fbpx
Shadow Shadow

مانۆڕەکەى سەرۆکى هەرێم و جێگرەکانی.. پەلەقاژەی ڕزگاربوون یان هەنگاو بەرەو چاکسازی؟

18:56 چوار شه‌ممه‌ 27 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد –

دوو ڕۆژە سەرۆکى هەرێمی کوردستان و دوو جێگرەکەى مانۆڕێکی سیاسییان بۆلای لایەنەکانی هەرێم دەستپێکردووە، هەندێک سەردانەکان بە پەلەقاژەى خۆ ڕزگارکردن ناو دەبەن لەناو گۆماوی 27 ساڵی ڕابردوو، هەندێکیش بە مانۆڕێکی سیاسیی دەزانن و پێیان وایە تەنها چارەسەر چاکسازیی و ئاشتکردنەوەى خەڵکە.

.

دوێنێ سێشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێم و مستەفای سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆکى هەرێم سەردانی سلێمانییان کرد و سەرەتا لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و دواتر لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە.

.

ئەمڕۆش، هەمان شاند سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی و دواتر سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و بڕیارە سبەینێ سەردانی چەند لایەنێکی تر بکەن.

.مانۆڕەکەى سەرۆکى هەرێم و جێگرەکانی.. پەلەقاژەی ڕزگاربوون یان هەنگاو بەرەو چاکسازی؟

بەپێی وتەى ئەندامانى شاندەکە و بەرپرسانى حزبی، دروستکردنی هاوپەیمانییەکی  نیشتمانی لە بەغدا، یەکڕیزی  ناو ماڵی کورد، چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بودجەی هەرێمی کوردستان گرنگترین ناوەڕۆک و دروشمی ئەو مانۆڕە سیاسییەن کە ئێستا سەرۆکایەتی هەڕێمی کوردستان خەریکە کۆتایی پێدەهێنێت.

.

“هەرکات گۆڕەپانەکە تەسکبووەوە، بیر لە کۆدەنگی دەکەنەوە”

.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە یەکێتی و پارتی “لە کاتی دابەشکردنی پلە و پۆست و پارە کەسیان لە بیر نییە، لە هەڵبژاردنەکاندا تەزویر و ساختە لە لایەنەکانی دیکە دەکەن، هەرکاتێکیش گۆڕەپانەکەیان تەنگ بوو، ئەوکات بیر لە کۆدەنگی و یەکڕیزی دەکەنەوە”.

.

هەڵەدنی بە ناس کوردی وت، “هۆکاری سەرەکی نەبوونی یەکڕیزی و یەک دەنگی لە هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتییە”.

.

مانۆڕەکەى سەرۆکى هەرێم و جێگرەکانی.. پەلەقاژەی ڕزگاربوون یان هەنگاو بەرەو چاکسازی؟

هەڵەدنی دەشڵێت، “ڕەهەندە نیشتیمانییەکان پێویستیان بەوەیە کورد دوو ستراتیژی هەبێت، یەکێکییان لە ناوخۆی کوردستان، ئەوەی دیکەشیان لە بەغدا.”

.

ڕاشیگەیاند، “بەبێ ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی، بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی قۆرخکاری، ناتوانرێت زەمینەساز بکرێت بۆ یەک دەنگی کورد لە بەغدا.”

.

“پارتی و یەکێتی ڕاستگۆ نین لە چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە”

.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەوەشی خستەڕوو، چاکسازی پێویستی بە کات نییە، بەڵکو پێویستی بە “ئیرادە” هەیە و وتیشی: “یەکێتی و پارتی ڕاستگۆ نین لە چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فشار نەخەنەسەریان ئەو کارە ناکەن، چونکە ئەو هێزە پارێزەری بەرژەوەندی حیزبی ئەو دوو پارتەیە”.

 

“یەکگرتوویی کورد بە قازانجی دەشکێتەوە”

لەوباریەوە شوان تەها، بەرپرسی لقی  پێنجی پارتی لە بەغدا تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بوونی وتارێکی یەکگرتووی کورد لە هەموو سەردمێکدا بە قازانجی دەشکێتەوە”.

.

مانۆڕەکەى سەرۆکى هەرێم و جێگرەکانی.. پەلەقاژەی ڕزگاربوون یان هەنگاو بەرەو چاکسازی؟

ئەو پێیوایە بارودۆخی عێراق زۆر نالەبارە بۆیە پێویست دەکات لەم ئانوساتەدا پێگەی کورد لە بەغدا تووندوتوڵتر بكرێت.

.

“ئێمە بەشێکین لە عێراق، ئێستاش ڕەوشی سیاسی عێراق بە بارێکی ناتەندروستدا گوزەر دەکات، یەک هەڵوێستی کورد و یەک وتاریی، ڕەنگە زیانەکان کەم بکاتەوە.”  بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا وای وت.

.

“لایەنەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پشتگیری چاکسازییەکان دەکەن”

.

لەبارەى قسەى فەرمی شاندەکە، دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، “سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چەند بابەتێک لەوانە ،یەکخستنی هەڵوێستەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕوداوانەی ئێستا لە بەغدا و عێراق ڕوودەدەن، هاوکات یەکخستنی تواناکان بۆ داکۆکیکردن و پارێزگاریکردن لەسەر مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئێستا حکومەتی فیدراڵی لە سەروبەندی ئامادەکارییە بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2020”.

.

وتیشی، “سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمن بۆ ئەو هەنگاوانەی دەنرێن لە پێناو یەکخستنی تواناکان و ڕیزەکانی ناوخۆیی گەلی کورد.”

.

“بەبێ پاڵپشتی خەڵک هەنگاوەکان سەرکەوتوو نابن”

.

لە لایەکی ترەوە، بورهان محەمەد فەرج، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و شارەزا لە سیاسەتدا بە ناس کوردی وت: “ئەو جموجۆڵانەی کە ئێستا سەرۆکی هەرێم دەیکات زۆر پێویستن، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە دەبێت کورد بۆ هەموو ئەگەرێک خۆی ئامادە بکات”.

.

ئەو ڕای وایە کە ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێم زۆر پێویستە چونکە “خەڵکی کوردستان پێویستییان بە خزمەت هەیە بۆ ئەوەی پاڵپشتی حکومەت بن، بەبێ پاڵپشتی خەڵک هەنگاوەکان سەرکەوتوو نابن”.

.

وتیشی:” کۆکردنەوەی کورد لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نیشتیمانی و هەنگاونان بە گوێرەی ئەو بەرنامەیە لە بەغدا زۆر گرنگە، بە تایبەتی لەو دۆخەی کە لە ئێستادا عێراق و ڵاتانی ناوچەکەی تێدایە. ”

 

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل