ناس کورد
لەکاتی ڕووخاندنی گەوڕی ئاژەڵدارێکی شاری هەڵەبجە، ئاژەڵدارێک، بەچەک ڕووبەڕووی تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی هەڵەبجە بویەوە و ڕێگری لەو هەڵمەتەی شارەوانی کرد کە ماوەیەکە دەستی پێکردووە.
.
زیادبوونی دیاردەی ئاژەڵداری لەناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە، ماوەیەکە بووتە جێی تێبینی و ڕەخنەی دانیشتوانەی شارەکە، شارەوانی هەڵەبجەش، هەڵمەتێکی بۆ قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیە دەستپێکردووە کە خۆی لە دەستبەرداگرتنی مانگای بەرەڵاو ڕووخاندنی گەوڕ لەناو سەنتەری شارەکە دەبینێتەوە.
.
کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەمموزی 2019، لەکاتی ڕوخاندنی گەوڕێکدا، ئاژەڵدارێک بە چەکەوە هێرشی کردووەتە سەر تیمەکانی پۆلیس و شارەوانی و ڕوبەڕوویان بووەتەوە، بەڵام تەقەی نەکردووە، دواتریش هەڵهاتووە.
.
وتیشی، لەمەولا هەڵمەتەکە توندتر دەکەنەوە و پۆلیسی زیاتر لەگەڵ تیمەکەی شارەوانی ڕەوانەی ئەو شوێنانە دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە، سبەی پێنج شەممە، سکاڵا لەسەر ئەو هاوڵاتییە تۆمار دەکات.
.
لەبارەی ڕێکارەکانی ئەو هەڵمەتەشەوە سەرۆکی شارەوانی وتی، پێشتر ئەو ئاژەڵدارانەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هەندێکیان گوێیان نەداوە.
.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دوو مانگای بەرەڵایان لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا گرتووەو دواتریش ویستوویانە بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بیفرۆشنەوە، بەڵام لە درەنگانێکی شەوی ڕابردوودا، مانگاکان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە براون.
.
سەرۆکی شارەوانی هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە شوێنێکی تایبەتیان نییە بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئاژەڵ، هەربۆیە ئەو کەسانە بەهەلیانزانیوە مانگاکان “بدزن”.
.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بۆنێکی ناخۆش لەو گەڕەک و کۆڵانانەی هەڵەبجە بڵاودەبێتەوە کە ئاژەڵی تێدا بەخێو دەکرێت، هەر ئەوەش وایکردوو هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە شارەکەدا بدرێت.
.