fbpx
Shadow Shadow

چەند بەساڵاچو لە خانەکاندان لە هەرێم؟

لە ڕۆژی جیهانی بەساڵاچواندا؛ 4%ى دانیشتوانى هەرێم بەساڵاچون

16:50 سێ شه‌ممه‌ 01 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی بەساڵاچوانە و بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمیش 4٪ی دانیشتوانی هەرێم بەساڵاچون، هاوکات لەو ڕۆژەدا بەشێک لە بەساڵاچوان لە خانەکانی بەساڵاچواندا ژیان بەسەردەبەن و چەندینى دیکەشیان لە پێشودا لەو خانانە کۆچی دواییان کردووە.

,

كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە 14ی 11ی ساڵى 1990دا بڕیاریدا كە ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمى هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی بەساڵاچوان دیاری بکرێت، لەوکاتەوە هەموو ساڵێک لەو بەروارەدا ئەو یادە دەکرێتەوە.

,

لەبارەی ڕێژەی بەساڵاچوان لە هەرێم، سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بەگوێرەی بنەماکان لە هەرێمی کوردستان هەرکەس تەمەنی گەیشتە سەروو 65 ساڵ بە بەساڵاچو هەژمار دەکرێت، بەگوێرەی ئەو تەمەنەش 4٪ی دانیشتوانی هەریم بەساڵاچون”.

,

لەم ڕۆژەدا هەندێک بەساڵاچو کە بێ ماڵ و کەسوکارن، یاخود کەسوکاریان هەیە، بەڵام بەهۆی پیربوونیانەوە بردراونەتە خانەی بەساڵاچوان و لەوێ ژیان بەسەر دەبەن، ئەوانەش زۆرینەیان لە ڕەگەزی نێرن.

,

لە ڕۆژی جیهانی بەساڵاچواندا؛ 4%ى دانیشتوانى هەرێم بەساڵاچون

,

 

هەرچەندە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم لە خانەی بەساڵاچواندان لای وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دیار نییە، بەڵام لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 40 بەساڵاچوو بردراونەتە ئەو خانانە، هەندێکیشیان هەر لەوێ کۆچی دواییان کردووە.

,

کامەران تۆفیق، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچوانی هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەئێستادا ژمارەی بەساڵاچوانی خانەکەمان 73 کەسن، کە نزیکەی 15 کەسیان لەمساڵدا هێندراون، لەو 73 کەسەش نزیکەی 48 کەسیان پیاون و 25ی دیکەشیان ژن، چەند بەساڵاچویەکیشمان کۆچی دواییان کردووە”.

,

لەلایەکى دیکەوە شێرزاد هروری، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی دهۆک بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “خانەکەی ئێمە لەسەرەتای ئەمساڵدا کراوەتەوە و پێشتر هیچ خانەیەک نەبووە لە سنورەکەمان، لەئێستاشدا ژمارەی ئەو بەساڵاچوانەی لە خانەکەمانن 21 بەساڵاچون کە لەماوەی ئەو 10 مانگەدا هێندراون، 14یان پیاون و حەوتیشیان ژن”.

,

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی دهۆک ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بەساڵاچوانەی کە لەوێن، بەشێکیان بێ کەس و بێ ماڵن بۆیە هاتونەتە ئەوێ، هەندێکیشیان کوڕ و کچ و کەسیان هەیە، بەڵام بەخێویان ناکەن بۆیە هاتونەتە خانەکە.

,

هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ناوی 11 بەساڵاچوی نوێ لایەن تۆمار کراوە، هاوکات لەو شەش مانگەدا چوار بەساڵاچوو لە خانەکە کۆچی دواییان کردووە، لەئێستاشدا ئەوانەى کە لە خانەکەدا ماونەتەوە ژمارەیان 48 کەسە کە 34 پیاو و 14 ژنن.

,

ئەو خانانە جگە لەوەی خزمەتی ئەو بەساڵاچوانە دەکەن، هەندێک جار دەبنە پردێکیش بۆ ئەوانەی کێشەیان لەگەڵ کەسوکاریان هەیە و بەهۆیەوە چونەتە ئەو خانانە.

,

کامەران تۆفیق ئەوەی ڕونکردەوە، لەمساڵدا چوار بەساڵاچویان گەڕاندووەتەوە بۆ ماڵی خۆیان و ناو کەسوکاریان، هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانیش لە خانەی بەساڵاچوانی سلێمانیش 17 بەساڵاچو گەڕێندراونەتەوە ناو خزم و کەسوکارییان.

,

لە گەرمیانیش لەسەر ئەرکى خێرخوازێک، خانەیەکى بەساڵاچوان کراوەتەوە بەناوى ماڵى حاجى ئاهو، کە بەشێکى ئەو بەتەمەنانەى بێ لانەن لەوێ دەمێننەوە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل