fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ناس کورد نهێنییەکان ئاشکرادەکات

لە شوێنەکانى هێشتنەوەى هاووڵاتییانى هەرێم لە ترسی کۆرۆنا چى ڕوودەدات؟ “برسێتى و نەبوونى چاودێریى”

21:32 یه‌ك شه‌ممه‌ 23 شوبات 2020
article image

 

ناس کورد-

 

ئومێد بە نیازى چارەسەرى نەخۆشییەکەى ڕوویکردە ئێران، بەڵام پاش دوو ڕۆژ لە چوونى و لەکاتى گەڕانەوەیدا بۆ هەرێم ڕێگرى لێکرا دواى لێسەندنى پاسپۆرتەکەى ڕەوانەى ئوتێلێک کرا لە سلێمانى بۆ ئەوەى 14 رۆژ تێیدا بمێنێتەوە.

 .

ئومێد 34 ساڵ کە بەدەست نەخۆشى فەقەراتى پشتییەوە دەناڵێنێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بۆ بینینى پزیشکەکەى ڕوویکردە ئێران و کاتژمێر هەشتى ئێوارەى هەینى گەیشتەوە دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ لە سنورى پێنجوێن تا بگەڕێتەوە هەرێم، بەڵام لەوێ ڕاگیرا و ڕێگەى پێنەدرا بگەڕێتەوە.

.

دواى هێشتنەوەى بۆ ماوەى شەوێک لە باشماخ، ئومێد و دەیان کەسى دیکە، بە پاسێکى تایبەت کە لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە یاوەرى دەکرا، ڕەوانەى ئوتێل وەفا کران لە شەقامى 100 مەترى سلێمانى، کە یەکێکە لەو شوێنانەى لەو شارە تەرخانکراوە بۆ جێگیرکردنى ئەو کەسانەى لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە.

.

لەگەڵ گەیشتنیان بەو ئوتێلە، لەژێر ڕێوشوێنى ئەمنى توندو تۆڵدا ئومێد و دەیان کەسى دیکە کە بەشێکیان ژن و منداڵن، لەو ئوتێلە چوار نهۆمییە جێگیرکران و بەسەر ژورەکاندا دابەشکران.

.

بەپێی بڕیارى حکومەتى هەرێم کە ڕۆژى هەینى ڕابردوو چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەو کەسانەى لەپێنجى شوباتەوە لە هەرێمەوە چونەتە ئێران، ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵکو پاش پشکنینیان لە شوێنى تایبەت و بۆ ماوەى 14 ڕۆژ دەهێڵرێنەوە تا دڵنیابنەوە لەوەى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا نەبوون کە نزیکەى هەفتەیەکە لە ئێران بڵاوبووەتەوە.

.

بەپێی ڕێوشوێنەکانى وەزارەتى تەندروستى، ئەو کەسانە لەگەڵ گەیشتنەوەیان لەخاڵە سنورییەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئومێد دەڵێت لەهیچ شوێنێک پشکنینى بۆ نەکراوە، جگە لەوەش دوو ڕۆژ نانیان پێنەدراوە.

.

ئومێد وتى “لەحاڵێکى زۆر خراپداین، ئەو نانەى ئەمڕۆ بۆیان هێناین تەنانەت کەوچکیشى لەگەڵدا نەبوو، خەڵک هەیە لەسەر زەوى دەخەوێت، بەهیچ شێوەیەک ناهێڵن کەس سەردانمان بکات و خواردنمان بۆ بهێنێت، شوێنەکە زۆر ساردە، رەنگە لێرە توشى نەخۆشى بین”.

.

باسى لەوەشکرد، هیچ لیژنەیەکى تەندروستى و پزیشکێک سەردانی نەکردوون، تەنها ئاسایش چاودێریان دەکات بۆ ئەوەى کەس نەتوانێت هەڵبێت “هیچمان پێنیە، تەنها ئەو پێداویستیانە نەبێت کە لەکاتى چونمان بۆ ئێران پێمان بووە، هەندێکیشیان تەنانەت جانتاشیان پێ نییە.

.

لە ئوتێل وەفاى سلێمانى نزیکەى 100 کەس هێڵراونەتەوە و بەتەواوى لەخەڵک دابڕێنراون، بەوتەى بەشێک لەوانەى کە لە ئوتێلەکەن، بەشێکى زۆرى ئەوانەى لەوێن خۆیان نەخۆشن یان لە ئێران نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و پێویستیان بە چاودێرى تەندروستى بەردەوامە.

.

جەزا یەکێکى ترە لەو کەسانەى کە لە ئوتێل وەفا لە سلێمانى هێڵراوەتەوە بۆ ناس کورد وتى “ژورەکانى ئوتێلەکە هەریەکەیان سێ سیسەمیان تێدایە، بەڵام لەژورەکان فەرش ڕانەخراوە، زۆر ساردن و سپلێتى هەندێکیان کارناکات، خەڵک بەم شێوەیە و لەم بارودۆخەدا توشى نەخۆشى دەبێت”.

.

وتیشى “منداڵى سێ ساڵانى تێدایە، بەشێک لە ژنەکان نەشتەرگەریان بۆ کراوە، تەنانەت یەکێکیان گەچى نەشتەرگەریی پێوەیە و پێویستە لێی بکرێتەوە، بەڵام کەس نییە ئەو کارە بکات، منداڵ هەیە پەرکەمى لەگەڵدایە و چاودێرى ناکرێت”.

.

جەزا کە 10 ڕۆژ لەمەوبەر چووە ئێران، بەمەبەستى ئیشوکارى تایبەت بەخۆى، بەیانى ئەمڕۆ لەکاتى گەڕانەوەیدا بۆ هەرێم ڕەوانەى ئوتێلەکە کرا، باسى لەوەکرد، لە باشماخ پشکنینى تایان بۆ کردووە و پاسپۆرتەکەشیان لێسەندووە.

.

“تا ئێستا کەس نەهاتووە بەدەممانەوە، دووجار بەڵێنیاندا پزیشک بنێرن بۆ ئەوەى پشکنین بۆ نەخۆشەکان بکات بەڵام نەیانهێنا، دەبێت چاودێرى تەندروستى بێت، نەک تەنها ئاسایش بەدیارمانەوە دابنێن”.

.

بەپێی ڕێوشوێنەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى، ئەو هاووڵاتییانەى کە گومانى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنایان لێدەکرێت، دەبێت بۆ ماوەى 14 ڕۆژ لەژێر چاودێرى تەندروستى و لە شوێنى تایبەت بهێڵرێنەوە بەتەواوى لەخەڵک جیابکرێنەوە، تا دڵنیابنەوە لەوەى هەڵگرى ڤایرۆسەکە نییە.

.

یەریڤان هەڵەبجەیی كچه‌ موزیكژه‌ن و گۆرانی بێژ یەکێک لەو کەسانەى لە ئێران گەڕاوەتەوە لە گوندى گەشتیارى سەناریا لە سلێمانى هێڵراوەتەوە، لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا لەسەر هەژمارەکەى خۆى لە فەیسبوک باس لەوە دەکات، کە دواى دەستبەسەرکردنیانەوە هیچ پزیشکێک نەیبینیون.

.

دەشڵێت “خەڵکانێکى زۆر زۆر لێرەن، داوا لە وەزارەتى تەندروستى دەکەین بە زوترین کات بێن بە هانامانەوە، بەجۆرێک مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت وەک ئەوە وایە توشى ڤایرۆسەکە بوبین، ڕێگە نادەن کەسوکارمان بمانبینن”.

 

.

لەدواى بڕیارى قەدەغەى هاتووچۆ بۆ چین لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لەسەرەتاى ئەم مانگەدا، چەند شوێنێک بەتایبەتى لە فڕۆکەخانەکان بۆ هێشتنەوەى ئەو هاوڵاتیە کوردی و عێراقیانە تەرخانکرا، کە لەو وڵاتە دەگەڕێنەوە، بەڵام دواى گەیشتنى ڤایرۆسەکە بە ئێران و بڕیارى قەدەغەى هاتن و چوون بۆ ئەو وڵاتە، ژمارەى ئەو شوێنانە زیاتر کران.

.

لە ئێستادا چەندین شوێن لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێم تەرخانکراون بۆ ئەو هاوڵاتیانەى لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە بەتەواوى لە خەڵک جیاکراونەتەوە، کە بەشێکیان ئوتێلن و بەشێکى تریشیان ناوەندى تەندروستین.

.

محەمەد خۆشناو وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند “مەبەست لە دانانى ئەو شوێنانە، ئەوەیە ئەو کەسانەى تێدا بهێڵرێتەوە کە گومانیان لێدەکرێت، تیمى تەندروستى 24 کاتژمێر چاودێریان دەکات، بەڵام لەسەرەتاوە ناڕێکییەک هەبوو، بەهۆى ئەوەى رێوشوێنەکان بەپەلە بوو”.

.

وتیشى “ئێمە چاوەڕوانمان نەدەکرد ئێران بەو خێراییە ئەو ژمارە زۆرەى نەخۆش رابگەیەنێت، بۆیە زۆر بەخێرایی لەسەر سنورەکان رێوشوێنمان گرتەبەر و فەوزایەک دروستبوو، خەڵکەکەش نەیاندەویست بچنە ئەو شوێنانە، بۆیە بەپەلە چەند شوێنێک دابینکرا، بۆ ئەوەى ئەو کەسانە جیابکرێنەوە”.

.

محەمەد خۆشناو باسى لەوەشکرد، ئێستا بە پلەبەندى لە هەوڵى چارەسەرکردنى دۆخەکەدان، پێشبینیدەکرێت ئەو کەسانە ڕوو لەکەمبوونەوە بکەن.

.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس لەو شوێنانە هێڵراونەتەوە و بۆ ماوەى 14 ڕۆژ رێگەیان پێنادرێت بچنەوە ماڵەکانیان و تێکەڵى خەڵک بن.

.

“دەزانین ئەو کەسان ماندون، بەڵام ناتوانین تەندروستى شەش ملیۆن کەس بخەینە مەترسییەوە، لەهەموو وڵاتان ئەمە هەیە، ئەوە رێنمایییەکى جیهانییە و پرسێکى ئەمنى نیشتیمانییە، دەبێت هەموو کەس ببرێتە ئەو شوێنانە کە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە”، محەمەد خۆشناو وایوت.

.

بەپێی ڕێوشوێنە تەندروستییەکان، ئەو کەسانەى لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، سەرەتا پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر دواتر لەرێگەى نیشانەکانەوە گومانى لێکرا، پشکنینى تاقیگەیی بۆ دەکرێت بە هاوکارى لەگەڵ حکومەتى عێراق، چونکە لە ئێستادا ئەو تاقیگەیە لە هەرێم بوونى نیە.

.

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى وتى “ئەگەر هاتوو ئەو پشکنینە هاتەوە کە ئەو کەسە هەڵگرى ڤایرۆسەکەیە، ئەوکات جیادەکرێتەوە و بەپێی ستاندارى جیهانى دەبێت لە ژورێکى نێگەتیف پرێژەردا دابنرێت، بەڵام لەهەموو شوێنێک ئەو ژورە بەردەست نییە، تەنانەت لەو نەخۆشخانەیەش که‌ چین باسیکردووە ژورى عەزل بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە”.

.

بەپێی ئامارەکان، 80% ئەو کەسانەى توشى کۆرۆنا دەبن بەسوکى دەیگرن، بەڵام 20%ى  بە خراپى دەیگرن، بەتایبەت ئەوانەى بە ساڵاچوون و بەرگرى لەشیان لاوازە.

.

“ئەگەر کەسێک لەو 20% بێت، پێویستى بە چاودێرى چڕە، ئێمە لە شارەکان نەخۆشخانەمان بۆ دابینکردوون، ژورى جیاکراوە ئاماده‌ کراوە، بەڵام ژورى نێگەتیف پرێژەر لە ئێستادا نییە، ئەوەش ماناى ئەوە نییە ئەگەر ئەو ژورەت نەبوو نەتوانى ئیدارەى ئەو حاڵەتە بکەیت، چونکە بە ئاسانى دەتوانێت ئیدارە بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو ژورە هەبێت شێوازێکى نمونەییە”، محەمەد خۆشناو وایوت.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل