fbpx
Shadow Shadow

هەواڵی ڕاستەوخۆ

تێپەڕاندنى کابینەکەى بووەتە مەحاڵ؟

لایەنەکان گرەو لەسەر کەوتنى عەلاوى دەکەن

10:21 چوار شه‌ممه‌ 26 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى، ڕەخنەکان بۆ سەرى چڕبوونەتەوە، دەوڵەتى یاسا دەڵێت تێپەڕاندنى کابینەکەى بووەتە “نیمچە مەحاڵ”، هاوپەیمانى هێزە سوننەکانیش پێیوایە عەلاوى دەستلەکاردەکێشێتەوە.

.

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکە کۆبێتەوە، لەناو دابەشبوون و ناکۆکى زۆرى لایەنەکاندا لەبارەى کابینەکە و کارنامەکەیەوە، ئەوەش چارەنوسى دەنگدان بە کابینەکەى بەنادیارى هێشتووەتەوە.

.

دابەشبوونەکە لەناو لایەنەکاندا بەئاشکرا هەستى پێدەکرێت، لەناو شیعەکاندا بەرپرسانى دەوڵەتى یاسا و فەتح ڕەخنەى لێدەگرن.

.

جاسم محەمەد بەیاتى، سەرکردە لە دەوڵەتى یاسا بە ئاژانسى ئیرناى ئێرانى ڕاگەیاندووە، حکومەتەکەى عەلاوى یەکەم حکومەتى عێراقى دەبێت کە بە ڕوکەش حکومەتێکى سەربەخۆ دەبێت، بەڵام لەناواخندا ئەمە شتى زۆرى هەڵگرتووە.

.

پێشیوایە هۆکارى نیگەرانى بەشێک لەلایەنەکان لە وشەى سەربەخۆ، ئەوەیە هەندێک لە کوتلەکان هەوڵدەدەن کارەکانى خۆیان ڕاى بکەن، بەناوى سەربەخۆوە کەسانى تر دابنێن بۆ پۆستەکان.

.

سەرکردەکەى دەوڵەتى یاسا دەڵێت، “سەرۆکوەزیران ناوى وەزیرەکانى بە نهێنى لەدەستی خۆیدا هێشتووەتەوە و ئاشکراى ناکات، ئەوەش بووەتە هۆى نیگەرانى زیاتر لەلایەن سوننە و کورد و شیعە و تورکمانەوە، بەو هۆیەشەوە تێپەڕاندنى کابینەکەى قورسە لەم بارودۆخەدا و بووەتە نیمچەمەحاڵ”.

.

جەختیشدەکاتەوە، تەواوبوونى ڕێژەى یاسایی و تێپەڕاندنى حکومەت لە کۆبوونەوەى پێنجشەممەدا خەریکە دەبێتە مەحاڵ، بەتایبەتى دواى پەیامەکەى عەلاوى کە بە زمانێکى هەڕەشەئامێز قسەیکردووە.

.

عەلاوى دوێنێ لەتویتێکدا ڕایگەیاندبوو، گوێبیستى پلانێک دەبن بۆ شکستهێنانى تێپەڕاندنى کابینەکەى، لەرێگەى پێدانى پارەى زۆر بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەى کۆبوونەوەى پەرلەمان نهێنى بێت .

.

بەوتەى بەیاتى، ئەو دۆسیەیە پرسەکەى ئاڵۆز کردووە، لەبەرئەوەى پەرلەمان سکاڵایەکى دژى عەلاوى بەرزکردووتەوە بەتۆمەتى تۆمەتبارکردنى پەرلەمان.

.

باسى لەوەشکردووە، پەیوەندییەکەى مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە عەلاوى جۆرێک بووە یاریکردنى شەیتانیانەى ئەمریکا، بۆ شکاندنى رێژەى یاسایی کۆبوونەوەى پەرلەمان، لەبەرئەوەى کورد و سوننە رێککەوتوون لەسەر دەنگدنەدان بە کابینەکەى، ئەوەى ماوەتەوە شیعەیە، ئامانجى پۆمپیۆش بۆ دروستکردنى ناکۆکى بووە لە ماڵى شیعەدا.

.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێش محەمەد غەبان، سەرۆکى کوتلەى فەتح کە خاوەنى 48 کورسییە لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، عەلاوى کاندیدێک بووە کە زۆربەى کوتلەکان ڕەزامەند بوون لەسەرى، بەمەرجێک کابینەکەى سەربەخۆ بێت و بەرنامەى حکومەتەکەى پابەندبوون بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى تێدا بێت.

.

وتیشى، “بەڵام عەلاوى لە بەرنامەکەیدا بەشێوەیەکى ڕوون بەڵێنى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى تێدا نییە، ئەوەش پێچەوانەى ڕێنماییەکانى مەرجەعیەت و داواکارییەکانى گەلە”.

.

بەپێى دەستورى عێراق، کابینەى حکومەت بە دەنگى زۆرینەى ڕەهاى بەشداربووانى دانیشتنى پەرلەمان واتە نیوە+1 تێدەپەڕێت، نەک زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمان کە ژمارەیان 329 کەسە. ئەگەر کەمترین ئەندام ئامادەبوو بۆ تەواوکردنى نیسابی یاسایی دانیشتنەکە کە دەکاتە 166 ئەندام، ئەوکات 84 دەنگ بەسە بۆ متمانەدان بە کابینەکە، بەپێی ماددەى 76ى دەستور.

.

فالح عیساوى، وتەبێژ بەناوى هاوپەیمانى هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکایەتى محەمەد حەلبوسى ڕایگەیاند، “عەلاوى پێش کۆبوونەوەى پەرلەمان دەستلەکاردەکێشێتەوە، کوتلە سیاسییەکان دەستیانکردووە بە گەڕان بەدواى جێگرەوەیدا”.

.

وتیشى، “چەند ناوێک پێشنیازکراوە بۆ سیناریۆى دواى کشانەوەى عەلاوى، لەناویاندا دوبارە کاندیدکردنەوەى ئەسعەد عیدانى کە جێگەى ڕەزامەندى هەموانە”.

.

ئەسعەد عیدانى کاندیدى هاوپەیمانى بنیادنان بوو، بەڵام لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراقەوە کاندیدکردنى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران ڕەتکرایەوە.

.

سەباح عەگیلى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون بە ڕۆژنامەى سەباحى ڕاگەیاند، “ناکۆکییەکان لەسەر پێکهێنانى حکومەت بەردەوامە و تا ئێستاش لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە چارەسەر”.

.

وتیشى “ئێمە لەگەڵ ئاڕاستەکەى عەلاویداین بۆ دانانى وەزیرى سەربەخۆ”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل