fbpx
Shadow Shadow

لەساڵڕۆژى دادگادا..بایکۆتکردنى پارێزەران ئەردۆگان شەرمەزار دەکات

14:23 سێ شه‌ممه‌ 03 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد –

لقەكانی سەندیكای پارێزەرانی توركیا، داواکارییەکی رەجەب تەیب ئەردۆگان ڕەتدەکەنەوە و ئەو کارەش سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، توڕە دەکات.

.

ڕۆژی (دووشەممە 2ی ئەیلولی 2019) ژمارەیەک لقی سەندیكای پارێزەرانی توركیا، بایكۆتی ڕێوڕەسمی دەستپێكی ساڵی نوێی دادوەرییان كردوە كە لە كۆشكی كۆماری توركیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆگانەوە سەرۆک کۆماری تورکیاوە بانگهێشت کرابوون.

.

ماڵپەری ئەحوالی تورکی ئاماژەی بەوەداوە “52 لقی سەندیكای پارێزەران، كە لقەكانی هەریەكە لە گەورە پارێزگاکانی ئەنقەرە، ئیستانبوڵ و ئیزمیر لەخۆدەگرن و نوێنەرایەتی زۆرینەی پارێزەرانی توركیا دەكەن، ڕەتیانكردووەتەوە بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە، بكەن”.

.

ماڵپەرەکە باسی لەوە کردووە “تەنها 19 لە لقەكانی سەندیكای پارێزەران پێشتر ڕایانگەیاندبوو كە بایكۆتی ڕێوڕەسمی ساڵی نوێی دادوەریی دەكەن ئەگەر بێتو لە كۆشكی كۆماری بەڕێوەبچێت، بەڵام لەکۆی 79 نوسینگەی پارێزەران، 52 لق بەشداریان لە رێوڕەسمەكەدا نەكرد”.

.

ئینریك ساجكان، سەرۆكی لقی ئەنكەرەی سەندیكای پارێزەران بە رۆیتەرزی وت “ئامادەی رێوڕەسمی ساڵی نوێی دادوەری نەبووین كە لە كۆشكی سەرۆكایەتی بەڕێوەچوو، چونكە دەركەوتنی دەسەڵاتی دادوەری بەشێوەیەكی سەربەخۆ، بەقەدەر گرنگی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی بەشێوەیەكی كردەكی، بۆ ئێمە گرنگە.”

.

هاوکات ژمارەیەک ئەندامی سەندیکاکانی پارێزەران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ڕایانگەیاند :”بەشی هەرە گەورەی ئازادییەکان، مافە بنەڕەتییەکان و بە تایبەت ئازادی ڕادەربڕین و باوەڕ لە تورکیا لەناو براوە، ئەو مافانەش ماونەتەوە وەک منەت دەدرێت بەسەرماندا”.

.

ئەو ئەندامانەی سەندیکاکانی پارێزەران ڕەخنەیان لەوە کردووە، کە ئەو مەراسیمە لە کۆشکی سەرۆک کۆماری بەڕێوەدەچێت و باسیان لەوە کردووە “ئەردۆگان بنەڕەتى سەربەخۆیی دەزگاکانی پێشلکردوە، هەروەها دەستێوەردانەکانی ئەردۆگان لە کاروباری دەزگای داد و سەپاندنی هەیمەنە و دەسەڵاتی دادی تورکیای تێکداوە”.

.

لەدوای کودەتاکەی 2016ی تورکیا، سەرکوتکردنی مافی هاووڵاتیان و پێشلکردنی یاسا لە تورکیا زیادی کردووە و تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە کارمەند، سەرباز و پلەدارەکان، پارێزەران، نوێنەرانی پەرلەمان و ئەندامانی پارتە کوردییەکان زیندانی کراوون و تا ئێستاش بەردەوامە و بەم دواییانەش سێ سەرۆک شارەوانی گەورە شارەکانی باکوری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە لە کارەکانیان دوورخرانەوە و قەیوم لەجێیان دانران، هەروەها لە نوێترین ڕوداویشدا ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری و دامەزرێنەری ئاکپارتی وازهێنانی خۆی لە حزبەکەی ڕاگەیاند و حزبێکی نوێی دروستکرد.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل