fbpx
Shadow Shadow

وەزیرێکى کوردى تێدایە

لێپرسینەوە یەخەى چوار وەزیرى عێراق دەگرێت

12:27 دوو شه‌ممه‌ 23 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

هەوڵەکان لە پەرلەمانى عێراق بۆ لێپرسینەوە لە چوار وەزیرى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى چڕکراونەتەوە، کە یەکێکیان وەزیرى داراییە و لە پشکى کوردە، لەکاتێکدا هێشتا ساڵێک بەسەر تەمەنى کابینەکەدا تێنەپەڕیوە.

.

هەوڵەکان بە ئاڕاستەى ئەوەیە لە وەرزى نوێی یاسادانانى پەرلەماندا کە ئەمڕۆ دەستیپێکرد بکرێنە کردار، ئەگەرچى تا ئێستا سەرۆکایەتى پەرلەمان داواى بانگهێشتکردنیانى ئاڕاستەى حکومەت نەکردووە و فراکسیۆنەکانیش بۆچوونى جیاجیان هەیە لەو بارەیەوە.

.

بەپێی بەدواداچوونى ناس کورد، ئەو چوار وەزیرە پێکهاتوون لە وەزیرانی کارەبا، دارایی، نەوت و گواستنەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتار لەسەر چەند دۆسیەیەک داواى بانگهێشتکردنیان کردووە تا وەڵامى پرسیارەکانیان بدەنەوە.

.

حازم مەجید ناجی، ئەندامی فراکسیۆنی نەسر لە پەرلەمانی عێراق، کە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند “لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێکی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تەنها داواکاری ئێمە نییە، بەڵکو دواکاری زۆربەی فراکسیۆنەکانی دیکەشە، لە هەمانکاتیشدا داواکاریەکی جەماوەرییە”.

.

وتیشی “داواکاری ئێمە لە ئێستادا بۆ لێپرسینەوەیە نەک بۆ وەرگرتنەوەی متمانە، بە بۆچوونی ئێمە دەبێت هەوڵبدەین هەڵەکان ڕاستبکەینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ حکومەتەکە بکەین، نەک ببین بە هۆکاری دروستکردنی ئاڵۆزیی و پشێویی “.

.

ئەندام پەرلەمانەکەی فراکسیۆنی نەسر لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستە ڕوو، داواکارییان بۆ بانگهێشتکردنی وەزیرانی کارەبا، دارایی، نەوت و گواستنەوەیان، پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و لە ڕوژانی داهاتوودا بە فەرمی ئەو وەزیرانە بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن.

.

هەر وەزیرێک کە پەرلەمانتاران داواى بانگهێشتکردنى دەکەن، دەبێت لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە داواکاریی بانگهێشتکردنى پێشکەش بە حکومەت بکرێت، دواى ئامادەبوونیشى لە پەرلەمان وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتاران دەداتەوە و ئەگەر جێگەى ڕەزامەندى پەرلەمانتاران نەبێت وەڵامەکان دەخرێنە دەنگدانەوە.

.

ئەگەر وەڵامەکانى وەزیرەکە جێگەى متمانەى پەرلەمانتاران بێت وەزیرەکە لە شوێنى خۆى دەمێنێتەوە، ئەگەریش جێگەى رەزامەندى نەبێت، پرسی لەکارخستنى دەخرێتە دەنگدانەوە.

.

تا ئێستا فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق هەڵوێستێکى یەکگرتوویان نیشاننەداوە لەو بارەیەوە، بەڵام کورد هەر لەسەرەتاى پێکهێنانى حکومەتەوە تا ئێستاش جەخت لە پشتیوانى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى دەکاتەوە.

.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە ناس کوردی ڕاگەیاند “هەوڵەکان بۆ بانگهێشت و لێپرسینەوە لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لەئارادایە، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە لە ناوپەرلەماندا نەبووەتە فەرمی “.

.

وتیشی “لە ماوەی ڕابردوودا هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو لە لایەن هەردووفراکسیۆنی حیکمەی سەربە عەممار حەکیم و نەسری سەر بە عەبادی دراوە، بەوپێیەی کە ئەو دوو فراکسیۆنە لە ئێستادا بەرەی ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژاردووە”.

.

شیروان میرزا، ئەوەشی خستە ڕوو، چوار وەزیری کابینەکەی عەبدولمەهدی، ئەگەری هەیە لەم وەرزەی پەرلەماندا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بنەوە، ئەوانیش وەزیرەکانی کارەبا، دارایی، نەوت و گواستنەوەن.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تائێستا هەردوو فراکسیۆنی سائیرون و فەتح کە گەورەترین بەرەی پەرلەمانین لە ناو پەرلەمانی عێراقدا ئەو هەڵوێستەیان لا گەڵاڵە نەبووە، بەڵام ئەگەر ئەوانیش بچنە پاڵ ئەو جوڵانەیەوە بە دڵنیاییەوە ئەو وەزیرانە لە کۆتایدا متمانەیان لێدەسەنرێتەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل