fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

بەرپرسێکى کورد: پێویستە عەلاوى بکشێتەوە

لەدوا ساتەکانى بێهیوابونیدا عەلاوى ئامادەیە گرەنتى بەلایەنە کوردییەکان بدات

22:41 یه‌ك شه‌ممه‌ 01 ئادار 2020
article image

ناس کورد-

 

لەدواین ساتەکانى بێهیوابونیدا بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى لە پەرلەمانى عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوى ئامادەیی نیشانداوە نوسراوێکى گرەنتى بۆ لایەنە کوردییەکان واژۆ بکات، ئەوەش بەوتەى ڕاوێژکارێکى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق.

.

ئەمڕۆ (یەکشەممە) بۆ جارى چوارەم کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى عەلاوى دواخراو و بەپێی وادەى دەستورى تەنها سبەینێی لەبەردەمدا ماوە بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى، ئەگەرنا دەبێت کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێردرێت.

.

ئەمین بەکر، ڕاوێژکارى سەرۆکایەتى پەرلەمانی عێراق تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند “محه‌مەد تۆفیق عەلاوى، کاندیدى ڕاسێپردراو بۆ کابینەى نوێى حکومەت ئامادەیە نوسراوێک بۆ حزبە کوردییەکان واژۆ بکات، لەسەر ئەوە ڕەزامەند بێت بەهەموو شێوەیەک گەرەنتى ڕێژەى بەشە بودجەى هەرێم و بودجەى پێشمەرگە و پارەى گەنمى جوتیاران و زۆر بابەتى تر پەیوەند بەهەرێمەوە چارەسەر بکات، بەڵام ئەوان دەست لەدانانى وەزیرى حزبى هەڵبگرن”.

.

لایەنە کوردییەکان کە پێکەوە خاوەنى 57 کورسی پەرلەمانى عێراقن، بەشێکى سەرەکین لە بەرەى دژ بە کابینەکەى عەلاوى، ئەوەش بەهۆى ناڕازیبوونیان لە دورخستنەوەیان لەدانانى وەزیرەکانى پشکى هەرێم لە کابینەکەى.

.

ڕاوێژکارەکەى سەرۆکایەتى پەرلەمان وتیشى”ڕەنگە ناوبراو شکست بخوات و نەتوانێت کابینەکەى پێکەوە بنێت و داواى لێبوردن بکات، بەڵام ئەگەر حزبە کوردییەکان کەمێک بیر لەبەرژەوەندى خەڵک بکەنەوە دەبێت بەو مەرجانەى ڕازی ببن”.

.

جگە لە لایەنە کوردییەکان، لایەنە سونییەکان و و بەشێک لە لایه‌نه‌ شیعەکانیش دژى کابینەکەى عەلاوین، بۆیە کابینەکەى بە هەڵواسراوى ماوەتەوە و دیار نییە روناکى دەبینێت یاخود نا.

.

ئەمین بەکر دەڵێت”بەشێکى شیعەکان ترسیان لەخراپتربوونى بارودۆخەکە هەیە و دەیانەوێت هەرچۆنێک و بەهەر نرخێک بووە کابینەکەى پێکبهێنرێت، بەڵام پارتى و یەکێتى و چەند هێزێکى سوننی بێ بوونى وەزیرى حزبى لەخۆیان ڕێگرى لەتێپەڕاندنى حکومەتەکە دەکەن”.

.

بەپێی دەستور، لەئەگەرى شکستهێنانى عەلاویدا، دەبێت سەرۆککۆمار کەسێکى تر بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێرێت، بەمەرجێک هەمان کەسى ئێستا نەبێت.

.

زیا پترۆس، ئەندامى شاندى هەرێم کە هەفتەى ڕابردوو لەبەغدا لەگەڵ عەلاویدا کۆبوونەوە ڕایگەیاند “بۆ جارى دووەم عەلاوى شکستیهێنا لەوەى کابینەکەى لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەى پێ بدرێت، تەنها 108 پەرلەمانتار ئامادەبوون بەدەستەى سەرۆکایەتیشەوە”.

.

هەروەها بە پێویستى دەزانێت عەلاوى داواى لێبوردن بکات و لەو ئەرکە بکشێتەوە و کەسێکى دیکە ڕابسپێردرێت “دەرکەوت هیچ لایەنێکى سیاسی ناتوانێت بەتەنها خۆى بسەپێنێت، بەڵکو تاکە چارەسەر تەوافوقە”.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل