fbpx
Shadow Shadow

قاسم سوله‌یمانی كێ بوو؟ بۆ به‌شه‌هیدی زیندوو ناوده‌برا؟

15:37 هه‌ینی 03 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس كورد-

 

ئەو پیاوەى کە بەپڵنگەكه‌ى سوپاى پاسداران ناسرابوو و لەلایەن ڕابەرى باڵاى ئێرانیشەوە نازناوى شەهیدى زیندووى پێبەخشرابوو زۆر هاوکێشەى سیاسى و سەربازى ناوچەکەشى دەگۆڕى، ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، قاسمى سولەیمانى کێ بوو؟.

.

قاسم سولەیمانى لە 11ى ئازارى ساڵى 1957 لەشارۆچکەى ڕاپورى پارێزگاى کرمان لەخێزانێکى جوتیار لەدایک بووە.

.

لەتەمەنى گەنجێتى کارى لەچەند رێکخراوێکى تایبەت بەئاو کردووە ولەسەرەتاى سەرهەڵدانى شەڕى ئێران و عێراقدا پەیوەندى بەسوپاى پاسدرانەوە کردووە و کراوەتە فەرماندەى فەیلەقى 41ى ساروڵڵا دواتر ئەستێرەى بەختى سیاسى و سەربازى گەشاوەتەوە و بووەتە ناوێکى دیارى سەربازى لەناوچە سنورییەکانى ئێران لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەدا.

.

لەساڵانى نەوەدەکاندا کراوەتە فەرماندەى سوپاى پاسداران لەپارێزگاى کرمانى هاوسنورى ئەفغانستان و بەهۆى ئەزمونى سەربازییەوە توانیویەتى بەرەنگارى بەقاچاخبردنى مادە هۆشبەرەکان ببێتەوە.

.

ساڵى 1998 کراوەتە فەرماندەى فەیلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسداران لەشوێنى ئەحمەد وەحیدى.

.

کاتێک ساڵى 1999 ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى خوێندکاران لەسەردەمى محەمەد خاتەمیدا دەستى پێکرد، یەکێک بوو لەو 24 فەرماندە سەربازییەى کە نامەیەکیان بۆ خاتەمى نارد و تیێدا هەڕەشەى ئەوەیان کرد گەر بێتو حکومەت ئەو دۆخە چارەسەر نەکات ئەوا سوپاى پاسداران ڕووبەڕووى ئەو جوڵانەوەیە دەبێتەوە و کودەتاش به‌سەر سەرۆکدا ده‌كه‌ن.

.

دواى ئەوەى ساڵى 2007 یەحیا ڕەحیم سەفەوى لەپۆستى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران وازدەهێنێت سولەیمانى کاندیدێکى بەهێز دەبێت بۆ شوێنەکەى.

.

ساڵى 2008 دەکرێتە فەرماندەى تیمێکى ئێرانى بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنى عیماد مەغنیەى فەرماندەى سەربازى حزبوڵاى لوبنانى و لەهەمان ساڵدا نێوه‌ندگیرى لەنێوان شەڕو ناکۆکى سوپاى عێراق و سوپاى مەهدى بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدڕ دەکات.

.

دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا دەڵێت، سولەیمانى ڕاهێنانى بەچەند چەکدارێکى عەرەب کردووە  لەبۆسنە بۆ ئەوەى بیاننێرێت  بۆ ناوچە سنورییەکانى نێوان ئەفغانستان و ئێران لەساڵانى نێوان 1996 و 1997 کە لەو کاتەدا ئێران و بزوتنەوەى تاڵیبان ناکۆکییان هەبووە.

.

 

ساڵى 2011 لەلایەن ڕابەڕى باڵاى ئێرانەوە پلەکەى لەلیواوە بۆ فەریق لە سوپاى پاسداران بەرز دەکرێتەوە و نازناوى شەهیدى زیندووى پێدەبەخشرێت و بەفەرمانى خامنەیى سەرپەرشتى سیاسەتى دەرەوەى ئێران لەژمارەیەک وڵات لەوانە عێراق و لوبنان و ئەفغانستان دەکات و چەندین کادیرى تایبەتمەند لەکونسڵگەرى و باڵیۆزخانە و دەزگاکانى ترى ئێران لەناوچەکە دەخرێتە خزمەتیەوە.

.

بەپێى چەند زانیارییەکى دزەپێکراویش، ساڵى 2009 لەنوسینگەى جەلال تاڵەبانى قاسم سولەیمانى لەگەڵ هەر یەکە لەکریستۆفەر هێڵ و ژەنراڵ ڕایمۆند ئەدیرۆنۆ کە دوو بەرپرسى باڵاى ئەمریکا بوون لەعێراق کۆبووەتەوە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن ئەو بەرپرسەوە ڕەتکرایەوە.

.

ساڵى 2012 دواى ئەوەى بارودۆخى سوریا تێکده‌چێت، قاسم سولەیمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەو وڵاتە سەرپەرشتى میلیشیا چەکدارەکانى حزبوڵڵاى لوبنانى و عێراقیەکان لەشەڕێکى نزیک دیمەشق دەکات و دەتوانێت پاشەکشە بەچەند گروپێکى ئۆپۆزسیۆنى سوریا لەو ناوچەیە بکات.

 

.

دواى سه‌رهه‌ڵدانی داعش و کەوتنى موسڵ، قاسم سولەیمانى بەئاشکرا لەبەرەکانى شەڕى دژى داعش لەعێراق دەردەکەوت، بەتایبەتى لەشەڕى ئامرلى لەپارێزگاى سەڵاحەدین بەهێزیکەوە دەچێتە هاریکارى میلیشیا شیعەکان و هێزەکانى پێشمەرگە و گەمارۆى سەر ئەو ناوچەیە دەشکێنێت و بەپێى وتەى هادى عامریش گەر قاسم سولەیمانى نەبوایە ئەوا حکومەتى حەیدەر عەبادى بەخاک دەسپێردرا.

.

لەکاتى ناکۆکى و شەڕەکانى یەمەندا دواى دامەزراندنى هاوپەیمانى عەرەبى بەسەرۆکایەتى سعودیە دژى حوسییەکانى یەمەن، باس لەوە کراوە ناو بەناو قاسم سولەیمانى سەردانى بەرەکانى شەڕى حوسییەکان لەدژى سعودیە کردووە.

.

ساڵى 2016 لەپرۆسەیەکى سەربازیدا بەهاوکارى سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى بۆ سەر شارى فەلوجە دواى شەڕەکە لەلایەن لایەنگرانى حەشدى شەعبیەوە وێنەى نورى مالیکى و سولەیمانى پێکەوە لەبەرەکانى ئەو شەڕە بڵاو کرانەوە.

.

 

دواى ڕوداوەکانى ڕیفراندۆمەکەى هەرێم و 16ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک، لەلایەن هەندێ پارتی کوردییەوە قاسم سولەیمانى بەوە تۆمەتبار کرا کە سەرپەرشتى هێزەکانى عێراقى بۆ داگیرکردنى کەرکوک کردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن ژمارەیەکى حزبى کوردى ترەوە ڕەتکرایەوە.

.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) له‌ بۆردومانێكی ئه‌مریكا كه‌ كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی كرده‌ ئامانج له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه‌ له‌گه‌ڵ مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كوژران.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل