوتوون، لە هەرێمى کوردستان حەوت ملیۆن مینى چێندراو هەن، کە تا ئێستاش تەنها لە سنورى سلێمانى 500 هەزار مینی جۆراوجۆر هەڵگیراونەتەوە، لە هەرێمیش پاککردنەوەى زەوییە مینڕێژکراوەکان بەردەوامییان هەیە.

.

مین ئەو دوژمنە شاراوەی کە نیو سەدەیە هاوڵاتییانی هەرێم دەکاتە قوربانى [تایبەت]

.

“بەهۆى ئەوەى هەردوو قاچم نییە هیچ کچێک هاوسەرگیرى لەگەڵ نەدەکرم”

قوربانییەکی مین بۆ ناس کورد، باس لە چیرۆکى ژیانى خۆى دەکات، کە بەهۆى ئەوەى کەمئەندام بووە، ناتوانێت کاروباری ڕۆژانەى بە ئاسانى بەڕێ بکات.

.

محەمەد ئەمین، هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتوی شاری کەلارە، لە دایکبووی ساڵی 1976، لە ساڵی 1992 لەکاتی سەرقاڵبوونی بە کاری شوانی لە دەشتەکانی گەرمیان، مین پێیدا تەقیوەتەوە و بوەتە هۆى لەدەستدانی هەردوو پێى.

.

ئەو قوربانییەى مین تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەو ڕوداوە بەتەواوی لە ڕوی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ژیانی.

.

“کاتێک ویستم  ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنم، ناچار بووم ئافرەتێک بهێنم کە پێشتر هاوسەرگیری کردووە، چونکە هیچ خانەوادەیەک ڕازی نەبوون کچەکەیان بدەن بە من کە دوو قاچم نییە”، محەمەد ئەمین.

.

وتیشی، لە ئێستادا دوو منداڵی هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، ناچاریشە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، هەموو ڕۆژێک کرێکاری بکات، لەکاتێکدا ئەو کارە وەک خۆى دەڵێت تەواو بۆ ئەو قورسە، هەروەها مووچەى کەمئەندامێکەشی زۆر بەکەم دەزانێت.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند ساڵێکە دوو پێى دەستکردی لەلایەن ڕێکخراوێکی بیانییەوە بۆ دروستکراوە، بەڵام چاککردنەوەى ئەو دوو پێیە دەستکردە جارێکى تر بووەتە بارگرانى بۆى، چونکە دەبێت هاتووچۆى سلێمانى بکات بۆ چاککردنەوەى.

.

مین ئەو دوژمنە شاراوەی کە نیو سەدەیە هاوڵاتییانی هەرێم دەکاتە قوربانى [تایبەت]

.

مینەکان بۆ چی سەردەمێک دەگەڕێنەوە؟

زۆربەى ئەو مینانەى لە هەرێمى کوردستانن، دەکەونە نزیک سنورەکانى ئێران و هەرێمى کوردستان، کە پاشماوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەى ئێران-عێراقن، چونکە بە دەیان ملیۆن مین لەو شەڕەدا لەلایەن هەردوو وڵاتەوە داندراون.

.

جگە لەوەش هەر عێراق و ئێران، لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوو، لەنێو خاکی هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە، چەندین ملیۆن مینیان چاندووە.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل