fbpx
Shadow Shadow

لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق بەدواداچوون بۆ  دۆسیەى نەوتى هەرێم دەکات [تایبەت]

20:12 شه‌ممه‌ 21 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

لەچوارچێوەى ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنى بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2020، لیژنەیەک لە پەرلەمانى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات و بەدواداچوونى ورد بۆ دۆسیەى نەوتى هەرێم دەکەن و دۆسیەى ئەمساڵ و ساڵانى رابردووى نەوتى هەرێم هەڵدەدەنەوە.

.

بەوتەى ئەندامێکى کوردى ناو لیژنەکەى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ ئەوەى کارى لیژنەکە دڵنیابوونەوەیە لە زانیارییە نەوتییەکانی هەولێر و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەرچاوڕونییەکە بۆ پەرلەمانى عێراق سەبارەت بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، ئەوەش بە مەبەستی  دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی  2020 ى عێراق.

.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”ئەم لیژنەیە بۆ بەرچاو ڕوونی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی نەوت وزەی پەرلەمانە بۆ ئەوەی بە وردی بزانرێت هەرێم ڕۆژانە چەند هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت”.

.

وتیشی، لیژنەکە چەند ڕۆژێکی دیکە دەستبەکاردەبێت، سەرەتاش لە بەغداوە دەست پێدەکەن و وردبینی  لە تۆمارەکانی هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق دەکەن و لەپاشان دێنە هەولێر بۆ وردبینی تۆمار و بەڵگەنامەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی  حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بەو بابەتە.

.

ناس کورد زانیوویەتى لیژنەکەى پەرلەمانى عێراق لە حەوت ئەندام پێکهاتووە کە دووانیان کوردن، لەماوەى 20 رۆژدا کارەکانیان تەواو دەکەن و ئەنجامى وردبینی و بەدواداچوونەکانیان دەکەنە راپۆرت و پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقى دەکەن.

.

پەرلەمانتارێکى عەرەبیش روونیدەکاتەوە، لیژنەکەیان لە ئایندەیەکى نزیکدا دەست بەکارەکانیان دەکەن و زانیاری دەربارەی چالاکی و قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆدەکەنەوە.

 

.

عەلی ئەلعبودی، ئەندامی لیژنەی نەوت وزەی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەو لیژنەیەى کە سەردانی هەرێم دەکات، بە ناس کوردی وت:”بەهۆی ئەوەی کاتێکی کەم ماوە لە پێش پەسەندکردنی بودجەی گشتی عێراق، لە ئێستادا لیژنەکە تەنها لێکۆڵینەوە لە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەکات لە بەرواری  یەکی کانوونی دووەمی 2019وە، ئەوەش بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2020 “.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی 2020ى عێراق، هەمان لیژنە بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2003ەوە هەتا کۆتایی ساڵی2019 .

.

ئەلعبودى پێشبینى ئەوەى کرد دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم هاوکارییەکی باشیان بکەن لە ئەرکەکەیاندا و جەختى کردەوە “دواجار کاری لیژنەکە  لە بەرژەوەندی گەلی عێراق و خەڵکی کوردستانە”.

 

ناس کورد بۆ وەرگرتنى بۆچوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ئەو بابەتە چەند جارێک پەیوەندى بە جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل