fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان لای کێیە وا سەرۆکەکەى بە “لاڕێدابردن” تۆمەتباری دەکات

14:54 یه‌ك شه‌ممه‌ 02 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

بڵاوبوونەوەى پوختەى ڕاپۆرتی لیژنەى تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەدواداچوون لە گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی یەکێتی لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەماندا پێنج ڕاگەیەنراوی تری بەپەلەى بەدوای خۆیدا هێنا، ڕاپۆرتەکە لەلایەن “جێگری لیژنەکەوە نوسراوە و سەرۆکیش ئاگای لێ نەبووە”.

.

ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی کانونی دووەمی 2020، هەواڵێک لە ماڵپەری پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە لەبارەى ئەنجامی ڕاپۆرتی لیژنەکە و ڕایگەیاند کە بەپێی ئەنجامەکان “هیچ خالێكى وا تێبینى نه‌كراوه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ى ڕاگه‌یێندراوى ئاسایشی هەولێر بێت”.

.

لەکۆتا پەڕەگرافی ئەو هەواڵەدا باس لەوەکرا بوو کە “لیژنەکەمان پشتگیرى له‌ به‌یاننامه‌ى ئاسایشی گشتی ده‌كات و هیچ خالێكى وا تێبینى نه‌كراوه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ى ڕاگه‌یێندراوى ئاسایش بێت، بۆیه‌ سه‌ره‌راى ئه‌مه‌ لیژنه‌ چاودێرى كه‌یسه‌كه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ڕاپۆرتى كۆتایى به‌شێوه‌یه‌كى یاسایی له‌ ڕێگه‌ى دام و ده‌زگاى په‌یوه‌ندیدار (دادگا، پزیشکی داد)یه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان و ڕاى گشتى بخرێته‌ ڕوو”.

.

ئەم هەواڵە کاردانەوەی لێکەوتەوە و هەرزوو ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی نیگەرانی لە بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە ماڵپەرە فەرمییەکەی پەرلەمان دەبڕی و ڕایگەیاند: “ماڵپەڕی پەرلەمان بەکارھێندراوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بەو پێیەی کە ھێشتا لێکۆڵینەوەکان بۆ کەیسی ناوبراو بەردەوامن و ئیشی لیژنەی پەرلەمان نییە قسەی یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بکات.”

.

زیاتر بزانە: ڕێواز فایەق: ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان بەکارهێندرا بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی لە دۆسییەکەی مەجید ئیبراهیم

.

دەشڵێت، “جارێکی تر ڕێگە نادەین ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان کە بەتەنھا گوزارشتە لە بۆچونی فەرمی پەرلەمان و هەواڵی کاروچالاکی لیژنەکانی پەرلەمانی تێدا بڵاو دەکرێتەوە بۆ ھیچ مەبەستێکی تر بەکاربھێندرێت”.

.

هاوکات عوسمان کەریم، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستداوە ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئێمە تاوەکو ئێستا لە لیژنەکەمان هیچ ڕاپۆرتێکمان دەربارەی کارەکانمان بڵاونەکردووەتەوە و بەماڵپەری فەرمی پەرلەمانیشمان نەوتوە کە هیج هەواڵ و ڕاپۆرتێک لەسەر لێکۆڵینەوەکانی ئێمە بڵاوبکەنەوە و ئەوەی بڵاویش کراوەتەوە ئێمە ئاگاداری نین و دروست نییە”.

.

عوسمان کەریم کە خۆی ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیشە وتی، “ئەندامێکی پارتی لە لیژنەی لیکۆڵینەوەکەدا سەربەخۆیانە ڕاپۆرتێکی داوە بەماڵپەری فەرمی پەرلەمان و ئەوانیش بڵاویانکردووەتەوە بەناوی ئێمەوە، ئەمەش قبوڵ کراو نییە و کارێکی باش نییە، ئێمە بەداداچونەکانمان کۆتایی نەهاتوە و لەم هەفتیەدا کۆبوەوە دەکەین پاشان ڕاپۆرتی خۆمان دەنوسین و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەین”.

.

بەڵام ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان لای کێیە؟

هەرچەندە هەواڵەکە لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاوبووەوە، بەڵام ڕونکردنەوەى سەرۆکى پەرلەمان لە ماڵپەڕەکە بڵاونەکرایەوە.

.

لەبارەى بەڕێوەبردنی ماڵپەڕەکەوە، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت: “ئێمە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبەین و ئەو بابەتانەی کە بڵاوی دەکەینەوە هەواڵ و ڕاپۆرتی خۆمان نین، بەڵکو ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەن کە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان یاخود سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەمان دەکرێت و ڕاپۆرتەکانیان بۆ بڵاودەکەینەوە”.

.

سامان ئەحمەد باسی لەوەکرد: “ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر کاروباری لیژنەی لێکۆڵینەوەی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەکە بڵاومان کردبوەوە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئاڕاستەمان کرابوو ئێمەش وەکو خۆی بڵاومان کردبوەوە”.

.

وتیشی، “بەڕێوەبەرایەتی ماڵپەڕەکە لای پارتییە و جێگرەکەشی لای یەکێتییە، چەند کارمەندێکی لایەنەکانی تریشی تێدایە.”

.

ئاماژەى بەوەشکرد، بابەتەکان لەلایەن سەرنوسەرانەوە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەگەر بابەتەکە هەستیار بوو ئەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکەوە دەکەن، ئەگەریش لەوە هەستیارتر بوو، بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتى پەرلەمان بابەتەکە بڵاودەکرێنەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل