Shadow Shadow

لەساڵیادی دامەزراندنیدا چی لە ناوخۆی یەکێتیدا دەگوزەرێت؟

20:44 شه‌ممه‌ 01 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد-
لە ساڵیادی 44 مینی دامەزراندنی یەکێتیدا، جەمسەرە جیاجیاكانی یەكێتی بەئاراستەی جیاجیا گوشار دەكەن و لەكاتێكدا قوباد تاڵەبانی پێداگریی لەسەر بەستنی كۆنگرە دەکات، لاهور شێخ جەنگی چووە کەرکوک و هەڕەشەی لە پارتی کرد، کۆسرەت ڕەسوڵیش بەشێوەی كاتیش بێت دەستبەرداری دۆستایەتی بوو لەگەڵ پارتی و بارزانی و گێڕانەوەی ئەو حیزبەی ڕەتكردەوە لەبارەی پێكهاتن لەسەر ناوی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری كەركوك.

.
لە ڕاگەیەندراوی ساڵیادی دامەزراندنیدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی كە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاری ئەو حیزبەیە ڕایگەیاند “جەخت لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک بۆ یەکێتی دەکەینەوە کە تەبایی و یەکڕیزی نێو ئەو حزبە بپارێزێت و پتەوی بکات”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ كۆنگرەیەكی تەوافوقی كە بارودۆخی سەرجەم باڵەكان لەبەرچاو بگرێت.

.
بەڵام قوباد تاڵەبانی كە كوڕی دامەزرێنەری ئەم حیزبەیە لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا بەڕەهایی پشتیوانی بۆ داوای ئەو ئەندام و کادرانەی یەکێتی راگەیاند کە داوای بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەکەن و لەپەیجی فەرمی خۆی هاشتاگێكی دانا بەناوی “#بەرەو_كۆنگرە”. قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، ” کۆنگرە بۆ بەھێزکردنەوەی یەکێتی، کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە ئۆرگانەکانی یەکێتی، کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی یەکێتی”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ناڕەزایەتی لەدۆخی ئێستای یەكێتی و سەركردایەتییە دەستبەكارەكەی كە وەها بڵاوە رێگرن لە ئەنجامدانی كۆنگرە.

.
بەپێی زانیارییەكانی ناس کورد-یش ئەم هەڵوێستە تایبەتەی قوباد تاڵەبانی درێژكراوەی هەڵوێستە دژەباوەكانییەتی لە سیاسەتەكانی حیزبەكەی كە دواترینیان پیرۆزباییكردن بوو لەنێچیرڤان بارزانی بۆ هەڵبژاردنی بە سەرۆكی هەرێم سەرباری بایكۆتكردنی فراكسیۆنی سەوز بۆ پرۆسەی دەنگدانەكە.

.
لەدەرەوەی مشتومڕی كۆنگرەش كە بابەتێكی كۆن و نوێیە، کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بەرگری لە هەڵوێستی حزبەکەی كرد بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕەتیکردەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی باسیان لە دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک کردبێت.

.
کۆسرەت ڕەسوڵ وتیشی، پاش ئەوەی ساردی کەوتە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییەوە، چاوی بە مەسعود بارزانی کەوتووە بەڵام باسیان لە دانانی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری کەرکوک نەکردووە.

.
ئەم هەڵوێستەی كۆسرەت ڕەسوڵ شتێكی تاڕادەیەك چاوەڕواننەكراوبوو بەو پێیەی لەناو سەركردەكانی یەكێتیدا پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ بارزانی و پارتیدا هەیەو هەر لەم میانەشەدا میدیای سێبەری پارتی كەوتنە هێرشكردنە سەر كەسایەتی كۆسرەت ڕەسوڵ و بەبەشداریكردن لە 16 ئۆكتۆبەر تۆمەتباریان كردو دۆسیەی “گەندەڵی” ژمارەی پاسەوانەكانیان هێنایە بەرباس.

.
لەلای خۆشییەوە لاهور شێخ جەنگی چووە کەرکوک و دۆخی کەرکوک و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی کردە بابەتی سەرەكی ساڵیادی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی بە ناڕاستەوخۆ هێرشی توندی کردە سەر پارتی، ئەو وتی، ” داوا لەو لایەنانە دەکەم کە بەبێ بەڵگە ماوەیەکی زۆرە تەخوین بە یەکێتی دەکەن واز لەو کارەبهێنن، ئەگەر بەڵگەیان هەیە بیخەنەڕوو، ئەگەرنا لە ئەمڕۆوە هەرکەسێک تەخوین بە یەکێتی بکات پێڵاوی لاستکی منداڵێکی کەرکوک دەخەمە دەمییەوە”.

.
لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند،”ئەوانەی لە دەرەوەی کەرکوکن و لە دوورەوە لە کۆشک و تەلارەکانەوە پەیامی ئاگرین دەدەن و فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن، بەڵام لەگەڵ حەشدی شەعبی دەست تێکەڵ دەکەن بۆ دانانی پارێزگارێکی حەشد بۆ ئەوەی جێگرەکەی بۆ خۆیان بێت، بەڵام ئامادە نین دەستبخەنە ناو دەستی کورد بۆ ئەوەی کەمێک بارودۆخی کەرکوک باش بکرێت”.

.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كە لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیە لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد، ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە کۆسرەت ڕەسوڵ گرت و وتی، “ناكرێت هه‌ندێك هه‌ڤاڵ چاره‌نووس و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك پێشكه‌ش به‌ حزبێك بكه‌ن و دواتر بێنه‌وه‌ له‌ناو خۆیان كێشه‌ی له‌سه‌ر دروستبكه‌ن.”

.
هاوکات لەبارەی بەستنی کۆنگرەشەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی، ” به‌شێك له‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی داوای به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن، جه‌ماوه‌ریش داوا ده‌كات، ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، جه‌ماوه‌ر داوا له ‌خۆمان ده‌كات كۆنگره‌ بكه‌ین ئه‌ی ئه‌وان داوا له‌كێ ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌توانن كۆببنه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی نیو سه‌عات بڕیار له‌ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ بده‌ن، نه‌وه‌ك بێنە سەر مه‌زاری مام و مزایه‌ده‌ بكه‌ن”.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل