fbpx
Shadow Shadow

لادانی پاشگری ئیسلامی ھۆکارێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە؟!

17:19 یه‌ك شه‌ممه‌ 21 ته‌موز 2019
article image

بیروڕا- دڵشاد گەرمیانی

.

یان کردنەوەی دەرگای لادان و دڕینی پەردەی شەرم و شەرع پشت گوێ خستنە؟

.

سەرەتا ڕوی قسەکانم لەبەڕێز م.علی باپیر نیە، ئەمە بابەتێکی کۆنەو بەڕێزیان وەک شتی عام باسیان لێوە کردوە، دۆست و دۆژمن ئەو دەناسن، کەپیاوێکی ئیسلامیە و ھیچ شتێکی ئیسلامی لاشەرم و پێ عەیب نیە.

.

دێمە سەر باسەکەم :

.

ئەگەر لادانی ئەو پاشگڕە ئیسلامیە، لەحەقیقەت و واقعدا نەک بەوەھم و خەیاڵ، ھۆکارێکی سەرکەوتن و ئۆمێدێکی بەھێزتر بێت، بۆ زوتر گەڕانەوەی حاکمیەتی شەریعەتی خودا و، بەدیھێنانی ئامانجە شەرعیەکانی تری کۆمەڵ و لەئێستاشدا بوبێتە بەربەستێک لەڕێگەی گەورەبون و فراوان بونی کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوە لادانی کارێکی پیرۆزە، بەمەرجێ داکۆکیکەرانی ئەو بیرە، بتوانن ڕاستی و دروستی بیردۆزەکەیان بسەلمێنن؟!

.

ئەگەر لادانی پاشگرە ئیسلامیەکەش، بەرنامەو دەستی ھەندێ لەو خەڵکە فکر نەخۆشە بەناو ئیسلامیە، بەسەروسیما و بەکردەوە عەلمانیانە بێت، کەلەناخدا خۆیان ڕوخاون و شتێک لەمێشکیاندا نەماوە، بەناوی ئامانجە شەرعیە ستراتیجیەکانی ھەر جەماعەیەکی ئیسلامی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی!؟ تەنھا بیریان لای ئەوەیە، دەنگەکان لەھەڵبژاردنەکان چۆن زیاد دەکات؟! وەک گوڵە بەڕۆژەیان لێ ھاتووە، چۆن ئەو ڕووی لە خۆرە و بەدەوریدا دەسوڕێ، ئەمانیش لەجیاتی ڕوو لەڕەزامەندی خودا، ڕویان لەدونیا و دڵی جەماوەر و دەنگدەرانە، بەچی و چۆن ڕازی دەکرێن ئەوە ئامانجی سەرەکیانە!؟

.

سەری زمان و بنی زمانیان باسی گەندەڵکارانە، کەچی خۆیان گەندەڵی لەپیشاندان و گیاندنی دینی خودا دەکەن، وەکو خۆی نایگەیەنن و ھەوڵ دەدەن لەگەڵ ویستی زۆرینەدا بیگونجێنن!!! شەرم لە پاشگری ئیسلامی و شانازی بەلەئامێزگرتنی دیموکراسیەوە دەکەن!!! پێیان شەرمە دیدی ئیسلامی لەسەر ھەموو باس و بابەتێک وەکو خۆی باس و بەیان بکرێت !!! بەڵکو دەیانەوێت جارێکیتر بەناوی خۆێندنەوەی نوێ، بۆ تەفسیرو ماناو مەبەستی ھەندێ لەدەقەکانی قورئان و سونەت، بەلێکدانەوە و تێگەشتی خۆیان و ھاوبیرەکانیان، جیاواز لەتێگەیشتنی ھاوەڵان و زانایانی پێشینی ھەرسێ سەدە زێڕینەکە، مانا و تەفسیر بکەن و لەگەڵ سەردەم و دونیای خۆیاندا بیگونجێنن؟!.

.

ئەو جۆرە دیدو ئاکارو بیکردنەوانەشیان وای کردوە ، گومانی ئەوەیان پێ ببرێت ، مەبەستیان لەلادانی ئەم پاشگرە ئیسلامیە، کەمکردنە یان نەھێشتنی ھەیمەنەی شەرع و لادانی پێوەرە شەرعی و ئیسلامیەکان بێت، لە کێشانە و پێوانە و ھەڵسەنگاندنی کردار و ھەڵسوکەوت و ھەڵوێستەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و داماڵینی بەرگ و ناسنامە ئیسلامیەکەی!

.

ھەنگاونان بەئاراستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە، لەم بارودۆخە ناسک و ھەستیارەی کۆمەڵ، شتێک نیە خەڵکی دیندارو دڵسۆزی کۆمەڵ بتوانێ بێ دەنگی لێ بکا، قبوڵکردنیشی لە قیادە و قەواعدە دڵسۆزەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ناوەشێتەوە ، وروژاندنیشی لەم کاتەدا باڵباڵێنێکی نەخوازراو دێنێتە کایەوە ! کۆمەڵ ھیچ پێویستی بەوسەرئێشە زیادەیە نیە!؟

.

ئەگەر ئێوە دڵسۆزی کۆمەڵن و لە خەمی سەرکەوتنیدان، دەبێ ئاگاداری ئەوە بن، سەرکەوتن و بردنەوە بەلای خەڵکی مەبدەئیوە: سەرکەوتنی بیروباوەڕ و پاراستنیەتی، نەبەزاندنی سنورەکانی و پابەند بونە پێیەوە، بەردەوام بونە لەسەری و لانەدانە لێی، مردنە لە پێناو سەرکەوتن و بەرز ڕاگرتنی دروشمەکانی.

.

بەلای خەڵکی بەرژەوەند پەرستیشەوە سەرکەوتن : سەلامەتی ڕۆح و جەستە و بەئامانج گرتنی سود و قازانج و زیادکردنی کورسی و دەسخستنی ئیمتیازاتە، لەھەرکوێ بێ و بەھەنرخێ بێ، بەبێ گوێدانە بیروباوە ڕو بەزاندنی سنورو بنەماکانی.

.

خەڵکی دڵسۆزی کۆمەڵ سەرکەوتنێکی دەوێ دین و بیروباوەڕەکەی تیایدا بەرز ڕاگیرابێ و جێگای شانازێ موسڵمانان بێ نەک پێچەوانەکەی.

.
لەگەڵ ئەوەشدا کە باسمان کرد بێگومان خەڵکانێکی دڵسۆزیش لەو نێوانەدا ھەن، کە نیەتیان پاکە و مەبەستیانە بەلادانی ئەوپاشگرە ئیسلامیە، جەماوەرێکی زیاتر ڕوو لەکۆمەڵ بکات و ژمارەی کورسەکانی زیاتر ببن، بەڵام ئەوانە جیاوازن لەوانەی کەئیشیان بەلادانی پاشگرە ئیسلامیەکە ھەیە، دەیانەوێت کۆمەڵیش وەک حزبە سیاسیەکانی تر کاربکەن و ھیچ قەید و بەربەستێک بەھۆی بوونی ناوی ئیسلامی لەسەر کۆمەڵ دەستیان نەگرێت و بەداماڵینی ئەو بەرگە و بەبیانوی بە جەماوەریکردنی کۆمەڵ و بەناوی کرانەوە و بەھیوای زیادکردنی دەنگ و کورسیەکان، خەڵکی نوێژنەکەر و پیاوی مەشروب خۆر و ئافرەتی بێ حیجاب لە ڕیزی ئەندامانی کۆمەڵ جێگەیان ببێتەوە!.

.

بەوەش زیاتر دەرگای ئینحراف و لادان دەکرێتەوە و پەردەی شەرمکردن پاش لادانی ئەو ناو و مۆرکە ئیسلامیە لەگەڵ تێپەڕبونی کات دەدڕێت و سەرپێچی و بێ شەرعی و بێئیلتزامی وردە وردە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە دەنگ و کورسیەکان کەئامانجی سەرەکیانە زیاد بکات!

.

خەڵک و لایەنی تری ئیسلامی ھەبون، کەسەردەمانێک بەھۆی پابەندی و ئیلتزامی زیاتریان بەدینەوە، ھەمو کەس شەرمی لێ دەکردن و سەر مەشقی بانگەواز و نوری ھیدایەتی خاڵک و ئومێدی زۆرینەی موسڵمانان بوون، بەڵام بەداخەوە پاش ئەوەی ڤایرۆسی کرانەوە لێیدان و، دەرگاری بیشەرعیان لەخۆیان کردو ەو ،(سەمع و تاعە) گوێڕایەڵی بەرپرس و براگەورەکانیان لەئەرکێکی شەرعیەوە کردە ھەوس بازی و کەوتنە ژێرکاریگەری ئەوخەڵکانەیان (کە ئێستا خەڵکانێکی ئێمە دەیانەوێ چاویان لێ بکەن)، ھەستان بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ و سەرکەوتن لەھەڵبژاردنەکان، ھەڵپەڕکیان لەسەرشاشەی تەلەفزون کرد و، سرودی ئەی ڕەقیب و تێکەڵاوی کوڕو کچیان حەڵاڵ و پیرۆز کرد و؟! بەوەش لەھەیبەتی خۆیان ھێنایە خوارو ڕابردووی خۆیان خستە ژێر پرسیار و دەرئەنجام کورسەکانیان کەمیان کرد و، زۆرێک لە خەڵک و جەماوەرە دیندارو دڵسۆزەکانی خۆیان ڕەنجاند.

.

نە ئەی ڕەقیبەکە دەنگی عەلمانیەکی بۆھێنان، نە ھەڵپەڕکێکەشیان ھیچ سودێکی ھەبو!

.

پاشان ئەم پاشکۆ ئیسلامیە لەئێستادا نەبارێکی گرانە ھەڵگرتنی پشتی ئێشاندبن! نەعەیب و شورەییەکە لەکەداری کردبن!

.

نەشتێکی نامۆیە تەنھا بەناوی کۆمەڵەوە لکابێ ! لەسەرتاسەری جیھاندا، حزبەکان بەشانازیەوە نسبەتی خۆیان دەدەنە لای جۆری سیستەمی حوکم ڕانی و فکر و بیروباوەڕە جیاوازەکانیان چ قەومی بن، یان دیموکراسی و شوسیالیستی و ھەر فکر و بیروباوەڕێکی تر، لەبەرانبەر ئەوانیشدا ئیسلامییەکان نسبەتی ئیسلامیان داوەتە لای خۆیان، ھەروەک چۆن زانایانی ئیسلام کاتی خۆی زاراوەی ئەھلی سونە و جەماعەیان لە بەرانبەر ئەھلی بدعە و فیرقە گومڕاکان دانا؟.

.

پەلەپەلیشی ناوێ، جارێ با دوو چوار ساڵی تر چاوەڕوان بین بزانین، بەرھەمی بیردۆزەکە، لای خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی کە کاک (ئارام قادر)ە ، چ بەرھەمێکی کرداری دەبێ؟ تا چ ڕادەیەک لەھەنگاوە ترسناک و موجازەفە خەتەرناکە سەرسوڕھێنەرەکەی سەرکەوتوو دەبێ و دەتوانێ ئاگربڕی خەرمانی کار و خزمەتی چەندەھا ساڵەی ڕابردوی لە کاروانی دینداری و بانگەواز و خواپەرستی، لەسوتان و پوچەڵ بونەوە بپارێزێ!.

.

ئەوکات ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی نزیک و زیندووتان ، لەپێش چاوو لەبەردەست دەبێ.

.

موسڵمانی ڕاستەقینە دەتوانێ سەدان جار موجازەفە بەڕوح و گیان و ماڵ و منداڵی خۆیەوە بکات، لەپێناو دینەکەی و سەرخستنی بیروباوەڕەکەی، بەڵام ناتوانێ و جورئەتی نیە موجازەفە بەدینەکەیەوە بکات بۆ ھیچ شتێکیتر…

.

لە کۆتایدا ئەوە دەڵێم: گریمان ئێمە ھەڵەین و ، ئەو بۆچونە تەواوە و کۆمەڵ بەو ھۆیەو بۆ ئەو مەبەستە، لەسەرقسەی ئەوبرایانەی کە بەویستی خۆیان ڕیشی خۆیان تاشی و ئێستاش دەیانەوێت بەگوێزانە کولەکەی خۆیان پاشگرە ئیسلامیەکەی کۆمەڵیش کە موڵکی ھەموانە بتاشن و چەند کورسیەک بەحسابی خۆیان بۆ کۆمەڵ زیادکەن.

.

دەپرسین : نەک چەند کورسی ئەگەر کۆی ھەموو کوسیەکانی پەرلەمان بەدەس بێنن؟ چ گرنتیەک ھەیە کۆمەڵ دەسەڵاتی ڕادەس دەکرێت؟!!

.

چ بەڵگە و نیشانە و دڵنیاییەک ھەیە وەکو ئیسلامیە سەرکەوتوەکانی میسرو جەزائریان بەسەرنایەت ؟!

.

ئەگەر ڕادەستیشیان کردن، ئایا ڕێگەدەدەن قورئان و شەریعەتەکەی خودا سەروەر بێ و ؟ دەستی دزو گەندەڵکاران ببڕن و دادگەری بچەسپێنن بەسەر خاڵکانێکدا، کە بەرپرسەکانیان خاونی ھێزی تایبەت بە خۆیانن و حزبەکانیان خاوەنی ھێزی سەربازین؟

.

کەواتە لەک اتێکدا کە ھیچ چەمان و گرنتیەک نەبێت بۆ پاش سەرکەوتن، کە خودا دەزانێ بەچەند چوار ساڵی تر دەبنە زۆرینە، ئەگەر ھەرچوارساڵە و دوو تا سێ کورسیەک زیادکەن و شکستی تێدا نەبێ ! باشە ئەم سەرابی دیمکراسیە ئەوە دەھێنێ ھەموو جوھدو ڕەنج و توانای ئیسلامیەکان لەو تورەکە دڕاوەی دیمکراسی بکەن و بەھەموو ھێزی خۆیانەوە بە ئاراستەی کۆڵانە بن بەستەکەی دیموکراسی ھەنگاو بنێن و ، ھەرڕۆژەو دیاردەیەکی ئیسلامی لەخۆیان داماڵن و ، تەمەنی خۆیان و ئەندامانیان لەخزمەت دیمکراسی و لەناو جەستەی گەنیودا بەسەربەرن و ھەموو شتێکی بەقوربان کەن؟ لەکۆتایشدا سەریان لەھیچەوە دەرچێ.

.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل