fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

لێکۆڵینەوەکان لە “کوشتارگەکەى” مەیدانى سەدرەین لە نەجەف کۆتایى هات

17:59 پێنج شه‌ممه‌ 13 شوبات 2020
article image

ناس کورد- 

 

سەرچاوەیەکى ئەمنیی عێراقی ئاشکرایکرد، لێکۆڵینەوەى تایبەت بە کوشتارگەکەى مەیدانى سەدرەین لە شارى نەجەف کە تێیدا دەیان خۆپیشاندەر کوژران و بریندارکران کۆتایى هاتوە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکەى ئاشکرانەکراوە.

،

ئەو سەرچاوەیە بە “ناس”ى راگەیاند، ئەو لیژنەى لێکۆڵینەوەى نوسینگەى یاسین یاسرى، وەزیرى ناوخۆ پێکیهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکەى مەیدانى سەدرەین لەشارى نەجەف گەڕاونەتەوە بەغدا، ئەفسەرێکى سەربە وەزارەتى ناوخۆ کە پلەى لیواى هەیەو ناوى “حەمزە”یە سەرۆکایەتى لیژنەى لێکۆڵینەوەکەى کردوە، بەڵام تائێستا ئەنجامەکەى ئاشکرا نەکراوەو هیچ لێدوانێک لەبارەیەوە نەدراوە ، هەروەک کاتى ڕاگەیاندنیشى ئاشکرا نەکراوە.

،

سەر لەئێوارەى ڕۆژى 5ی شوباتی 2020، گروپێکى چەکدار هەڵیانکوتایە سەر مەیدانى سەدرەین لەشارى نەجەف کە خۆپیشاندەرانى تێدابوو، دەستیان کرد بە سوتاندنى خێوەتگەکان و ژمارەیەک خۆپیشاندەریش کوژران و برینداربوون، دواى دوو ڕۆژ لە روداوەکە مەرجەعى باڵاى ئایینى شیعە لە عێراق داواى لە هێزە ئەمنیە فەرمیەکان کرد کە مەیدانەکانى خۆپیشاندان بپارێزن و رێگری بکەن لە هەر دەستدرێژیەک بۆ سەر خۆپیشاندەران.

،

هەر دواى روداوەکە لوئەى یاسرى، پارێزگارى نەجەف ئاشکرایکرد، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەو روداوە پێکهێنراوە، داواشى لەسەرجەم هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئەمنی و خزمەتگوزاریەکان کرد کە ئارامى شارەکە و هاوڵاتیان بەتایبەتى خۆپیشاندەران بپارێزن و وردەکاریەکانى روداوەکە ئاشکرا بکەن، تەئکیدیشى کردەوە کە دواى کۆتایى هاتنى راپۆرتى لیژنەکە ئەو راپۆرتە ئاراستەى لایەنى دادوەرى دەکرێت بۆ سزادانى تاوانباران و کەمتەرخەمان، داواشى لە حکومەتى ناوخۆیى نەجەف کرد کە هاوکارى تەواوى لیژنەکە بکەن.

،

بەپێى زانیاریەکان ئەو هێزەى هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران کڵاوشینەکانى سەربە رەوتى سەدر بوون، دواى روداوەکەش موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتەکە هەوڵیدا بارودۆخەکە هێور بکاتەوە و یەکێک لە هەنگاوەکانیشى هەڵوەشاندنەوەى کڵاوشینەکان بوو، داواى لێکردن چیتر بەو ناوەوە بەشدارى خۆپیشاندانەکان نەکەن و لەکاتى چوونە مەیدانى خۆپیشاندانەکان واز لە لایەنگرى بهێنن، هەروەها رونیشیکردبوەوە کە چاوەڕێی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لەروداوەکە دەکات بۆ ئەوەى لەو بارەیەوە بڕیار بدات.

،

دواى راسپاردنى محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق، دوبەرەکى کەوتە نێو خۆپیشاندەران و کڵاوشینەکان کە ئەرکیان پاراستنى مەیدانەکانى خۆپیشاندان بوو، خۆپیشاندەران محەمەد تۆفیق عەلاویان رەتدەکردەوەو سەدریش راسپاردنى ناوبراوى بەهەنگاوێکى باش دەزانى و پشتگیرى خۆى بۆ دوپاتکردەوە، بەهۆى ئەوەشەوە خۆپیشاندەران سەدریان بە “ناپاک” وەسف دەکرد.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل