Shadow Shadow

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: کاری مامۆستای ئایینی ئەوە نییە لە خۆوە فەتوا بدات

مامۆستایانی ئایینی لەسەر ڕۆژوی سبەینێ بوون بە دوو بەشەوە

21:31 هه‌ینی 09 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

مامۆستایانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەڕۆژو بوون لە سبەینێدا کە ڕۆژی عەرەفەیە و دەکەوێتە ڕۆژی شەممەوە، بۆچوونی جیاوازییان هەیە، بەشێکیان پێیانوایە ڕۆژوگرتن لەو ڕۆژەدا دروستە، هەندێکی دیکەشیان بەپێچەوانەوە، لیژنەی باڵای فەتواش لەوبارەیەوە قسەى خۆى هەیە.

.

لە ئاینی ئیسلامدا ڕۆژی عەرەفە ڕۆژێکی پیرۆزە و ڕۆژوگرتن تیایدا سونەتە و بەشێکی زۆر لە موسڵمانان لەو ڕۆژەدا بەڕۆژو دەبن، بەڵام ڕۆژی عەرەفەی ئەمساڵ کەوتووەتە ڕۆژی شەممەوە، ئەوەش بۆچوونی جیاوازی دروست کردووە.

.

لەوبارەیەوە مامۆستا عەزیز عارف، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی دەروازە لە ناحیەی زەڕایەن، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “زانایانی ئاینی بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بەو پرسە و بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پێیانوایە کە دروستە لەو ڕۆژەدا بەڕۆژو بیت کە زۆرینەی سەلەفییەکانیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان، بەڵام بەشێکی دیکەیان پێیانوایە جگە لە ڕۆژوی فەرز، دروست نییە لە ڕۆژی شەممەدا بەڕۆژو بیت”.

.

ئەو مامۆستا ئاینییە وتیشی: “فەرمودەیەکی پێغەمبەرى ئیسلام هەیە، دەڵێت ‘جگە لە ڕۆژوی فەرز، دروست نییە لە ڕۆژانی شەممەدا بەڕۆژو بن’، کە ئەوەش فەرمودەیەکی دروستە و باوەڕپێکراوە، بۆیە ئەو بۆچوونە ڕاستترە کە لەو ڕۆژەدا بەڕۆژو نەبن، چونکە ڕۆژوی عەرەفەش سونەتە و فەرز نییە”.

.

هاوکات مامۆستایەکی ئایینی دیکە ڕایەکى جیاوازى هەیە، پێیوایە دروستە سبەینێ هاوڵاتیان بەڕۆژوبن و ئاماژە بەوەدەکات، هیچ فەرموودەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ڕۆژوی عەرەفە لە شەممەدا دروست نییە.

.

مامۆستا هێمن عەبدوڵڵا، مامۆستای ئاینی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ڕاستە بەپێی فەرمودە ڕۆژوی سونەت لە ڕۆژانی شەممەدا لە ئیسلامدا دروست نییە، بەڵام ئەو فەرمودەیە ڕۆژانی تایبەت و بۆنە ئاینییەکان ناگرێتەوە، لە هیچ فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د، خ) نەهاتووە کە ئاماژە بەوە بکات، ڕۆژوی عەرەفە لە ڕۆژانی شەممەدا دروست نەبێت”.

.

هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم پێیوایە بەشێک لەو مامۆستا ئاینییانە کەوتوونەتە هەڵەوە و دەشڵێت: “کاری مامۆستای ئایینی نییە هەر لەخۆوە فەتوا بدات”.

.

مامۆستا حەسەن موفتی، سەرۆکی لیژنەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ماوەی 1400 ساڵە باس لە پیرۆزی ڕۆژی عەرەفە و خێری ڕۆژوی عەرەفە دەکرێت، نەوەک دروستە کە سبەینێ هاوڵاتیان بەڕۆژوبن، بەڵکو زۆر خێرێکی گەورەشە و یەکێکە لە سونەتە زۆر گەورەکان، بەڵام پێموایە ئەو مامۆستایانە کەوتوونەتە هەڵەوە لەو پرسەدا”.

.

سەبارەت بەو جیاوازییانەی لە نێو مامۆستایانی ئایینیدا هەیە لە هەندێ پرسی لەوشێوەیەدا، سەرۆکی لیژنەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک لەو جیاوازییانە بەهۆی “نەزانینەوە”، هەندێکیشیان بەهۆی خۆ بە گەورە زانینی ئەو مامۆستا ئایینەوە هەیە، کە پێیوایە ئەو زاناترە لە مامۆستایانی دیکە.

.

جەختیشیکردەوە، کاری مامۆستای ئایینی ئەوە نییە لە خۆوە فەتوا بدات و پێویستە وەزارەتی ئەوقاف ئەوە چارەسەر بکات، هەر مامۆستایەکی ئایینی فەتوایەکی هەڵەی دا، سزای بدات و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات و ئەگەر هەڵەکە گەورە بوو تەنانەت دووریش بخرێتەوە.

.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل