fbpx
Shadow Shadow

“قازانجی مانگانەى جگەرەی قاچاخ لە هەرێم 10 ملیۆن دۆلارە”

13:31 یه‌ك شه‌ممه‌ 26 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

عەلی حەمەساڵح چەند دۆسیەیەکی دیکەی لەسەر “گەندەڵی” خاڵە سنورییەکان و گومرگی هەرێمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها داهاتی مانگێکی هاوردەکردنی شتومەک بە قاچاخ لە باشماخەوە 25 ملیۆن دۆلارە و دەشڵێت، دەروازەی سنوری سمێلکا لەلایان کۆمپانیایەکەوە کۆنتڕۆڵکراوە و حکومەت دەسەڵاتی تێدا نییە.

.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: “خاڵە سنوریەکان بوونەتە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس و کەسێک و مانگانە تەنها قازانجی جگەرە 10 ملیۆن دۆلارە کە 80٪ی جگەرە بە قاچاخ دێت”.

.

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت: “بە نمونە ئەوەی لە خاڵی سنوریی سمێلکای نێوان هەرێم و سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) حومکمڕانە و بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت کۆمپانیای ستێرە نەک حکومەت، ئەو دۆسیەیەش بە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران وتراوە”.

.

لە نمونەیەکی دیکەدا، عەلی حەمەساڵح ئاشكرایکردووە: “ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشکنینێک تێناپەڕێت، قەبارەی ئەو قاچاخی جگەرە بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردووە، 80٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵدەکرێت، مانگێکە بە نوسراوی فەرمی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانمان ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامە.”

.

بەوتەی ئەو، بەراوردی ھاتنی جگەرە لە نێوان شەش مانگی کۆتایی 2018 بە شەش مانگی کۆتایی 2018، دەریدەخات مانگانە 200 ھەزار کارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت، بەوپێیەی جگەرەی هاتوو بە گومرگی باشماخدا لە شەش مانگی کۆتایی 2018، یەک ملیۆن و 692 هەزار و 226 کارتۆن بووە، بەڵام لە 2019 قاچاخی جگەرە دەستیپێکردووە و گومرگی فەرمی 80٪ کەمیکردووە، بەوپێیەی جگەرەی هاتوو لە شەش مانگی کۆتایی 2019، 322 هەزار و 547 کارتۆن بووە، واتە جیاوازی فەرمی گومرگی لەنێوان هەردووکیان، 54 ملیۆن و 780 هەزار دۆلارە.

.

هەر بە وتەی عەلی حەمەساڵح، تەنیا لە باشماخ، قازانجی مانگێکی قاچاخی ھێلکە و جگەرە و مەشروب و دوگ ٢٥ ملیۆن دۆلارە.

.

“ئەوەی دیومە، لوتکەی فەساد و گەندەڵییە و کۆی بەرپرسانی حکومەت لەم دۆسییەیە مەترسیدارانە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامە، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، ئەم 25 ملیۆن دۆلارە ھەموو مانگێک 25 قوتابخانەی پێدروستدەکرێت، ئەمە یەک ڕێگای گەندەڵیە”، عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.

.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە: “بەھۆی ئەم دۆسیەی خاڵە سنوریانە، فشارێکی ئێجگار زۆرمان لەسەرە بۆ ئەوەی بێدەنگ بین، بەنیەتی چاکسازی ھاتینە حکومەت، بەدڵنیای ئەگەر لە ڕێگا لەم تاڵانیە نەگرێت، بێدەنگ دانانیشین و ئەوانەی بەرپرسن لەم تاڵانیە و بە گرێبەست کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیایان کردە ملیۆنێر دەبێت دادگایی بکرێن، نەک دەستخۆشیان لێبکرێت”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل