fbpx
Shadow Shadow

ئامارەکان و مێژوو لە بەرژەوەندى سورپۆشەکانن

لیڤەرپوول و مانسیتى لە یارییەکى ئاگرین ڕوبەڕوى یەک دەبنەوە

16:07 یه‌ك شه‌ممه‌ 10 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە کاتژمێر 7:30 خولەکی ئەمشەو بەکاتی هەولێر، بەهێزترین یاری ئەم وەرزەی خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا لەنێوان یانەی لیڤەرپووڵی پێشەنگی پریمەرلیگ و مانچستەرسیتی دووەمی خولەکە بەڕێوەبچێت، زۆرینەی ژمارەکانیش لە بەرژەوەندی یانەی سورپۆشەکانە.

,

هاندەرێکی زۆر لە سەرانسەری جیهان، کات دەژمێرن و چاوەڕوانن کاتی یارییەکە بێت و تەماشای شانۆگەرییە جەنگ ئامێزەکەی ئەو دوو زەبەلاحەی ئینگلتەرا  و ئەوروپا بکەن.

,

بەگوێرەی مێژووی نێوان هەردوو یانەکە، لە ڕابردوودا هەردوو یانە 213 یارییان بەرامبەر یەکتر ئەنجامداوە، لیڤەرپووڵ بەتەواوی باڵادەستی خۆی بەسەر سیتیدا سەپاندووە، بەوپێیەی 104 یاری بردووەتەوە، لە بەرامبەردا مانچستەرسیتی 56 یاری بردووەتەوە و لە 53 یاریشدا یەکسانبوون.

,

یارییەکە جگە لەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی دوو یانەی گەورە و ڕکابەری سەرسەختی خولەکەیە، لە هەمانکاتدا جەنگی نێوان دوو فەیلەسوفی تۆپی پێیە کە ئەوانیش گواردیۆلای ڕاهێنەری مانچستەرسیتی و یۆرگن کڵۆپی ڕاهێنەری لیڤەرپووڵە، کە کڵۆپ تاکە ڕاهێنەری تۆپی پێیە لە کۆی یارییەکاندا سەرکەوتنی زیاتری بەسەر گواردیۆلادا تۆمارکردووە.

,

هەردوو ڕاهێنەرەکە پێشتر 18 یارییان بەرامبەر یەکتر ئەنجامداوە و تیایدا، کڵۆپ لە هەشت یاریدا باڵادەستی خۆی بەسەر گواردیۆلادا سەپاندووە و لە حەوت یاریشدا گواردیۆلا سەرکەوتنی بەسەر تیپەکەی کلۆپدا بەدەستهێناوە و لە سێ یاریشدا یەکسان بوون.

,

میدیاکانی ئینگلتەرا پێکهاتەی هەردوو یانەکەیان بۆ یارییەکە دزە پێکرد و هەردوولا بە سەرجەم ئەستێرەکانیانەوە ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە.

,

لیڤەرپوول و مانسیتى لە یارییەکى ئاگرین ڕوبەڕوى یەک دەبنەوە

,

لەم وەرزەی خولەکەدا لیڤەرپووڵ بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە و تەنها بە یەکسانبوونێک دوو خاڵی لەدەستداوە و تائێستا لە هیچ یارییەکدا شکستی نەهێناوە، لە بەرامبەردا مانسیتی خاوەنی 26 خاڵە و دوو یەکسانبوونی هەیە و لە دوو یاریشدا شکستی هێناوە.

,

ئەگەر باس لە ژمارەکانی ئەم وەرزەیان بکەین، لە ڕووی هێرشبەرییەوە مانچستەرسیتی بەهێزترە کە 34 گۆڵی تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا لیڤەرپووڵ 25 گۆڵی تۆمارکردووە، لە ڕووی بەرگرییەوە پێچەوانەیە و لیڤەرپووڵ نۆ گۆڵی لێکراوە و بە بوونی ڤاندایک بەرگرییەکی پۆڵایینی هەیە، هەرچی مانسیتییە 10 گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

,

هاوکات مانچستەرسیتی لە 11 یاری ڕابردووی خولەکەدا 83 شوتی ئاڕاستەی گۆڵی تیپی بەرامبەر کردووە، لە بەرامبەردا یاریزانانی لیڤەرپووڵ 72 شوتیان ئاڕاستەی گۆڵی تیپی بەرامبەر کردووە، هەرچەندە ژمارەی شوتەکانی لیڤەر کەمترن، بەڵام 53.7٪ی شوتەکانی لیڤەر ڕووەو گۆڵ بوون، لە بەرامبەردا 50.9٪ شوتەکانی سیتی ڕووەو گۆڵ بوون.

,

هەموو ئەو ژمارانە کە لە بەرژەوەندی لیڤەرپووڵن و بە پشت بەستن بە پاڵپشتی هاندەرە سەرسەختەکانیان پێدەچێت کوڕانی کڵۆپ چانسی بردنەوەیان زیاتر بێت، بەڵام کارەکە هێندەش ئاسان نییە بۆیان، چونکە گواردیۆلاش نایەوێت لەوە زیاتر لە ڕکابەرەکەیان دووربکەونە کە جیاوازییان پێنج خاڵە و شەڕ بۆ ئەوە دەکات جیاوازییەکە کەم بکاتەوە بۆ دوو خاڵ.

,

,

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل