Shadow Shadow

لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا ئەو حزبە چی کردووە بۆ بەستنی کۆنگرە؟

22:11 هه‌ینی 16 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ئەو حزبە زیاتر لە نۆ ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە و ئەندامێکی سەرکردایەتیشی دەڵێت: ” تائێستا ئامادەکارییان نەکردووە بۆ کۆنگرە و ئەو پرسە بودجە و ئامادەکاری دەوێت”.

.

هاوکات کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری داوە بەو حزبانەی کە کۆنگرەیان دواکەوتووە و ئەگەر لەماوەی نزیکەی پێنج مانگی داهاتوودا کۆنگرە نەبەستن ئەوا سزا دەدرێن.

.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “تائێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرە نەکراوە، ئەگەر فریا بکەوین لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆنگرە دەبەستین، ئەگەریش فریا نەکەوین ئەوا دەکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو”.

.

وتیشی، کۆنگرەش ئەوەندە ئاسان نییە و بودجە و کات و ئامادەکاری دەوێت و پێویستە سەرەتا کۆنفرانسە ناوخۆییەکان ببەسترێت، دواتر کۆنگرە ببەسترێت.

.

ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆمسیۆن هۆشداری داوە بەو حزبانەی کۆنگرەیان دواکەوتووە و ئەو ماوەیەشی بۆیان دیاریکرابوو کە کۆنگرە ببەستن کەمتر لە 50 ڕۆژی ماوە.

.

ڕزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” لە 4ی مانگی ڕابردوو سەرجەم ئەو حزبانە ئاگادار کرانەوە کە  کۆنگرەیان دواکەوتووە، کە پێویستە لە ماوەی 90 ڕۆژدا کۆنگرە ببەستن، ئێستا زیاتر لە 40 ڕۆژی ئەو وادەیە ڕۆشتووە و کەمتر لە 50 ڕۆژی ماوە”.

.

وتیشی، هەر حزبێک دوای ئەو ماوەیە کۆنگرە نەبەستێت ئەوا پێویستە داوایەکیان ئاڕاستە بکات و هۆکارێکی هەبێت بۆ نەبەستنی کۆنگرە، ئەوکات سێ مانگی دیکە مۆڵەتیان دەدرێتێ، بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە ئەو حزبانە فەرمی نابن لای ئەوان و سزا دەدرێن.

.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی دامەزراوە و تا ساڵی 1979 خۆی سەرۆکی حزبەکە بووە، دوای کۆچی دوایی ئەویش،  ماوەی 40 ساڵە مەسعود بارزانیی کوڕی مەلا مستەفا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

.

سەبارەت بە گۆڕانکاریکردن لە دەموچاوەکانی ناو حزبەکەدا، عەدنان کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” پارتی لە هەموو کۆنگرەیەکدا خەڵکی هێناوەتە پێشەوە و خەڵکیشی گۆڕیوە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی وەک پێویست کاریان نەکردبێت، دەنگیان پێنادرێتەوە لە کۆنگرەی نوێدا، چونکە ئیمە وەک حزبی دیکە بە دابەشکردنی کورسی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێرین”.

.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، بێگومان لە ئەنجامی بەستنی کۆنگرەدا، سیاسەتی پارتیش نوێدەکرێتەوە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا دەگونجیندرێت.

.

لەبارەی ئەوەی ئایا دوای 40 ساڵ لە سەرۆکایەتی حزبەکە، مەسعود بارزانی ئەمجارەش دەکرێتەوە بە سەرۆک؟، عەلی عەونی جەختیکردەوە: ” بێگومان هەروا دەبێت و هیچ شتێک لە ئارادا نییە کە کەسێکی دیکە بۆ ئەو شوێنە هەبێت”.

.

لە ماوەی 73 ساڵی تەمەنیدا پارتی دیموکراتی کوردستان 13 کۆنگرەی ئەنجامداوە و کۆتا کۆنگرەی لە مانگی 11ی ساڵی 2010دا بوو، هەرچەندە دەبوو لە کۆتایی ساڵی 2014دا کۆنگرەی چواردەیەم ببەستن، بەڵام ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و هێشتا کۆنگرەی ئەو حزبە نەبەستراوە.

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل