fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"20 هەزار چەکدار و ملیۆنان دۆلار"

ململانێکانى تاران و واشنتن، داعش دەبوژێنێتەوە؟

21:09 یه‌ك شه‌ممه‌ 16 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

زیادبوونى گرژییەکانى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ترسی سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەى بەهێزى رێکخراوى داعشى هێناوەتە ئارا، دواى کەمتر لە چوار مانگ لە کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى داعش.

.

لەدواى ڕاگەیاندنى کوژرانى بەغدادى لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاوە لە 27ى تشرینى یەکەمى 2019 و شکستە یەک لەدواى یەکەکانى ئەو ڕێکخراوە، شانە نوستووەکانى داعش لەچەند شوێنێک هێرشەکانیان دەستپێکردەوە، کە بەشێک لە هێرشەکان بۆ سەر هێزە عێراقییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە بوون لەناوچە جیاجیاکانى عێراق.

.

خەمڵاندنى شۆکهێنەر

.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان خەمڵاندنى نوێی شۆکهێنەرى لەبارەى تواناکانى داعشەوە ئاشکراکرد لە عێراق و سوریا، هۆشداریشیدا لەوەى ئەو ڕێکخراوە هەر بۆشاییەکى ئەمنى دەقۆزێتەوە کە بەهۆى ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە بێتە ئاراوە.

.

مەسرور بارزانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەى “بیزنس ئینسایدەر” کە لەلایەن توێژەر جون هالتونغرەوە ئەنجامدراوە، دەڵێت “ڕێکخراوى داعش تا ئێستاش هەڕەشەیەکى گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سەرەڕاى ڕاگەیاندنى تێکشکاندنى ئەو رێکخراوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى داعش”.

.

بەبڕواى جون هالتوانغر، گرژییە هەڵکشاوەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران، دەکرێت لەبەرژەوەندى داعش بشکێتەوە کە بە ژمارەیەکى زۆر چەکدارەوە جموجۆڵى دەستپێکردووەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ کاتى ڕاگەیاندنى ئەو ڕێکخراوە لە ساڵى 2014، سەربارى بوونى ملیارەها دۆلار کە بەدەستیەوەیەتى.

.

مەسرور بارزانى دەڵێت “داعش تا ئێستاش بەهەموو هێزییەوە کاردەکات، سەرەڕاى لەدەستدانى زۆربەى هەژمونەکەى و چەندین کەسى شارەزا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانى کەسانى دیکەى شارەزا و بەسەربازگرتنى خەڵێکى زۆر و کۆکردنەوەى لەدەورى خۆى، نابێت ئەوە بەکەم سەیر بکرێت”.

.

وتیشى “تا ئێستاش داعش نزیکەى 20 هەزار شەڕکەرى هەیە لەتەواوى عێراق و سوریا”.

.

ئەوە لەکاتێکدایە، هاوینى ڕابردوو پنتاگۆن ڕایگەیاندبوو، ژمارەى چەکدارانى داعش لەنێوان 14 بۆ 18 هەزار چەکداردایە، لەکاتێکدا لەساته‌وه‌ختی ڕاگەیاندنى خەلافەتەکەى و دەستبەسەرداگرتنى روبەرێکى زۆر لە عێراق و سوریا نزیکەى 10 هەزار چەکدارى هەبوو.

.

ململانێی ترەمپ و ئێران

.

بەپێی پێگەى “بیزنس ئینسایدەر”، کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى لە لایەن ئەمریکاوە بەفەرمانى ترەمپ، نەبووەتە هۆى کۆتایهێنان بە هەیکەلیەتى سەرکردایەتى رێکخستنى داعش، یان کارە چەکدارییەکانیان بەئەندازەى پێویست.

.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ڕاپۆرتێکى نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش تا ئێستا 100 ملیۆن دۆلار یەدەگى هەیە.

.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، کە ململانێی بەردەوامى نێوان تره‌مپ و ئێران چاوەکانى لەسەر داعش دورخستووەتەوە، بەتایبەتى دواى کوژرانى قاسم سولەیمانى، کە واشنتن و تارانى بەرەو لێوارى شەڕ بردووە.

.

مەسرور بارزانى پێیوایە، “بەرەنگاربوونەوەى واشنتن و تاران، کاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر شەڕى دژى تیرۆر و داعش، کە دەبێت ئەوە کارى لەپێشینەى هەموومان بێت”.

.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، شارەزایانى بوارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر جەختدەکەنەوە کە داعش تا ئێستاش هەڕەشەیەکى هەرێمایەتییە بە ڕێژەیەکى گەورە، ئەوەش واتاى ئەوەیە ئامانجى هێرشە تیرۆریستییەکان ناوچەکەیە و بەدور دەزانرێت بگاتە ناو ئەمریکا لەکاتێکى نزیکدا.

.

دیفید ستیرمان شیکەرەوەى سیاسی دیار دەڵێت “داعش تا ئێستاش لە عێراق و سوریا بوونى هەیە، سەرلەنوێ تواناى رێکخستنەوەى ڕیزەکانى هەیە دواى شکستەکان، زیادبوونى ژمارەى چەکدارەکانى هەڕەشەی گەوریە لە عێراق و سوریا، بەتایبەتى کە بارودۆخى گونجاو هەیە بۆ گەڕانەوەى، بەدیاریکراوى ئەگەر گرژیەکانى ئەمریکا و ئێران ڕێگرى دروستبکەن بۆ هەوڵى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى”.

.

هەرچەندە ئەوە دیارە کە داعش تواناى هێرشى ڕاستەوخۆى نییە لەدژى ئەمریکا، بەڵام “بیزنس ئینسایدەر” هانى واشنتن دەدات کە تاوتوێی بەرژەوەندییە ئەمنى و هەرێمایەتییەکان و هەڕەشەکانى داعش بۆ سەریان بکات.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل