fbpx
Shadow Shadow

“لابردنی سیستمی بە ئەلیکترۆنیکردنی دادنوسی”.. وەڵامی وەزارەتى داد چییە بۆ ئەنجومەنى پارێزگاکان؟

14:07 شه‌ممه‌ 14 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

لەدوای جێبەجێکردنی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی فەرمانگەکانى دادنوسی و مامەڵەى عەریزەنوسەکان لەلایەن حکومەتى هەرێمی کوردستانەوە و بەرزبوونەوەى نرخەکەى، هەرزوو ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و عەریزەنوسەکان و ئەنجومەنى پارێزگاکانی لێکەوتەوە.

.

ڕۆژى سێشەممە 10ی ئەیلولی 2019 ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بەمیواندارى نوێنەرى فەرمانگەى داواکارى گشتى سلێمانى و بەڕێوبەرى لێکۆڵینەوەى دەستپاکى لە سلێمانى و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى دادنوسى پارێزگاى سلێمانى و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى دادنوسى بەکرجۆ، گفتوگۆیان لەسەر گرێبەستى وەزارەتى داد و کۆمپانیاى (INFORR) بۆ بە ئەلکترۆنى کردنى مامەڵەى دادنوسیەکان و داوایان لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و وەزارەتى داد کرد کە گرێبەستەکە هەڵبوەشێتەوە و پاشان پێداچوونەوەى بۆ بکرێت ، هەروەها پڕۆژەکە بەشێوازى کێبڕکێ بدرێتە کۆمپانیاکان و بەمەبەستى کەمکردنەوەى نرخ و لەپێناو بەرژەوەندى گشتى هاوڵاتیان.

.

زیاتر بخوێنەوە: خاوەنەکەى کوردە و پێشینە و ئەزمونی نییە.. زانیاری لەبارەى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنی دادنوسی [تایبەت]

زیاتر بخوێنەوە: سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گرانکردنی عەریزە نووسینمان  نییە

زیاتر بخوێنەوە: ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەوڵی ڕاگرتنی پڕۆژەی عەریزەی ئەلکترۆنی دەدات

.

نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەتی داد بە ناس کوردی ڕاگەیاند “ئەنجومەنی پارێزگاکان و لە نێوشیاندا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی ئەوەیان نییە کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی حکومەت بکەن و بڵێن نابێت لە پارێزگاکەی ئێمە جێبەجێ بکرێت بەڵکو تەنها دەسەڵاتی تانەدان و داوای پێداچونەوەیان هەیە”.

نەریمان تاڵیب ئاماژەی بەوەدا “ئەو پڕۆژەیە گرێبەستەکەی کۆتایی هاتوە و لە سەرجەم هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت بۆیە ئێستا ناکرێت هەڵبوشێتەوە و پێشتر زۆر گفتوگۆی لەسەر کراوە و حکومەت باشترین بژاردەی هەڵبژاردوە”.

.

وتەبێژی وەزارەتی داد باسی لەوەکرد “لە ئێستادا لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بڕی پارەی ڕسوماتی عەریزەی ئەیلکترۆنی لە 25 هەزار دینارە کەم کراوەتەوە بۆ 15 هەزار و تەنانەت بەشێک لە مامەڵەکان کەمتری لەو پارەیە ش لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت و مەرج نییە بۆ هەموو عەریزەیەک 15 هەزار وەربگیرێت”.

.

لەبارەی پەسەندنەکردنی داواکەیانەوە، محەمەد ڕەسوڵ، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت “ئێمە 28 ئەندامی ئەنجومەن ئەو پڕۆژەکەمان ڕەتکردەوە و داوامان کرد پێداچونەوەی پێدابکرێت و نرخی لە 15 هەزار دینارەکەشەوە کەم بکرێتەوە بۆ نرخێک کە نزیک بێت لە نرخەکەی ڕابردوی کە تەنها سێ هەزار دینار بوو، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێ نەگیرا لەکاتیکدا ئێمە نوێنەری خەڵکی سلێمانین”.

.

محەمەد ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەدا “ئەنجومەنی پارێزگا تاکە دەسەڵاتی لامەرکەزیە و دەبێت دەسەڵاتی بدرێتە دەستمان و هەر پڕۆژەیەکیش باش نەبوو بۆ شارەکە ڕەت بکرێتەوە، بەڵام ئەو ڕەتکردنەوەى داواکەمان لەلایەن وەزارەتی داد و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوکایەتییە بە ئەنجومەنی پارێزگای شارەکان”.

.

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا باسی لەوەشکرد “ئەو سیستەمە پارەخواردن و گەندەڵییەکی زۆر تێدایە، پێشتر نرخەکە بە 25 هەزار بو خێرە ئێستا کردیان بە 15 هەزار، کەواتە ئەو کاتە 10 هەزار دیناریان تەنها بە زیادە وەرگرتوە و من دڵنیام لەم پارەیەی ئێستاش کۆمەڵێک پارەی زۆر لە هاوڵاتیان بە ناحەق دەسەنرێت من وەکو خۆم پێم باشە نرخی عەریزە تەنها پێنج هەزار دینار بێت چونکە لە سەرجەم ئەو پارەیە تەنها دوو هەزار و 500 دینار دەدەنەوە بە عەریزەنوسەکان و هەروەها کەمتر لە هەزار دیناریشی بۆ حکومەتە و ئەوەی تری بۆ کۆمپانیاکەیە کە قازانجێکی زۆر ماددی دەکات”.

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل