fbpx
Shadow Shadow

لە کەمتر لە دوو مانگدا چەندین ڕۆژنامەنووس بانگهێشتى دادگا کراون

میترۆ: ئەگه‌ر دادگا و حكومه‌ت یاساى ڕۆژنامه‌نوسیان به‌دڵ نییه‌ با له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌

15:44 دوو شه‌ممه‌ 09 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد-

 

لەماوەى کەمتر لە دوو مانگدا ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس بانگهێشتى دادگا کراون و هەندێکیان پاش دەستبەسەرکردنیان بە کەفالەت ئازادکراون، زۆربەى کەیسەکانیش لەدەرەوەى یاساى ڕۆژنامەنوسى مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ڕێکخەرى سەنتەرى میترۆش دەڵێت ئەگه‌ر دادگا و حكومه‌ت یاساى ڕۆژنامه‌نوسیان به‌دڵ نییه‌  با له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌.

.

لە نوێترین کەیسدا، دوێنێ شوان عادل وەکو بەڕێوەبەرى کەناڵى ئێن ئاڕ تى و لەسەر سکاڵاى سەرۆکى زانکۆى سلێمانى بۆ ماوەى 24 کاتژمێر دەستبەسەرکرا و ئەمڕۆش بە کەفالەت ئازادکرا. پێشتر و لە 10 ى مانگى ڕابردوودا شوان عادل و ئیحسان سابیرى پەیامنێرى کەناڵەکە لەسەر کەیسێکى دیکە دەستگیرکران و دواتر بە کەفالەت ئازادکران.

.

مانگى ڕابردووش ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان لە پاش دەستگیرکردنی بەهۆی سکاڵایەکەوە، بە کەفالەتى یەک ملیۆن دینار ئازادکرا.

.

ئەمڕۆش دواى نزیکه‌ى پێنج مانگ له‌ده‌ستگیركردنى زوبێر برادۆستى په‌یامنێرى ئاژانسى ڕۆژ نیوزى نزیك له‌په‌كه‌كه‌ ئازاد كرا.

.

بەردەوامى دەستبەسەرکردنى ڕۆژنامەنووسان لەکاتێکدایە، بەپێی یاساى کارى ڕۆژنامەنوسى نابێت ڕۆژنامەنوسان دەستبەسەربکرێن، بەڵام دادگاکان لەو کەیسانەدا پەنادەبەنە بەر چەند یاسایەکى تر، لەوانە یاساى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن.

.

ڕه‌حمان غه‌ریب ڕێكخه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌مافى ڕۆژنامه‌نوسان به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و جۆره‌ ده‌ستگیركردنانه‌، به‌و شێوازه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوە، فشارن بۆ سه‌ر میدیا.

.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ڕووى هه‌نگاوه‌ عه‌مه‌لییه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دادوه‌ر و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ و سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیدارن بە پرسەکەوە‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و فشاره‌كانیان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى یاسای ڕۆژنامه‌نوسى پێشێل نه‌كرێت، هه‌ر‌وه‌ها سنورێك بۆ به‌كارهێنانى یاسا له‌دژى ڕۆژنامه‌نوسان دابنرێت.

.

ڕێكخه‌رى سه‌نته‌رى میترۆ داواشیكرد، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و سه‌رجه‌م ده‌زگاكانى یاساى ڕۆژنامه‌نوسیان به‌دڵ نیه‌ ئه‌وا با بیبه‌نه‌ په‌ڕله‌مان و هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌ و بڵین به‌دڵیان نییه‌ و ئه‌وه‌ به‌ئاشكرا ڕابگه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ و هه‌یه‌ ده‌بێت جێبه‌جێبكرێت.

.

لەبارەى پرسی ڕۆژنامەنوس زوبێر عوسمانەوە، رەحمان غەریب باسى لەوەکرد، “لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌ئێمه‌ ده‌ڵێن گه‌ر كه‌سێك پێشمه‌رگه‌ بوبێت به‌پێى یاساى سه‌ربازى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین و زوبێر پێشمه‌رگه‌یه،‌ ئه‌و كاره‌شى له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسیدا ناگونجێت”.

.

بەڵام ئاژانسى ڕۆژنیوز، لە ڕاگەیەنراوێکدا تۆمه‌تى پێشمه‌رگه‌بوونى پەیامنێرەکەیان به‌پاساوى ناڕه‌وا ده‌زانن بۆ ده‌ستگیركردنى په‌یامنێره‌كه‌یان و له‌سه‌ر زارى زوبێریشه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك ڕۆژ پێشمه‌رگایه‌تى كردبێت.

.

ڕۆژ نیوز ڕه‌خنه‌ى توند له‌سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسان و سه‌ندیكا په‌یوه‌ندیداره‌كانى تر ده‌گرێت و ده‌ڵێت، نه‌ك به‌رگرییان له‌زوبێر برادۆستى نه‌كردووه‌ “به‌ڵكو تۆمه‌تى سیخوڕیان داوه‌ته‌ پاڵ.”

.

سەرەڕاى داواکان بۆ کارکردن بە یاساى ڕۆژنامەگەرى، تا ئێستا دادگاکان لەزۆربەى کەیسەکانى تایبەت بە ڕۆژنامەنوساندا کار بەو یاسایە ناکەن، ئەوەش دەسەڵاتى دادوەرى ڕوبەڕووى رەخنە کردووەتەوە.

.

کۆتایی مانگى تشرينى یەکەمى ئەمساڵ، شەش ڕێکخراوى کوردستانى و عێراقى بوارى بەرگریکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسى لە ڕاگەیەنراوێکى هاوبەشدا داوایان لە دادگاکان کرد، لە لێكۆڵینەوەکاندا لەگەڵ دۆسیەكانی بڵاوكردنەوە پشت بە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنوسی ببەستن و پەنا بۆ ئەو یاسایانە نەبەن کە پەیوەندییان بە کارى ڕۆژنامەنوسییەوە نییە.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل