fbpx
Shadow Shadow

لە گۆڕەپانی تەحریرەوە هاشتاگێکی “گاڵتەئامێز” دژ بە حکومەت بڵاودەکرێتەوە

16:43 سێ شه‌ممه‌ 12 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی عێراق دژ بە دواین لێدوانى وتەبێژى عەبدولمەهدى، هاشتاگێکی گاڵتەئامێزیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، هاشتاگەکەش بریتییە لە “#بچریکێنە_خەڵەف”.

,

عومەر عەنبەکی، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی نێو خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “دوای لێداونەکانی، عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە وتبوی خۆپیشاندەران لەناو باڵەخانەی ‘مەتعەم تورکی’ بۆمبی جۆراوجۆر دروستدەکەن وچەندین کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، چالاکوانانی نێو خۆپیشاندانەکان بڕیاریاندا بۆ بەدرۆخستنەوەی وتەکانی خەڵەف هاشتاگێکی گاڵتەئامێز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە”.

,

ئەو چالاکوانەى خۆپیشاندانەکان ئەوەشى وت: “ناوى هاشتاگەکە ‘#بچریکێنە_خەڵەف’ە، لەڕێگەیەوە چالاکوانانی نێو خۆپیشاندانەکان دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی گاڵتەئامێز و دوور لە ڕاستی لەسەر خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانەکان وەک کاردانەوەیەک لەسەر وتە ناڕاستەکانی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان”.

,

بەشێک لەو هەواڵانەى ئەو چالاکوانانە لەژێر هاشتاگەکە بڵاویان دەکەنەوە، هەواڵى ناڕاستى “شەڕکردنى خۆپیشاندەران لەناوخۆیاندا و ئەنجامدانى کارى تێکدەرانە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە”ن.

,

ئەو هەڵمەتەى خۆپیشاندەرانى عێراق پاش ئەوە دێت، دوێنێ 11ى تشرینى دووەم، عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بەشێک لە خۆپیشاندەران تاڵانی و دزی و کارى تێکدەرانە ئەنجامدەدەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، هەروەها لەناوەڕاستی بەغداد بەتەواوەتی جموجوڵی هاتوچۆکردنیان ڕاگرتوە”.

,

خەڵەف وتیشی: “چەند لایەنێک کە لەنێو خۆپیشاندەرانن گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە لەناو مەتعەم تورکییدا سەرقاڵی دروستکردنی مادەی تەقەمەنی بن بۆ ئەوەی باڵەخانەکە بتەقێننەوە و هەموو ئەو کەسانەی لەباڵەخانەکەدایە بکوژن، هەروەها بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەران لەسەر ئەو باڵەخانە نزیکەکانی گۆڕەپانی خەیلانی لەناوەڕاستی بەغداد کاری تێکدەرانە دەکەن”.

,

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکردووە: “خۆپیشاندەران نارنجۆکی دەنگی، چەک، چەقۆ، کەتەر و مۆلۆتۆڤیان دژ بەهێزە ئەمنییەکان بەکارهێناوە و کاری دیکەی تێکدەرانەشیان کردووە، قوتابخانەیەکیان سوتاندووە و سێ باڵەخانەی حکومەتیشیان لە ناوەڕاستی بەغداد سوتاندووە، بۆیە چەند کەسێکیشمان لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستگیرکردووە و نامانەوێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت”.

,

“هێزە ئەمنییەکان تائێستا بەهیچ شێوەیەک هێزیان بەکارنەهێناوە دژی خۆپیشاندەران، بەڵکو ئەوان بۆ پارێزگاری خۆپیشاندەران لەو ناوچەیەن و ئەمڕۆش لە بەغداد تەنها چوار خۆپیشاندەر بە سوکی برینداربوون و ئەوانیش بەخێرایی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان”، وەک عەبدولکەریم خەڵەف وتویەتى.

نمونەى چەند پۆستێک لەژێر ناونیشانى ئەو هاشتاگە:

لە گۆڕەپانی تەحریرەوە هاشتاگێکی "گاڵتەئامێز" دژ بە حکومەت بڵاودەکرێتەوە

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل