fbpx
Shadow Shadow

محەمەدى حاجى مەحمود نێوەندگیریى پارتى و یەکێتى دەکات، لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ کۆبووەتەوە  [تایبەت]

14:25 یه‌ك شه‌ممه‌ 09 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد-

محەمەدى حاجى مەحمود، سکرتێرى گشتى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان هەوڵێکى نێوەندگیرى لە نێوان پارتى و یەکێتى دەستپێکردووە و لە یەکەم گێمى هەوڵەکەیدا ئەنجامێکى باشى بەدەستهێنا و یەکێتى بڕیاریدا بەشدارى لە مەراسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤانى بارزانى بکات کە سبەینێ لە هەولێر ئەنجام دەدرێت.

.

فاتیح رەووف، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان بە ناس کورد-ى راگەیاند “کاکە حەمە و مەکتەبى سیاسى حزب پێیان باش بوو هەوڵی نێوەندگیرى لەنێوان پارتى و یەکێتى بدات و بۆ ئەو مەبەستە سەردانى مەکتەبى سیاسى یەکێتیمان کرد و لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلى، جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى و ئاسۆ مامەند و رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامانى مەکتەبى سیاسى یەکێتى کۆبووینەوە”.

 

.

وتیشى، هەوڵ دەدەین بەگوێرەى توانا هەوڵى چارەسەرکردنى ئەو دۆخە بدەین و ئەو قۆناغە تێپەڕێنین.

 

.

ئەو لەو بڕوایەدابوو کە لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر پێویستە نێوماڵى کورد یەکبخرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ناوچەکە بەگۆڕانکارییەکى زۆر گەورە تێدەپەڕێت.

 

.

بەهۆى دەنگنەدانى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان بە نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان گرژى و ئاڵۆزى لەنێوان پارتى و یەکێتى روویدا و رۆژێک بەر لەهاتنى جەژنى رەمەزان بە بڕیارى مەکتەبى سیاسى هەردوولا بڕیارى راگرتنى هەڵمەتى راگەیاندن دژ بە یەکترى درا.

 

.

بەوتەى ئەندامەکەى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوەکانى ئەوان لەگەڵ پارتى و یەکێتى لەو بارەیەوە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ مەکتەبى سیاسى پارتیش کۆدەبنەوە و گفتوگۆى کێشەکان دەکەن.

 

.

کێشەى سەرەکى نێوان پارتى و یەکێتى لەسەر دانانى پارێزگارى کەرکوکە و بەر لە بایکۆتکردنى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەلایەن فراکسیۆنى یەکێتییەوە، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژى یەکێتى رایگەیاند “بەهۆى یەکلانەکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک لە پشکى یەکێتى، فراکسیۆنى یەکێتى بەشدارى لە دانیشتنەکەى پەرلەمان ناکات”.

 

.

فاتیح رەووف روونیدەکاتەوە لە سەردانەکەیان بۆ مەکتەبى سیاسى یەکێتى باسیان لە دۆخى کەرکوک و کێشەکانى ئەو دۆسیەیە کردووە بۆ ئەوەى بتوانن لە چارەسەرکردنى ئەو کێشەیەشدا رۆڵى خێر ببینن.

 

.

رەتیشیکردەوە هیچ مەسجێکى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکرات لە رێگەى محەمەدى حاجى مەحمود گەیەنرابێتە مەکتەبى سیاسى یەکێتى.

 

.

سەردانەکەى سکرتێرى گشتى حزبى سۆسیالیست و شاندەکەى ئەو حزبە بۆ لاى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە کاتێکدا بوو کە مەکتەبى سیاسى یەکێتى بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریکردنى مەراسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان کە بڕیارە سبەینێ (دووشەممە) کاتژمێر (11)ى بەیانى بەڕێوەبچێت بەنیازى کۆبوونەوە بوون و بەگوێرەى زانیارییەکانى (ناس کورد) بەهۆى سەردانەکەى شاندەکەى سۆسیالیست ئەنجامدانى کۆبوونەوەکەى مەکتەبى سیاسى دواخرا و لە دواى سەردانەکە کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو و لە راگەیەندراوێکدا لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژى یەکێتى رایگەیاند ” له‌سه‌ر بانگهێشتى ڕەسمی مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان، شاندێکى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌شدارى ڕێوڕەسمەکە دەکات”.

 

.

فاتیح رەووف ئاماژە بەوە دەکات سەردانەکەیان لەلایەن مەکتەبى سیاسى یەکێتییەوە ئیستیجابەیەکى زۆر باشى هەبووە و پێیان باش بووە کە کاکە حەمە و مەکتەبى سیاسى حزبى سۆسیالیست چى لەتوانایدایە بیکات بۆ چارەسەرى کێشەکان.

 

.

“پارتى و یەکێتیش بەلایانەوە باشە هەر کەسێک رۆڵى خێر و ئاشتەوایى بگێڕێت و کاکە حەمەش لەسەر راسپاردەى کەس ئەو هەوڵەى نەداوە” فاتیح رەووف واى وت.

 

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل