Shadow Shadow

سندوقى خانەنشینی لە هەرێم بوونى نییە

مووچەخۆرانى هەرێم مانگانە 7% لە مووچەکانیان بۆ خانەنشینى دەبڕدرێت

16:32 سێ شه‌ممه‌ 09 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئەگەرچی هەر مووچەخۆرێکی هەرێم مانگانە ڕێژەی 7٪ لە مووچەکەی دەبڕدرێت بەناوی سندوقی خانەنشینی، بەڵام ئەو سندوقە تا ئێستا لە هەرێم بوونی نییە و کەسیش نازانێت ئەو پارەیە چی لێدەکرێت.

.

سندوقی خانەنشینی ئەو سندوقەیە، کە حکومەت مانگانە بڕێک پارە لە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دەبڕێت و بەو سندوقەى دەسپێرێت، لەو سندوقەشەوە مووچەى خانەنشینى دابەشدەکرێت.

.

بە وتەی بەرپرسێکی سەر بە وەزارەتی دارایی، ئەو پارەیەی لە مووچەخۆران دەبڕدرێت ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە خولی سێیەمی پەرلەمان دەڵێت: “هیچ کات وەزارەتی دارایی ڕوونی نەکردووەتەوە ئەو پارەیەی چی لێکردووە”.

.

حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، مانگانە هەر مووچەخۆرێک 7٪ لە مووچەکەی دەبڕدرێت و پارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

.

 

مووچەخۆرانى هەرێم مانگانە 7% لە مووچەکانیان بۆ خانەنشینى دەبڕدرێت

 

.

لەو بارەیەوە سەمیر سەلیم، کە ئەندامى لیژنەی دارایی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بوو، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو سندوقە لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا هەیە، بەڵام بە کرداری بوونی نییە و ئەو پارەیەشی کە لە مووچەخۆران دەبڕدرێت کەس نازانێت چی لێدێت”.

.

ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، لەو چوار ساڵەی کە ئەو لە پەرلەمان بووە و بودجە چووەتە پەرلەمان و لە کۆتایی ساڵدا لێکۆڵینەوە لە داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی کراوە، لە هیچ ساڵێکدا نەزاندراوە کە ئەو پارەی دەبوایە بچێتە سندوقی خانەنشینییەوە لە چیدا خەرجکراوە و چی لێهاتووە؟.

.

بەهۆى ئەوەى لەپاش خولى سێی پەرلەمانەوە بودجە نەچووەتە پەرلەمانى کوردستان و هەرێم بێ یاسای بودجە بووە، نەتواندراوە لە وەزارەتی دارایی بپرسرێتەوە لەسەر ئەو بابەتە.

.

ئەگەرچی ئەو پارەیە لە مووچەخۆران دەبڕدرێت بەناوی خانەنشینییەوە، بەڵام حکومەت لە بودجەی گشتی مووچەی خانەنشینان دابەش دەکات و ئەوەش کێشەی بۆ خەرجییەکانی هەرێم و تەنانەت لەنێوان هەرێم و بەغداشدا دروستکردووە.

.

لە ساڵی 2018 و لە وتەیەکیدا لە وەڵامی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق سەبارەت بە زۆری ژمارەی مووچەخۆری هەرێم، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاندبوو، كێشەكە ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان یاسای سندوقی خانەنشینی هەیە، بەڵام جێ بەجێ ناكرێت، لەكاتێكدا لەبەغداد سندوقی خانەنشینان هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە لەكوردستان جێ بەجێ بكرایە ئەوە ئەوكات ڕاست دەبوو وە ئەوكات ئەو ناكۆكیە گەورە لەگەڵ بەغدا دروست نەدەبوو.

.

لەوبارەیەوە سەمیر سەلیم ڕوونیکردەوە: “کێشەکە وەزارەتی دارایی هەرێمە، چونکە کە ئەو پارەیە دیارنییە، حکومەت لە بودجەی گشتی مووچەی خانەنشینان دابەش دەکات، کەواتە ئەوکات خەرجییەکی زۆرتر دەکەوێتەسەر بودجەی گشتی و هەروەها خانەنشینکراوانیش وەک مووچەخۆری دیکە هەژمار دەکرێن، ئەوە جگە لە بوونی چەندین مووچەخۆری نایاسایی”.

 

.

مووچەخۆرانى هەرێم مانگانە 7% لە مووچەکانیان بۆ خانەنشینى دەبڕدرێت

.

بەپێی ئامارەکانی حکومەت هەرێم 700 هەزار مووچەخۆری فەرمی لە هەرێم هەن، بە وتەی ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی دارایی نزیکەی 500 هەزار مووچەخۆری نافەرمیش هەیە کە ئەو بڕە پارەیەی خانەنشینییە لە مووچەکانیان دەبڕدرێت.

.

ئەگەر بەڕێژەی ناوەندی بڕی ملیۆنێک دینار بۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران وەربگرین وەک گریمانە، ئەوا مانگانە 70 هەزار دینار لە هەر مووچەخۆرێک دەبڕدرێت بۆ سندوقی خانەشینی، کەواتە ئەگەر تەنها ژمارەی مووچەخۆرە فەرمییەکانیش وەربگرین، ئەوا مانگانە ئەو پارەیەی لە مووچەخۆران دەبڕدرێت بۆ ئەو سندوقە دەکاتە 49 ملیار دینار، کە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

.

هاوکات خالید حەیدەر، ئابوریناس پێیوایە بوونی سندوقەکە لە ڕووی ئابورییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” گێڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە لە مووچەخۆران، سودێکی ئابوری هەیە بۆ داهاتوویان لەکاتی خانەنشین بووندا حەقی خۆیان وەردەگرنەوە، هەروەها خەرجی سەر حکومەتیش کەمدەکاتەوە لە گێڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە و دانەوەی بە مووچەی خانەنشینیدا”.

.

جەختیشیکردەوە، پێویستە سندوقەکە بەڕاستی هەبێت، ئەوکاتە ئامانجەکانی بەدی دێنێت و مووچەی خانەنشینکراوان هیچ مەترسییەکی لەسەر نابێت و لەو سندوقەدا پارێزراو بێت.

.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل