fbpx
Shadow Shadow

ڕۆژی چوارەمى خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاڵۆزترین بو

موقتەدا سەدر داوا دەکات حکومەت هەڵوەشێتەوە

22:53 هه‌ینی 04 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

لە نوێترین کاردانەوەدا، بە نوسراوێکى دەستى، موقتەدا سەدر داواى دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت و هەڵبژاردنى پێشوەختى کرد.

,

هەرچەندە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، فەرمانی بەکارهێنانی هێزیان دژبە خۆپیشاندەران پێ نەدراوە، بەڵام توندووتیژییەکان بەردەوامیان هەبوەو ژمارەى قوربانیانیش لە هەڵکشاندایە.

,

ئەمڕۆ هەینی، 4ی تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندانەکانى عێراق پێی خستە چوار ڕۆژى خۆی و ژمارەى قوربانییەکانیش بەرزبوونەوە، لاى خۆیەوە فەرماندەی ئوپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند: “فەرمانی بەکارهێنانی هێزى دژبە خۆپیشاندەران پێینەدراوە، دۆخەکەش لەهەموو شارەکانی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدایە”.

,

بەڵام پاش بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و زیادبوونى ژمارەى قوربانیان، لە نوێترین کاردانەوەدا موقتەدا سەدر، ڕابەرى ڕەوتى سەدر نوسراوێکى دەستى بڵاوکردەوە، تیایدا وتى: “خوێنى عێراقییە بەشەرەفەکان بپارێزن، بە دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت ‘شلع قلع’، وە بە سەرپەرشتى نێودەوڵەتى هەڵبژاردنى پێشوەختە بەڕێوەبچێت، چیتر بێدەنگ نابین لەبەرامبەر شەهیدکردنى عێراقییەکان”.

,

لەلایەکی دیکەوە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمرۆ هەینی بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکان دەیان برینداری خۆپیشاندانەکانیان لەناو نەخۆشخانەکان دەستگیرکردووە.

,

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش لە عێراق بۆ ناس کورد ئاشکراى کرد، ژمارەی کوژار و برینداری خۆپیشاندانەکانی شارەکانى عێراق لە هەڵکشاندایە، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەوانیش تا ئێستا 40 کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەس برینداربوون، کە لەنێویاندا خۆپیشاندەر و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان هەن.

,

هاوکات ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤى پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیاندراویکدا، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد هێز دژبە خۆپیشاندەران بەکارنەهێندرێت، وتیشی، ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن هاوڵاتی عێراقین و داوای مافی یاسایی خۆیان دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە، پەرلەمان لە زوترین کاتدا دەنگ لەسەر یاسای مافی ڕادەڕبڕین دەدات بۆ ئەوەی چیدی هاولاتیان بەهۆی داواکردنی مافەکانیان دوچارى نەهامەتی نەبنەوە.

,

ڕابەری ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ هەینی، داوای لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سائیرون کرد، ئەندامێتییان لە پەرلەمانی عێراق هەڵپەسێرن و بەشدارى دانیشتنەکان نەکەن، دواتر هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانیش کە پێکهاتوە لە لایەنە سونەکان و هاوپەیمانی فەتح بە ڕابەرایەتی هادی عامری، هەمان هەڵوێستیان پیشاندا.

,

وێڕاى ئەوەى بڕیارە سبەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام قراکسیۆنە کوردییەکانیش بڕیاریان دا نەچنە ئەو دانیشتنەوە و بایکۆتى بکەن.

,

هەر ئەمڕۆ هەینی، بۆ تاووتوێکردنی دۆخی عێراق لە ئاکامی خۆپیشاندانەکان، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆککۆمار و سەرۆکى پەرلەمانی عێراقی بەڕێوەچو، جارێکى دیکە جەختیان لە پاراستی سەلامەتی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کردەوە.

,

لەلایەکى دیکەشەوە نەتەوەیەکگرتووەکان داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کرد، کە دەبێت بە زوترین کات و بەشێوەیەکی شەفاف لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بەکارهێنانی هێز دژبە خۆپیشاندران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامبدات.

,

هەروەها ئەمرۆ نوێنەری ڕابەری ئاینی شیعەکان عەلی سیستانی، لەمیانەی وتاری هەینیدا لە شاری نەجەف، سەرەکۆنەی بەکارهێنانی ئاگر و ئاسنی کرد دژبە خۆپیشاندران، حکومەتی عێراقیشی لەو کارە ئاگادار کردەوە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل