Shadow Shadow

"ئەگەرى هەیە دەست بۆ بڕینى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێم ببرێت"

لە ئەگەری داخستنى گەروی هورمز چی بەسەر ئابوری عێراقدا دێت؟

14:46 چوار شه‌ممه‌ 31 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

تا دێت ئاڵۆزییەکانى کەنداو ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لە ئێستاشدا ئێران لە هەوڵى دروستکردنى بەرەیەکى بەهێزە لەژێر ناوى پاراستنى کەنداو و گەروى هورمز، لەلایەکى دیکەشەوە ئەمریکا لەگەڵ سعودییە دەیەوێت هاوپەیمانێتییەک بۆ ئاسایشى کەنداو دروست بکات.

.

چاودێران نایشارنەوە ڕەنگە ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، سەر بۆ داخستنى کەنداو بکێشێت، بۆیە وەک ئەگەرێکى لاوازیش بێت باسى لێوە کراوە.

.

لە ئەگەرى دروستبوونى کێشە بۆ گەروى هورمز، یەکەم وڵات دووچارى ڕوخانى ئابورى و مەترسی ببێتەوە عێراقە، چونکە هەموو نەوتی عێراق لە ئێستادا لەڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردە دەکرێت بۆ بازاڕەکانى جیهان، فرۆشی ئەو نەوتەش دەگاتە زیاتر لە شەش ملیار 500 ملیۆن دۆلار مانگانە.

.

لە ئەگەری داخستنى گەروی هورمز چی بەسەر ئابوری عێراقدا دێت؟

 

.

شارەزایەکی بواری نەوت بەدووری نازانێت لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە کەنداو و داخستنى گەرووی هورمز، عێراق بودجە و شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەى فشارى دارایی لەسەرى.

.

حەمزە جەواهیری، شارەزا لە بواری نەوتدا تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە ئێستادا هەموو نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرێت، هیچ دەرچەیەکی دیکەش نییە بتوانێت ببێت بە جێگرەوەی ئەو ڕێرەوە ئاوییە، بەوەش عێراق لەکاتی ڕوودانی هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەربازی لە ناوچەی کەنداو زیانێکی زۆری پێدەگات، کە مەزەندە دەکرێت بە ملیارەها دۆلار زیانى مانگانەى بێت”.

.

لەبارەى ڕێگاى جێگرەوە بۆ هەناردەى نەوت، ئەو شارەزا عێراقییە وتى، زیندوکردنەوەی هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق-ئەردەن، پێویستی بە پێنج ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت جارێکی دیکە نەوت لە و بۆڕییەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت، ئەگەر بکرێتیش ئەوە مەترسی لە سەر ئەو هێڵە هەیە، چونکە تائێستا داعش لەو ناوچانەی کە هێڵەکەی پێدا دەڕوات چالاکە.

.

بەڕاى جەواهیرى تاکە ڕێگە لە بەردەم عێراق لەکاتی ڕوودانی قەیرانێکی لەو جۆرە، پەنا بردنە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی لەڕێگەی تورکیاوە، ئەوەش لەڕێگەی بەکارهێنانی تانکرەوە.

.

“ئەو ڕێگایانە هەموویان ناتوانن بە شێوەیەکی کارا بودجەی عێراق دەوڵەمەوند بکەن وەک ئەوەی ئێستا گەرووی هورمز دەیکات، ئەگەریش هەیە لە کاتی کورتهێنانی بودجەی عێراق بە هۆی ئەو هۆکارانەوە، حکومەتی عێراق پەنا ببات بۆ کەمکردنەوەی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئێستا هەرێمی کوردستان نەوتى خۆى هەناردە دەکات و یەک بەرمیل نەوتیش نادات بە حکومەتی فیدراڵی”، حەمزە جەواهیری وای وت.

.

لە ئەگەری داخستنى گەروی هورمز چی بەسەر ئابوری عێراقدا دێت؟

.

بەپێى ئەو ئامارانەى کە ئاژانسى وزەى جیهانى خستونیەتیەڕوو،21%ى نەوتى خاوى جیهان لە گەرووی هورمزەوە هاتووچۆ دەکات کە ڕۆژانە 21 ملیۆن بەرمیل نەوتە.

.

عێراقیش لە ئێستادا بە دووەم گەورەترین هەناردەکارى نەوت دادەندرێت لە ڕێکخراوى ئۆپیک، کە ناوەندى هەناردەى لە ڕۆژێکدا بریتییە لە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت.

.

لەلایەکى دیکەوە عەلی جبێر، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەکاتی دروستبوونی هەر ئاڵۆزییەک لە گەروی هورمز، عێراق دووچاری نەهامەتیيەکی گەورە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی 95%ى داهاتی عێراق پاڵپشتە بە هەناردەى نەوتەوە.

.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، تائێستا عێراق هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە لە ئەگەرى داخستنى ئەو گەروه، لەکاتی بوونی گرفتیش لە هەناردەکردنی نەوت لەو گەروەوە، هیچ جێگرەوەیەک بۆ هەناردەی نەوتی عیراق نییە، تەنانەت لەڕێى بوڕییەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە ناتواندرێت ئەو کارە بکرێت، چونکە تواناى ئەو بۆڕیە دیاریکراوە و بەرگەى ئەو نەوتە زۆرەى عێراق ناگرێت.

.

لەبارەى هەنگاوەکانى ڕوبەڕوبوونەوەى قەیرانى ئابورى لە ئەگەرى داخستنى هورمز، عەلی جبیر، وتی، لەو بڕوایەدا نییە لەو کاتەدا حکومەتی عێراق پەنا ببات بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان، بودجە و شایستە داراییەکانی  هەرێمی کوردستان بە پێ رێککەوتن و سازانی سیاسی کراوە لە دەستوری عێراقیشدا چەسپاوە، کوردستانیش بەشێکە لە عێراق.

.

لە ئەگەری داخستنى گەروی هورمز چی بەسەر ئابوری عێراقدا دێت؟

 

.

“بەڵام دروستبوونى قەیرانى دارایی و ئابورى، هەلێکى باشیشە بۆئەوەى حکومەتى عێراق گورزى کوشندە لە گەندەڵکارانى عێراق بدات و ئەو سەرەوت و سامانانەی کە چەند ساڵە دزیویانە لێیانوەربگیرێتە”، حەمزە جەواهیری واى وت.

.

وتیشی، لە هەمانکاتیشدا پرۆسەی وەرگرتنی باج لە عێراق چالاک بکات باج بخاتە سەر ئەو کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرکییانەی کە لە عێراق  کار دەکەن، چونکە پێشبینی دەکرێت عێراق لە ڕێگەی سەپاندنی باجەوە، ساڵانە 15 ملیار دۆلاری دەستبکەوێت.

.

لە ئەگەری داخستنى گەروی هورمز چی بەسەر ئابوری عێراقدا دێت؟

 

.

شیرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی نەوت وگازی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەگەر ئاڵۆزی لە گەڕوی هورمز ڕووبدات، شڵەژاویەکی زۆر دەکەوێتە دۆخی ئابوری عێراقەوە”.

.

ئەو پەرلەمانتارەى کوردستان وتیشی، ناتوانین پێشبینی بکەین حکومەتی عێراق دەست بۆ بودجەى هەرێم دەبات یاخود نا؟، تا ئێستاش هەرێمی کوردستان نەوتەکەی خۆی دەفرۆشێت، هیچ بڕە نەوتێکیش ڕادەستى حکومەتی عێراق نەکردووە.

.

لە نوێترین لێدوانیشدا، نوێنەرى ئەمیندارى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جنین هێنز، ئاماژەى بەوەکردووە، ئاڵۆزییەکانى گەروى هورمز گەر لە دەست دەرچن کاریگەرییان تەنها لەسەر ئێران و ئەمریکا نابێت، بەڵکو ناوچەکە بەگشتى و عێراق بە تایبەتى توشى زیانێکى گەورە دەبن.

.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل