Shadow Shadow

یەكێتی و پارتی هاوڕان لەسەر ئەوەی پارێزگاری كەركوك كورد "تەعریب" دەكات

كورد لەكەركوك لەژێر هەڕەشەی “ڕاگواستن”دایە [تایبەت]

20:11 پێنج شه‌ممه‌ 16 ئایار 2019
article image

ناس كورد-وریا حسێن
یەكێتی و پارتی هاتوونەتە سەر ئەو ڕایەی ئەو دۆخەی ڕووبەڕووی كوردەكانی كەركوك دەبێتەوە پڕۆسەیەكی “تەعریب”ی ڕێكخراوە و لەلایەن پارێزگاری كەركوكەوە فەرمانی پێدەكرێت، بەڵام تائیستا كۆك نین چۆن دۆخەكە چارەسەر بكەن.

.

لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا هێرشكردنە سەر ماڵە كوردەكان بەشێوەیەكی ڕێكخراوە بەڕێوەدەچێت، لەلایەك لەگوندی پەڵكانە هۆزە عەرەبەكان فشاریان بۆ ماڵە كوردەكان هێناوە بۆ ئەوەی ئەو گوندە چۆڵ بكەن، هاوكات هەر ئەمڕۆش بەفەرمانی پارێزگاری كەركوك لە گەڕەكی “عەرەفەی موسەیزە” هێزە ئەمنیەكان چەند خانوویەكیان ڕووخاندووە.

.

عەدنان كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك بێ دوودڵی بڕوای وایە پارێزگاری كەركوك بێگوێدانە هیچ شتێك دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی “تەعریب”ی ناوچە كوردییەكان و هەموو دەسەڵاتەكانی لەو بوارە بەكاردەهێنێت و وتی “ڕاكان جبوری و دارودەستەكەی لەلای ئێمە تۆمەتبارن بە (جینۆساید و تەعریب) و كەسێكی شۆڤینیە و هەموو بڕیارەكان لە نوسینگەكەی ئەوەوە دەردەچێت”.

.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە پێویستە دۆخی كەركوك بەو شێوەیە قبوڵ نەكرێت و پێشنیار دەكات لە بەغداوە فشارەكان زیاتر بكرێت، وتیشی “پێویست بوو هەموو فراكسیۆنەكان هەڵوێست وەربگرن، با لەناو پەرلەمانی عێراق مانبگرن”.

.

لەكاردانەوەی ڕووداوەكانی كەركوكدا پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی فەرمی خۆی لەڕێگەی جوان یونس سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئەو لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دوای سەپاندنی دۆخێكی بەزۆر سەپێنراو بەسەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بە تایبەت پارێزگای كەركوك، كورد لەو ناوچانە رووبەڕووی مامەڵەی نادەستوری دەبنەوە كە رەفتارەكانی رژێمی بەعسمان بیردەخەنەوە”.

.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە حزبی باڵادەستی كوردییە لە كەركوك، پێی وایە دۆخەكە هەم مەترسیدارە و هەمیش لایەنێكی سیاسی گەورەی دەكات.

.

ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەمان ڕای ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی هەیە لەوەی كە پارێزگاری كەركوك بەشێوەیەكی ڕێكخراو فشار بۆ كورد دەهێنێت و دەڵێت “پارێزگار كابرایەكی ڕاستگۆنییە و بێ بەڵێنە، بۆیە پێویستە ئێمە خۆپیشاندانێكی سەد هەزار كەسی بكەین بۆ ئەوەی وەڵامی كارەكانی پارێزگار بدەینەوە بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، كێ دەبێتە داینەمۆی خۆپیشاندان و كێ دەیكات؟”.

.

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێشی وایە سەرباری ئەو دۆخە ڕووبەڕووی كورد دەبێتەوە بەڵام كۆدەنگی نییە لەبارەی چارەسەركردنی دۆخەكەوە دەشڵێت “كورد ڕووبەڕووی پاكتاوێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەبێتەوە، تا ئەو پارێزگارە لەوێ بێت شیعەكان دەیانەوێت كەركوك ئیستغلال بكەن، بۆیە دەبێت هەردوولامان یەكێتی و پارتی بەغداد ئاگادار بكەینەوە ئەوەی دەكرێت بەرنامە بۆ داڕاێژراوە مایەی قبوڵكردن نییە”.

.

تا ئێستا رای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەبارەی ئەو پرسەوە دیارنییە، بەڵام بەڕای هەردوو ئەندامە باڵاكەی یەكێتی و پارتی لەكەركوك، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجومەنێكی خاوەن دەسەڵات نییە و ناتوانێت بڕیار لەبارەی كارەكانی پارێزگارەوە بدات.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل