fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"سبەینێ عەلاوی ناوی 19 وەزیری کابینەکەى ئاشکرا دەکات"

فراکسیۆنە کوردییەکانی دەرەوەى پارتی و یەکێتی دەنگ بە کابینەکەى عەلاوی دەدەن (تایبەت)

14:13 هه‌ینی 21 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، گروپی 15 لە پەرلەمانی عێراق کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانی دەرەوەى پارتی و یەکێتین دەنگ بە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دەدەن ئەگەر دووشەممەى داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.

.

پەرلەمانتارێک لە گروپەکە کە لە فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، ئایندە، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هاوپەیمانی) کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت، “ئەگەر بە فیعلی کاندیدەکانی سەربەخۆ بن، ئەوە بڕیار دراوە دەنگی پێ بدەین.”

.

ئاماژەى بەوەشکرد، “بڕیارە سبەینێ عەلاوی ناوی 19 وەزیرەکە بۆ پەرلەمانتاران ئاشکرا بکات.”

.

زیاتر بخوێنەوە: گروپى 15 کێن و چۆن دروستبوون؟

.

هەر لەو بارەیەوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ڕایگەیاند، ئەگەر دووشەممە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوی بخرێتە دەنگدانەوە بە دڵنیاییەوە دەنگی پێدەدەن تەنانەت ئەگەر پارتی و یەکێتیش دەنگی پێ نەدەن.

.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی بە ناس کوردی ڕایگەیاند، ئێمە وەک فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە دەچینەوە بەغدا و دەنگ بە کابینەکەى عەلاوی دەدەین، گرنگ ئەوەیە ئەو پشکی کوردی داناوە، گرنگ نییە کێ دەکاتە وەزیر.”

.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتیشی، “عەلاوی بەڵێنی زامنکردنی موچە و پشکی بودجەى خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارەى گەنمی جوتیارانی داوە و ئەوەش بەشێک بووە لە مەرجەکانمان.”

.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەندامێکی شاندی لایەنە کوردییەکان بۆ بەغدا ڕایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوی بە ڕاشکاوی پێی وتوون ئەگەر ڕازی نین بە دانانی وەزیرەکان بەم شێوازە ئەوا دەتوانن دەنگ بە کابینەکە نەدەن یا بەشداری لە دانیشتنەکەی پەرلەمان نەکەن.

.

سەلیم شوشکەیی، ئەندامی شاندی لایەنە کوردییەکان بۆ بەغدا بە دەنگی ئەمریکای وتووە، عەلاوی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان وتوویەتی، “من هەر کابینەکە ڕادەگەیەنم، ئەمە قۆناغێکە بۆ گەڕانەوەی شکۆ و هەیبەت بۆ عیراق پێویستی پێیەتی و منیش پێویستم بە یارمەتی ئێوەیە ئەگەر یارمەتیش نادەن ئەوا دەتوانن ئەو سێ کورسیە وەزاریەی هەتانە بە بەتاڵی بەجێی بهێڵن.”

.

شوشکەیی دەشڵێت، “شاندە کوردییەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردووتر لە بەغدا چاوییان کەوت بە لایەنە عیراقیەکان و کاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق بەڵام بەهیچ جۆرێک ڕازی نییە ناوی کاندیدەکان لە لایه‌نه‌ کوردییه‌كان وەربگرێت کە بۆ ئەم قۆناعی گواستنەوە خەڵکی بێ لایەن کاندید دەکات کە دوو مەرجی تێدا بێت، دەست پاکی و شایستەبوون، لە ئێستادا زۆربەی ناوی کاندیدەکانی لای خۆی داناون وە ڕۆژی دوو شەممە بڕیاری داوە کۆبونەوە بکرێت بۆ پێکهێنانی کابینە نوێیەکەی.”

.

وتیشی، “لایەنە عیراقیەکان و کوردییەکانیش لەسەر ئەم پێداگریەی عەلاوی بۆ دانانی وەزیرەکانی کابینەکەی لەسەر بنەمای بێ لایەنی بونەتە دوو بەش، هه‌ندێكیان پێیان باشه‌، هه‌ندێكیان دژی ئه‌وه‌ن.”

.

سەلیم شوشکەیی ئاشکراشیکرد کە “کۆتا قسەی ئێمە بۆ عەلاوی لە کۆبونەوەکەدا ئەوەبوو كه‌ هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییە پێویستە ڕێز لە تایبەتمەندی بگیرێت و دیاری کردنی وەزیرەکانی بدرێتە دەست خۆی بەڵام عەلاوی ڕەتیکردەوە و تەنانەت ئامادە نەبوو گفتوگۆمان لەگەڵ بکات لەوبارەیەوە.”

.

شوشكه‌یی پێی وایە “ئێمە بەدەستی بەتاڵ نەگەڕاوینەتەوە، بەڵام دوو لایەنە سەرەکیەکە ئەوەی مەبەستی سەرەکیان بوو بەڵێ بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە، چونکە ئێمە تەنها داواکاریمان ئەوەبوو کە پشکی هەرێمی کوردستان کەم نەکرێتەوە، ئێمە نەچووبوین بۆ وەزارەت و بەشی حکومەت، داخوازی ئێمە داخوازی خەڵک بوو کە بریتی بوو لەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدەربێت لە ململانێ سیاسیەکان و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگیرێت و پارەی گەنمی جوتیاران بدرێت ئەوانیش هەموو ئەوانەیان قبوڵکرد.”

.

سەلیم شوشکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، “عه‌لاوی بە زاری خۆی بەڵێنی بەشاندی کوردی و ئەوان داوە کە موچەی فەرمانبەران بەدەربێت لەکێشە و ململانێ سیاسیەکان وە بابەتی گەنمی جوتیارانیش چارەسەربکات چونکە ستەمە لێیان کراوە و کێشە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی توانا چارەسەر بکات.”

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل