fbpx
Shadow Shadow

هەواڵی ڕاستەوخۆ

ناس کورد هەوڵى حکومەت بۆ کەمکردنەوەى ئاشکرادەکات

لەیەکەکانى نیشتەجێبوون نرخى کارەبا نزیکەى 20 هێندەى نرخى حکومییە [تایبه‌ت]

22:07 یه‌ك شه‌ممه‌ 26 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد –

 

حکومەتى هەرێم و وەزارەتى کارەبا دەیانەوێت نرخى کارەباى موه‌لیدەى یەکەکانى نیشتەجێبوون کەمبکەنەوە، بەوپێیەى “نرخێکى زۆر” لە دانیشتوانەکانیان وەردەگیرێت، کە نزیکەى 20 هێندەى نرخى کارەباى نیشتیمانییە.

.

لە هەرێمى کوردستان بەسەدان پڕۆژە و شارى نیشتەجێبوون بونیان هەیە کە سەدان هەزار کەسى تێدا دەژین، ئەو پڕۆژانە بەهەردوو کارەباى نیشتیمانى و موه‌لیدەوە 24 کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت.

.

موه‌لیدەى پڕۆژەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە دادەنرێن و خاوەندارى دەکرێن کە پڕۆژەکانیان دروستکردووە، ئەو کارەبایەش کە دەدرێت بە دانیشتوانەکەى هاوشێوەى کارەباى نیشتیمانییە، بە پێچەوانەى گەڕەکەکانەوە کە لەسەر بنەماى ئەمپێر کارەبا دەدەن بە هاوڵاتییان.

.

نرخى کارەبا لەیەکە نیشتەجێبووەکان جیاوازە، بەگشتى لەنێوان 150 بۆ 280 دیناردایە بۆ هەر کیلۆواتێک، لەکاتێکدا نرخى هەر کیلۆواتێک کارەباى نیشتیمانى تەنها 15 دینارە و نرخى هەر کاتژمێرێک موه‌لیدەى گەڕەکەکان 35 بۆ 40 دینارە.

.

زۆرى نرخى کارەباى موه‌لیدەى یەکە نیشتەجێبووەکان، ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و حکومەتى هەرێمى هێناوەتە سەرخەت و دەیانەوێت بڕیارى کەمکردنەوەى نرخەکان بدەن.

.

بڕیارە ڕۆژی (سێشەممە، 28ی کانونی دووەمی 2020)، لەباڵەخانەی وەزارەتی کارەبا، کۆبونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی کارەبای سەرجەم پارێزگاکان و وەزارەتی کارەبا و نوێنەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی نرخی کارەبای ئەو موه‌لیدە ئەهلیانەی کە کارەبا بۆ سیتییەکان دابین دەکەن.

.

ڕێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند “پێشتر چەند جارێک پێشنیازمان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ نرخی کارەبای ئەو موه‌لیدە ئەهلییانە بدۆزرێنەوە کە کارەبا بۆ سیتییەکان دابیندەکەن، چونکە پارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکانیان وەردەگرن و نرخەکە زۆر زیاترە لە نرخی کارەبای نیشتمانی”.

.

وتیشى “زۆرینەی موه‌لیدە ئەهلییەکانى سیتییەکان نرخی هەر 1 کیلۆواتێکیان بە 250 دینار دیاریکردووە، ئەوەش گەورەترین کێشەی بۆ دانیشتوانی ئەو شارانە دروستکردووە”.

.

بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دوو پێشنیازى خستووەتەڕوو، چاوەڕوانى ئەوەیە وەزارەتى کارەبا و ئەنجومەنى وەزیران یەکێکیان پەسەند بکات.

.

رێکەوت زەکی باسی لەوەکرد، پێشنیازى یەکەمیان ئەوەیە، هەر یەک کیلۆواتێک بڕی لەسەدا 5% بۆ لەسەدا 7% قازانجى لەسەر دابنرێت واتە هەر کیلۆواتێک ئەگەر 100 دینار تێچووەکەی بێت، ئەوا خاوەن مۆلیدەکان 105 بۆ 107 دینار وەرگرن.

.

ڕونیشیکردەوە، پێشنیازی دووەمیش ئەوەیە کارەبای مۆلیدەی سەرجەم ئەو شارانە بدرێت بە وەبەرهێنەرێک یان چەند وەبەرهێنێک بۆ ئەوەی باشتر کۆنتڕۆڵی کارەبای ئەو یەکانە بکرێت و نرخەکان جێگیر بکرێن.

.

حکومەتى هەرێم ماوەیەکە دەستیکردووە بە رێکخستنەوەى نرخى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون، بەوپێیەى نرخى زۆر لە دانیشتوانەکانیان وەردەگیرێت، بۆ ئەوەش تا مانگى حوزەیرانى ئەمساڵى دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ وەرگرتنى پارەى خزمەتگوزاریی و کارەبا لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە و لەو کاتە بەدواوە خۆى بۆیان دابیندەکات.

.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ناس کوردی وت “لەسەر داواکاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم رۆژی سێشەممە ئەو کۆبونەوەیە ئەنجام دەدرێت، حکومەتی هەرێمیش هەستی بەو ئیستیغلالکردن و پارە زۆر وەرگرتنە کردووە لە شارە نیشتەجێبووەکان لەلایەن خاوەن موه‌لیدەکانەوە”.

.

وتیشى “ئەو مۆلیدە ئەهلیانە زۆرینەیان لەلایەن خاوەنی پڕۆژەی شارەکانەوە وەرگیراون و نرخێکی یەکجار زۆر وەردەگرن، حکومەتی هەرێم بۆ هەر کیلۆواتێک 15 دینار وەردەگرێت بەڵام لەو شارانە بەشێکی زۆریان لە 150 دینارەوە بۆ 280 دینارە و ئەوەش نرخێکى زۆرە، بۆیە کۆبونەوەکە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە ئەنجام دەدرێت”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل