fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

پێشتر لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا کۆبووەتەوە

محەمەد عەلاوی دێتە هەرێم و ناس کوردیش مەرجی کورد ئاشکرا دەکات

15:24 شه‌ممه‌ 08 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لە دوو هەفتەى داهاتوودا محەمەد تۆفیق عەلاوى سەردانى هەرێمى کوردستان بکات و “کوردیش بە سێ وەزارەت کەمتر ڕازى نابێت”.

.

لەدواى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، محەمەد تۆفیق عەلاوى لەگەڵ لایەنە شیعییەکان کۆبووەتەوە، بەڵام هێشتا لەگەڵ کورد و سوننە کۆنەبووەتەوە و دیار نییە چۆن کابینەکەى پێکدەهێنێت.

.

فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، “عەلاوى بەرنامەى خۆى هەیە بۆ سەردانى لایەنەکان، لەناویاندا سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات، لەبەرئەوەى وادەکەى بەرەو کۆتایی دەڕوات، پێویستى بەوەیە دەنگى کورد و لایەنەکانى دیکە بەدەستبهێنێت بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى”.

.

بەپێی دەستور پێویستە عەلاوى لەماوەى 30 ڕۆژدا کابینەکەى بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردنى، دیاریش نییە لەو ماوەیەدا دەتوانێت کابینەکەى پێکبهێنێت یان نا.

.

فارس عیسا وتى “هێشتا بەتەواوى وادەى سەردانەکەى عەلاوى دیارینەکراوە، بەڵام سەردانەکە لەم دوو هەفتەیەدا دەبێت، پێش ئەوەى ئەو وادەیەى لەبەردەستیەتى کۆتایی بێت”.

.

کورد کە لە حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى بە سێ وەزارەت بەشداربوو، دەیەوێت لە کابینەکەى عەلاویشدا لەو پشکە کەمتر وەرنەگرێت.

.

فارس عیسا جەختیکردەوە، هەر کابینەیەک بەبێ کورد دابمەزرێت شەرعیەتى نابێت، “ئێمە وەکو کورد کەمتر لە مافى خۆمان قبوڵ ناکەین، ئێستا سێ وەزارەتمان هەیە و مافى ئێمە لەوە زیاترە و هەوڵى زیادکردنى دەدەین، لە سێ وەزارەت کەمتر قبوڵناکەین کە دەبێت یەکێکیان سیادى بێت”.

.

لە کابینەى ئێستاى حکومەتى عێراقدا بە سەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى کورد سێ وەزارەتى پێدراوە، دوو وەزارەتیان کە پێکهاتوون لە دارایی و ئاوەانکردنەوە دراون بە پارتى کە یەکێکیان سیادییە، وەزارەتەکەى دیکەش کە بریتیە لە وەزارەتى داد دراوە بە یەکێتى.

.

بەهۆى ئەوەى کورد لەم خولەى پەرلەماندا پەرت و بڵاوە و خاوەنى فراکسیۆنێکى یەکگرتوو نییە، پێدەچێت عەلاوى ناچاربێت بەجیا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان دانوستان بکات، کە دیارترینیان بریتین لە پارتى و یەکێتى و گروپى 15 کە پێکهاتوون لەسەرجەم پەرلەمانتارانى (یەکگرتوو، گۆڕان، کۆمەڵ، فراکسیۆنى ئایندە و هاوپەیمانى).

.

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا پێیوایە هەر کوتلەیەکى کورد چاوى لە قازانجى خۆیەتى، بەڵام ئەگەر کورد هەمووى پێکەوە بێت قازانجى زیاتر دەبێت.

.

تا ئێستا دیار نییە کابینەکەى عەلاوى لەچەند وەزیر پێکدێت و چۆن وەزیرەکان دیاریدەکات، تەنها جەختیکردووەتەوە کە دەیەوێت وەزیرەکان سەربەخۆ بن و سەر بە حزبەکان نەبن.

.

بەوتەى فارس عیسا، لە عێراق کەس سەربەخۆ نییە، بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەر بە لایەنێکى سیاسین، کورد سەنگى خۆى هەیە لە بەغدا پێویستە لە حکومەتیشدا حساب بۆ پێگەکەى بکرێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل