Shadow Shadow

لقى بانکێکى عێراقى لەسلێمانى دەکرێتەوە و هاوڵاتیان سودمەند دەبن لە وەرگرتنى پێشینەى پارە

13:09 سێ شه‌ممه‌ 09 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق بەردەوامە بۆ کردنەوەی لقێکی بانکەکە لەسلێمانی و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لە هەماهەنگیدان.

.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند، مەبەستیانە لقێکی سەرەکیی بانکەکە لە سلێمانی بکەنەوە کە ئێستا لە هەولێر لقێکی هەیە.

.

كردنەوەی لقی بانكی ناوەندی عێراق لە سلێمانی، دوای دابڕانێكی سێ ساڵە دێت لە نێوان بەغدا و هەولێر کە بەهۆی قەیرانی دارایی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ئەو لقانە داخران و لەئێستاشدا هەنگاوەكانی كردنەوە لقی ئەو بانکەی لە سلێمانی دواخستووە.

.

کردنەوەی لقی ئەو بانکە، پێویستی بە دابینکردنی زەوی و بینا هەیە، بەوپێیەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی و دوور مەودایە، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی لە پەیوەندیدان، بەڵام ماوەتەوە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و نیشاندانی ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم لەو بارەیەوە.

.

ناس کورد پەیوەندی بە عابد ساڵح، بەرپرسی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراقەوە کرد بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کردنەوەی لقی ئەو بانکانە لەسەر گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا ماوەتەوە.

.

بەوتەی هۆشیار عەبدوڵا، بەوپێیەی حکومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردوودا مامەڵەیەکی دەوڵەتداری لەگەڵ بانکەکان نەدەکرد و بەشێکی زۆر لە پارەی خەڵکی لەناو بانکەکان بردبوو، تا ئێستاش متمانەی هەرێم لای بانکەکان لەچوارچێوەی سیاسەتی نەختینەی عێراق زۆر جێگیر نییە.

.

روونیشیکردەوە، ئەوە بەشێکی بابەتەکەیە و بەشی دووەمیشی پەیوەندی بە قۆرخکارییەوە هەیە کە هەندێک لەو بانکانەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەوانەی کە بانکی حزبی و کەسین، قۆرخی زۆر شتیان کردووە، هەر ئەوەش هەنگاوەکانی کردنەوەی لقەکانی ئەو بانکەی تاڕادەیەک دواخستووە.

.

“ئێستا لەسەر ئاستی هەردوولا تێگەیشتن و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی جارێکیتر سیستمی بانکی لەعێراقدا یەک بخرێتەوە، چونکە ئەمە کێشەیەکی ناوەندییە و گورزی کوشندەی داوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بەتایبەت هەرێمی کوردستان” هۆشیار عەبدوڵا واى وت.

.

لەئێستادا لەڕێگەی لقەکانی بانکی ڕافدەین و ڕەشیدەوە، چەندین ئۆفەر و قەرزی درێژخایەن بە فەرمانبەران و چین و توێژە جیاکان دەدرێت لە عێراق، نەبوونی لقی ئەو بانکانە لە هەرێمی کوردستان وایکردووە، بەشێکی زۆر لەو فەرمانبەرانەی کە سەر بە بەغدان، سوودمەند نەبن لەو تایبەتمەندیەی قەرزانە کە بانکەکانى عێراق دەیدەن.

.

بەوتەی هۆشیار عەبدوڵا، ئەو بابەتەش لە ئێستادا یەکێکە لەو دۆسیانەى کە گفتوگۆی جدییان لەسەرە لەنێوان بەغدا و هەرێم، بە بۆچوونى ئەو ئەم بابەتەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک هەنگاوەوە هەیە کە سەرەکیترینیان گێڕانەوەی متمانە و یەکخستنی کاروبارەکانیانە.

.

لەبارەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ یەکخستنەوەی سیاسەتی نەختینەیی و بانکی، هۆشیار عەبدوڵا وتی، ئەگەر بێتو حکومەتی هەرێم جدی نەبێت لەو بابەتەدا، دوو هۆکار هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە متمانەکە هێشتا نەگەڕاوەتە دۆخی جاران و دووەمیشیان بابەتەکە قۆرخکارییە، بۆ ئەوەی ئەو مامەڵەیەی کە دەکرێت، لەڕێگەی بانکەکانی خۆیانەوە بکرێت، واتە ئەو بانکانەی کە حزبی و کەسین.

.

دوای دەرچوونی یاسای بانكەكان لەعێراق، رۆژی (6ى ئادارى 2004) بانكی ناوەندی عێراقی دامەزراوە، لە گرنگترین كارەكانی، بەرپرسیارە لەدەركردنی كاغەزی دراو، سەقامگیركردنی نرخی دینار، پلاندانان، جێبەجێكردنی سیاسەتی دراو، ئیدارەكردنی یەدەگی دراوی بیانی‌ و زێڕ‌و رێكخستنی كەرتی بانكی لەعێراق.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل