Shadow Shadow

موشەكەكانی توركیا، چالاكییەكانی (پەكەكە)ی لە هەرێم پێ‌ بێدەنگ دەكرێت؟

12:08 هه‌ینی 24 ئایار 2019
article image

ناس كورد –
زیاتر لە 20 ساڵە فڕۆكەكانی توركیا بە بەردەوامی ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق و توركیا بۆردومان دەكەن، بیانووی توركیاش بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە ناوچەكەدا.

.

لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر سەنگەرەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق و توركیا و ئێران كە پێی دەڵێن سێگۆشەی توركی عێراقی ئێرانی، بە درێژایی مێژوو شكستی هێناوە، تاكتیكی شەڕی پارتیزانی گەریلاكان، زۆر جار گورزی كوشندەیان لە هێڵی پشتیوانی سوپای توركیا وەشاندوە.

.
زۆربەی كات هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە زەرەر و زیانێكی زۆری بە باخ و ڕەزی خەڵكی سیڤیلی گوندنشینە عێراقیەكان گەیاندووە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی كە نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، فڕۆكەكانی توركیا بە مەبەست گوندەكان بۆردوومان دەكەن، هەر ئەوەش وایكرد خەڵكی ناوچەی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆك لە 26ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ هێرش بكەنە سەر بنكەی سەربازی توركیا لە ناوچەكە.

.
چەندین سەربازگەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەكانی (قەندیل، حەفتنیان، خواكورك و زاب) بوونیان هەیە كە دەكەوونە ناو سنوری هەرێمی كوردستانەوە، ئەو ناوچە شاخاوییە سەختانە بەدرێژایی مێژووی ململانێی بزووتنەوەی كوردایەتی و حكومەتە ناوەندییەكان پەناگە و قەڵغان بوون بۆ كورد، هیچ كاتێكیش نەتوانراوە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە كۆنترۆڵ بكرێت.

.
ئەو ناوچانە لە شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوەوە مۆڵگەی بزووتنەوەی چەكداری كوردانی عێراق بووە دژ بە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی عێراقی، بەڵام دوای راپەڕینی ساڵی 1991، ئەو ناوچانە كەوتنە ژێر دەسەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە و چەندین سەربازگەی تێدا دروستكرد.

.
توركیا بە هەر نرخێك بێت هەوڵ دەدات ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكات چونكە بوونی بنكە و سەربازگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەو شوێنە سەختانە، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی هێزەكانی توركیا لەو ناوچەیە، چونكە ئەگەری هەیە پارتی كرێكاران بەهۆی شەڕی تیرۆر پەیوەندی لەگەڵ گروپە كوردیەكانی ڕۆژئاوا چەندین چەكی كاریگەر و جۆری دەستبكەوێت كە تایبەتن دژ بە تانك و زریپۆش.

.

لەمانگی ئابی 2014 ڕێكخراوی داعش هێرشی كردە سەر قەزای شەنگال و دەورووبەری و لە ئەنجامدا هەزارن هاوڵاتی ئێزیدی سیڤیل بوون بە قوربانی، داعش بە داگیركردنی شەنگال ڕانەوەستا بەڵكو هەوڵیدا ناوچەكانی خۆرهەڵات و باكوری شاری موسڵ داگیر بكات، ئەمەش وایكرد پارتی كرێكارانی كوردستان ئارەزووی تێكەڵبوونی دۆخەكەی هەبێت.

.

سەرەتا پارتی كرێكاران 500 گەریلای نارد بۆ شەڕی داعش لە شەنگال، لە دوایشدا توانی چەندین چەكداری دیكە لە كوردانی سوریا و كوردە ئێزیدییەكان كۆبكاتەوە تا ژمارەی چەكدارەكانی لە شەنگال گەیشتە 5000، ئەم هێزە ڕۆڵێكی باڵای بینی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش تا دواتر توانیان گەمارۆی سەر شارەكە بشكێنن و پاشەكشە بە چەكدارانی داعش بكەن.

.
دوای ئەوەی لە مانگی 10ی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە توانیان شەنگال و ناوچەكانی دەورووبەری لە ژێر چنگی چەكدارانی داعش دەربهێنن، پارتی كرێكارانی كوردستان بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ ویستو ئارەزووی مانەوەیان لە ناوچەكەدا كردە پلانی سەرەكی.

.
بوونی هێزێكی چەكداری نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەكەدا و هاریكاریكردنی لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی، زیاتر باری سەر شانی توركیای قورستر كرد، بەتایبەتی دووری ئەو هێزانە لە جوگرافیای دەسەڵاتی توركیا، لەبەر ئەوە توركیا لەرێگەی هێرشی ئاسمانیەوە هەوڵیداوە كەسایەتییە سەربازیی و سیاسییە باڵاكانی نزیك لە پەكەكە تیرۆر بكات.

.
چالاكییە سەربازییەكانی توركیا هەندێجار حكومەتی عێراقی هێناوەتە دەنگ، هەندێ جاریش بێدەنگ بووە و لە ئاستی سەركۆنەكردنی زارەكی تێنەپەڕیوە، سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كردە سەربازییەكانی توركیا زۆرجار بەپێی پلانی هاوبەشی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەردوو لا ئەنجامدراوە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل