ناس کورد-
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە یارییەکەیان بەرامبەر میلان، ماوریسیۆ ساری، ڕاهێنەری یۆڤانتۆس گۆڕانکاری بە ڕۆناڵدۆ کرد، ئەستێرە پرتوگالییەکە توڕەیی خۆی نیشاندا و ڕاستەوخۆ یاریگای جێهێشت و لەدوای یارییەکەش ساری وتی، ڕۆناڵدۆ لە کاتێکی باشدا نییە.
.
لە یارییەکەیان بەرامبەر میلان، لە خولەکی 55دا ساری، ڕۆناڵدۆی دانیشاند و دیبالای خستە یاریگاوە، بەڵام ئەو کارەی ساری ئاگری لە ڕۆناڵدۆ و بەردا و توڕەییەکی زۆر بە ڕوخسارییەوە دیاربوو و یاریگای بەجێهێشت.
.
لەدوای یارییەکە ساری لەبارەی ئەو ڕووداوەوە وتی “ئێمە سوپاس ڕۆناڵدۆ دەکەین، ئەو هەوڵێکی زۆریدا بتوانێت یارییەکی باش بکات، بەڵام من هەستم کرد باش و نییە و بیرمکردەوە بیهێنمە دەرەوە باشتر بێت”.
.
ئاماژەی بەوەشکرد، شتێکی ئاساییە هەر یاریزانێک پێی ناخۆش بێت گۆڕانکاری پێبکرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو هەوڵێکی زۆر بدات کە لە یاریگادا خۆی بسەلمێنێت، ڕۆناڵدۆ لە مانگی ڕابردوو هەندێک کێشەی لە ئەژنۆیدا هەبوو، ئەو کاتێک هەوڵدەدات بە فشارەوە یاری بکات، بۆیە توشی پێکان دەبێت.
.
ماریسیۆ ساری وتیشی “لە ئێستادا ڕۆناڵدۆ لە کاتێکی باشدا نییە”.
.
ئەمە دووەمینجارە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ساری ئاڵوگۆڕ بە رۆناڵدۆ دەکات، سێشەممەی ڕابردووش لە چامپیۆنس لیگ هەمان ڕووداو ڕوویدا، ئەوکاتیش ڕۆناڵدۆ توڕەیی خۆی نیشاندا بەرامبەر دانیشاندنی.
.
ڕۆناڵدۆی تەمەن 34 ساڵ بەوە ناسراوە کە یاریزانێکی سەرسەختە و متمانەیەکی زۆری بە خۆی هەیە، بەردەوام دەیەوێت ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەی بێت، بۆیە پێدەچێت بەو کارەی ساری کێشەی گەورە لەنێوان خاوەنی پێنج خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان و ڕاهێنەرەکەی یۆڤانتۆسدا دروست ببێت.
.
یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یۆڤانتۆس کۆتایی هات، کە دیبالا لە خولەکی 77دا تۆماریکرد.