Shadow Shadow

له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم هێلکەی سپی نەما و هێلکەی سووریش بەش ناکات [تایبه‌ت]

15:44 شه‌ممه‌ 22 حوزه‌یران 2019
article image

ناس كورد-

بە چەند ڕۆژێک دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی هێلكه‌، هێلکەی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نەما و هێلکەی سووریش نەیتوانی خواستی ناوخۆ پڕبکاتەوە.

.

بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق، لەسەرەتای مانگی ڕابردوەوە، هاوردەکردنی بەرهەمی هێلکەی بیانی قەدەغە کراوە، لە هەرێمی کوردستانیش ماوەی 12 ڕۆژ بە بازرگانان درا تا پابەند بن بە بڕیارەکەوە، بەڵام ئێستا هێلکەی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نەماوە و هێلکەی سووری کێڵگە پەلەوەریەکانیش، بەشی پێویستی ناوخۆ ناکات.

.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ماوەی 10 ڕۆژە هیچ جۆرە هێلکەیەک لە دەرەوە هاوردە نەکراوە، ئەوەش بەئامانجی بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەتایبەت شارەکانی خوارووی عێراق، بەڵام بە چەند ڕۆژێک دوای بڕیارەکە، دەرکەوت بەرهەمی خۆماڵی، بەشی پێویستی ناوخۆ ناکات.

.

لەگەڵ تەواوبوونی هێلکەی سپیدا، هێلکەی سوور (کە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ناوخۆیە) نەیتوانی جێگەی هێلکەی سپی بگرێتەوە و خواستی خەڵکی پڕبکاتەوە، بەوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی هەرێم لە پەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

.

شاڵاو جەمال باسی لەوەشکرد، جگە لە قەدەغەکردنی هێلکە، باجیان لەسەر 28 بەرهەمی دیکە زیاد کردووە کە خۆیان لە سەوزە و میوە و قارچک و بەرهەمی ماسی دەبینێتەوە، هەر ئەوەش وایکردووە ئەو بەروبوومانە لەناوخۆدا نرخیان بەرز ببێتەوە و بڕیارەکەش تا 15/11/2019 بەردەوام دەبێت کە ماوەی دوو مانگە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

.

لای خۆیەوە، ڕزگار حەمە خدر، جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بە ناس کوردی وت، لە هەرێمی کوردستان پێنج کێڵگەی پەلەوەری هەیە کە هیچ کامیان ناکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، هەر ئەوەش وایکردووە، بەرهەمی هێلکەی سووری ئەو کێڵگانە بەشی ناوخۆ نەکەن و کەمتر بگەنە بازاڕەکانی سنووری سلێمانیش.

.

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە گوایا لە سنووری پارێزگای سلێمانی خواستی کەمتر لەسەر هێلکەی سوور هەیە، ڕزگار حەمە خدر ئەوەی پشتڕاستکردەوە و وتی، نەخواردنی هێلکەی سوور لە سلێمانی خەریکە وەک نەریتی لێدێت و هاووڵاتیان کەمتر دەیخۆن، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لە ساڵی 2005ه‌وە بەرهەمی هێلکەی سپی ئێرانی، دەهێنرێتە سلێمانی و خەڵکی زیاتر پێی ڕاهاتووە.

.

ئەو بەرپرسەی کشتوکاڵی سلێمانی، ئەمەی بە هەلزانی بۆ زیادبوونی خواستی خەڵکی لەسەر هێلکەی سوورو خۆماڵی کە لەهەموو ڕووەکانەوە دڵنیایی زیاترە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل