fbpx
Shadow Shadow

"لە عێراق 10 هەزار خێزان قەرەبوو کراونەتەوە"

قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە؟

09:07 شه‌ممه‌ 27 نیسان 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم ڕایگەیاند، لە بەغدا زیاتر لە 10 هەزار قوربانی دەستی تیرۆر قەرەبووکراونەتەوە و قەرەبووەکە هەرێمیش دەگرێتەوە، بەڵام پێویستی بە لیژنەیەکە و لە هەرێم ئەو لیژنەیە پێکنەهێندراوە.

.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: “بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر، لە باشور و ناوەڕاستی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار خێزان قەرەبووکراونەتەوە”.

.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە هەرێم، وتەبێژی وەزاەتی شەهیدان ئاماژەی بەوەکرد، لە بەغدا لیژنەیەک  پێکهێندراوە تایبەت بەو پرسە و چۆنێتی قەرەبووکردنەوەکە، بەڵام لە هەرێم تا ئێستا ئەو لیژنەیە پێکنەهێندراوە بۆیە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لیژنەکە ڕێژەی قوربانیان و ڕێژەی بریندارییەکەیان و چۆنێتی قەرەبووکردنەوەیان دیاری دەکات.

.

“داوامان لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرەیاتی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر کرد، ئەو لیژنەیە لە هەرێمیش پێکبهێندرێت، ئەوانیش داوایان لێکردین نوێنەری خۆمان دیاری بکەین لە لیژنەکە، کە پێویستی بە نوێنەری هەندێک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی هەیە و ئێمە وەک وەزارەتی شەهیدان نوێنەرمان دیاریکردووە و چاوەڕوانین لیژنەکە پێکبهێندرێت”، فوئاد عوسمان وای وت.

.

بە وتەی وتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، خێزانی هەر شەهیدێک بە بڕی 50 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەوانەشی بریندارییەکەیان 75٪ زیاترە حسابی شەهیدیان بۆ دەکرێت لە قەرەبوو کردنەوەکەدا.

.

بە گورێرەى ئامارێکى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان، ژمارەى ئەو پێشمەرگانەى لە شەڕى داعشدا شەهیدبوون هەزار و 720 پێشمەرگەن، هەروەها هەزار و 729 پێشمەرگەى دیکە برینداربوون.

.

.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل