fbpx
Shadow Shadow

فراکسیۆنە کوردییەکان چۆن لەکاندیدکردنى سودانی بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێ دەڕوانن؟

22:25 شه‌ممه‌ 14 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، لە پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ئێستادا و بە گوێرەى دەستورى عێراق تەنها سێ رۆژ ماوە بۆ دیاریکردنى کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە و بە گوێرەى رۆژنامەیەکى عەرەبیش بۆ ئەو پۆستە پێدەچێت بازەکە لەسەر شانى محەمەد شیاع سودانى بنیشێتەوە.

.

 

 

 

ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاوى کردەوە، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ڕێكکه‌وتنیان له‌سه‌ر محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق كردوه‌ و ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش، له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ڕاده‌سپێردرێت.

.

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى ناس کوردیش دەرکەوتووە شیاع سودانى کۆدەنگییەکى پەرلەمانتارانى کوردى لەسەرە و هەڵوێستى ئەو بەرامبەر بە کورد بە ئەرێنى دەزانن و بە کەسێکى دەزانن کە گەندەڵ نییە و دوورە لە شۆڤێنییەت.

.

جەمال شوکر، ئەندامى پەرلەمانی عێراق، لەفراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند:”سودانی پیاوێکی هاوسەنگە، تائێستاش تێبینی ئەوەی لەسەر نییە کە گەندەڵ بێت یاخود شۆڤێنی بێت”.

.

وتیشی:”ئێمە لەگەڵ هەر سەرۆکوەزیرانێکین کە بڕوای بە جێبەجێکردنی دەستور هەبێت”.

.

سەبارەت بەوەی ئایا تەچەند ئەگەری هەیە کورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات  بە سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی وتی :”ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی چاوەڕوانی بڕیاری سیاسی حیزبەکەی خۆمانیین، پێدەچێت هەموو  سەرکردایەتی حیزبە سیاسیە کوردییەکان ئاگاداری ئەو بابەتە بن”.

.

محەمەد شیاع سودانی لەدایکبووی ساڵی 1970ی بەغدایە. ماستەری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکاندا هەیە و یەکێک بووە لە سەرکردەکانی حزبی دەعوە. ئێستا بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبی دەعوە و دەوڵەتی یاسا ڕاگەیاندووە.

.

پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیش لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە لە95%ى پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کاندیدکردنی سودانیین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

 

سەلیم شوشکەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردى وت :”وەک فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی هیچ تێبینییەکمان لەسەر سودانی نییە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا کەس پرسی بە ئێمە نەکردووە دەنگ بەو پیاوە بدەین یاخود نا”.

.

شوشکەیی ئاماژەی بەوەکرد”سودانی لەڕووی کارگێڕییەوە ئەزمونێکی باشى هەیە بەو پێیەی کە ماوەیەک پۆستی وەزیری هەبووە لە حکومەتەکەی مالیکی و عەبادی”.

.

پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەی خستەڕوو “سودانی هەڵوێستی لە بەرامبەر کورد ئەرێنییە و پێیوایە پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق بەڕێژەی لە95% دەنگی پێدەدەن چونکە کەسێکی گەندەڵ نییە، هەروەها بەوەش ناسراوە کە کەسێکی بوێرە و دەست پاکە و تایفە پەرست نییە”.

.

سەلیم شوشکەیى ڕوونیکردووە، دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا بڕیارە لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی عێراق ڕاوێژ سەبارەت بەو پرسە بکەن.

.

هەرچی فراکسیۆنی پارتیشە لەو بڕوایەدان ئەستەمە سودانی بتوانێت لەم دۆخە هەستیارەدا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەربگرێت ئەگەر نێوەندگیرییەک لە خۆپیشاندەراندا نەکرێت.

.

دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ناس کوردی روونکردەوە :”عێراق بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت بۆیە ئەستەمە سودانی دەرفەتی ئەوەی هەبێت ئەو پۆستە وەربگرێت”.

.

وتیشى:”سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن سودانییەوە تائێستا بەفەرمی ڕاوێژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەکراوە، ئێمە پابەند دەبین بە بڕیاری سەرکردایەتی خۆمانەوە”.

.

“سودانی هیچ خاڵێکی نەرێنی لەسەر نییە و یەکێکە لە کەسایەتییە باشەکانی ناو پەرلەمانی عێراق” دانا جەزا وای وت.

.

سودانی ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، پێشتر لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادى وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بووە. لە 2010 بۆ 2014 لە کابینەی دووەمی مالیکی وەزیری مافی مرۆڤ بووە. لە ساڵانی 2009 -2010 پارێزگاری  میسان بووە و  لەساڵی 2014 پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بە وەکالەت بەڕێوەبردووە.

.
سودانی هەر لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ناوی هاتووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، خۆیشی هەر زوو ڕونکردنەوەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کاندیدی گەلە و کاندیدی هیچ حزبێک نیە.وەک ئامادەکارییەکیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانیش لە چەند ڕۆژی رابردوودا دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبی دەعوە و و فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ڕاگەیاند.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل