fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

دوو مانگ پێش ڕاسپاردنی پێنج فراکسیۆنى کوردی لەگەڵی کۆبوونەتەوە

محەمەد عەلاوی ڕیسی یەک ساڵ دانوستانی کورد دەکاتەوە بە خوری؟

10:02 چوار شه‌ممه‌ 05 شوبات 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پرسی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدای لەسەر بودجە و نەوت هێنایەوە بەرباس و ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، عەلاوی دەتوانێت داوای گۆڕانکاری لەو ڕێککەوتنە و پڕۆژەیاسای بودجەش بکات.

.

لە لایەکی ترەوە، ئەندامێکی لیژنەی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغداش دەڵێت، ئەوان ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەت دا کردووە نەک تاکە کەس.

.

هەرکاتێک کەسێک دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاستەوخۆ کورد دەپرسێت، پەیوەندی لەگەڵ کورد چۆنە؟، جەمال کۆچبەر کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوو مانگ بەر لە ئێستا پێنج فراکسیۆنی کوردی لەگەڵ عەلاوی کۆبوونەوەتەوە و باسی هەموو پرسێکی پەیوەست بە کوردیان لەگەڵ کردووە و زۆر بەڵێنی گرنگی پێداون.

.

“عەلاوی دەتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە و ڕێککەوتنەکە ڕەتبکاتەوە بەڵام ڕووداوەکان لە بەژرەوندی کوردن”

.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “پڕۆژەیاسای بودجە لەئێستادا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تەواو بووە و تەنها ئەوە ماوە کە محەمەد عەلاوی کابینەکەی ڕابگەیەنێت کە کەمتر لە مانگێکی ماوە و دواتر دەتوانێت ڕەوانەی پەرلەمانی بکات”.

.

وتیشی: “عەلاوی دەتوانێت پڕۆژەیاساکە پەسەند نەکات و بە پلانی خۆی پڕۆژەیاسایەکی دیکە دابڕێژێت و ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداش ڕەتبکاتەوە، بەڵام ئەوە قورسە و ئەو ڕوبەڕوی کێشەی گەورە دەبێتەوە و نایەوێت کێشەی کوردیش توشی خۆی بکات، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکات و پابەندی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا دەبێت و تاڕادەیەک ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی هەرێمن”.

.

هاوکات خالید شوانی، سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا بۆ ناس کورد وتی: “ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، نەک سەرۆکوەزیران و ڕێککەوتنەکە نوسراوەتەوە، بۆیە پێناچێت هیچ کێشەیەک لەو پرسەدا ڕووبدات”.

.

پێنج فراکسیۆنی کوردی دوو مانگ بەرلەئێستا لەگەڵ عەلاوی کۆبوونەتەوە

.

جەمال کۆچەر باسی لەوەکرد: “دوو مانگ بەر لەئێستا محەمەد عەلاوی یەکێک بوو لە بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستە، هەربۆیە پێنج فراکسیۆنی کوردی جگە لە پارتی و یەکێتی لەگەڵیدا کۆبووینەوە تایبەت بە کێشەکانی عێراق و هەرێم و وتمان ئەگەر کەسێکی دژە کورد بێت پشتیوانی ناکەین”.

.

“ماوەی دوو کاتژمێر گفتوگۆمان لەگەڵ کرد و لەسەر سەرجەم کێشەکانی تایبەت بە بودجە و مادەی 140 و موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و  پارەی گەنمی جوتیارانیش قسەمان کرد و تەواوی قسەکانی عەلاوی بۆ کورد و ئێمە جێگەی دڵ خۆشی بوون و کەسێکە نایەوێت دژایەتی کورد بکات و بە وتەی خۆی دەیەوێت چارەسەرێکی درێژخایەنی ئەو پرسانە بکەن”، جەمال کۆچەر وادەڵێت.

.

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، لە کۆبوونەوەکەدا عەلاوی وتویەتی: “پێویستە موچەی فەرمانبەران بەدەر بێت لە کێشەی سیاسی و فەرمانبەران نەبنە قوربانی کێشەکان”.

.

چوونەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

.

لە ئەگەری ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان لەدوای دەستبەکاربوونی محەمەد عەلاوی، ئەوا پڕۆژەکە پێویستی بە پەسەندکردنە لە پەرلەمان.

.

خالید شوانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرکات نزیکبوونەوە لە کاتی ناردنی ڕەشنوسی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان ئەوا سەردانەکانیان بۆ بەغدا دەستپێدەکەنەوە و لەگەڵ فراکسیۆن و لایەنە عەرەبییەکاندا کۆدەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی “لۆبی” و دەنگدان بەو بڕگانەی پڕۆژەیاسای بودجە کە لە بەرژەوەندی کوردن.

.

جەمال کۆچەر باسی لەوەکرد، لەئێستادا ئاساییە هەرێم نەوت ڕادەست نەکات، چونکە ڕادەستکردنی نەوت تایبەتە بە بودجەی ساڵی 2020.

.

ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020، ئەوا ئیتر پێویستە هەرێمیش نەوت ڕادەست بکات، ئەگەرنا کێشە بۆ ڕێککەوتنەکە دروست دەبێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕێدەکەن، ئەم کابینەیە پابەند دەبێت و نەوت ڕادەست دەکات.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل