fbpx
Shadow Shadow

"حزبوڵا نامەی بۆ پەرلەمانتارە کوردەکان ناردووە"

فراکسیۆنە کوردییەکان ناچنەوە بەغدا.. حزبوڵا نامەى بۆ پەرلەمانتاران ناردووە

10:36 یه‌ك شه‌ممه‌ 05 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدات و تێیدا ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی عێراق و ئەمریکا تاوتوێ بکات، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ناس کوردیش، فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری دانیشتنەکە ناکەن.

.

دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 3ی کانونی دووەمی 2020 و کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەى فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی پەیوەندییەکانی لایەنە شیعییەکان و ئەمریکا بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشتووە و دەیانەوێت لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەربکەن.

.

پەرلەمانتارێکی کورد کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناکەن، چونکە ئەو پرسە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە و خزمەت بە گەلی عێراق ناکات.

.

وتیشی، هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە و بە کۆ دەنگی نەبووە، بەڵکو هەر فراکسیۆنێک خۆی بڕیاری داوە کە بەشداری بکات یاخود نا.

.

زیاتر بخوێنەوە: حزبوڵا‌ هەڕەشە لە پەرلەمانتارە کوردەکان دەکات.. “ناهێڵین قاچتان بخەنە بەغدا”

.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، ئەگەر بڕیارێکی لەوشێوەیە بدرێت بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا بارودۆخی عێراق هێندەی تر تێکدەچێت و لەڕووی ئابوریشەوە دەڕوخێت.

.

هاوکات سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق بۆ ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد: “زۆرینەی پەرلەمانتارە کوردەکان لە هەرێمن و فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری دانیشتنەکە ناکەن”.

.

وتیشی، تەنها ئەوان وەک “گروپی 15” یەک دوو نوێنەریان ناردووە، فراکسیۆنەکانى یەکێتی و پارتیش سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان ڕۆشتوون، بەڵام بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و دانوستان، نەک بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا.

.

سەرکەوت شەمسەدین ئەوەشی ئاشکراکرد کە: “حزبوڵای عێراق لەڕێگەی مۆبایلەوە نامەی بۆ زۆرینەی پەرلەمانتاران ناردووە و داوای لێکردوون: “بەشداری دانیشتنەکە بکەن و دەنگ بە دەرکردنی ئەمریکا بدەن لە عێراق بۆ ڕزگارکردنی وڵات و گەڕاندنەوەى سەروەرییەکەى”.

.

هاوکات، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵای عێراق پەیامێکی بۆ پەرلەمانتارە کوردەکان نارد و هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر بەشداری دانیشتنەکە نەکەن و دەنگ بە دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق نەدەن، ئەوا چیتر ڕێگەیان نادەن بچنەوە بەغدا و پێ بخەنە پەرلەمانی عێراقەوە.

.

بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد بە ناس کوردی وت: “ئێرە لوبنان نییە تا بتوانن وابکەن و پەرلەمان هی ئەوان نییە و هی خەڵکە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل