fbpx
Shadow Shadow

"قەیدی چییە یاریدەدەرێكی سەرۆكی هەرێم یان وەزیرێكی زیاتر بدەین بە یەكێتی"

فازڵ میرانی: قوباد تاڵەبانی دەبێتەوە بە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم

16:46 پێنج شه‌ممه‌ 04 نیسان 2019
article image

ناس كورد-

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت “ئەگەر یەكێتییەكان دیسان لێم توڕەنەبنەوە، كاك قوباد كە نیوەی هی ئێمەیە و نیوەكەی دیكەشی هی یەكێتی، هەر دەبێتەوە بە جێگری سەرۆكی حكومەت”.

لەمیانەی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەپەراوێزی بەشداریكردنی لەبۆنەیەكی پارتەكەیدا، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی “دامەزراندنی حكومەت و رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی دڵخۆشی خەڵكی كوردستان و یەكڕیزی كورد بەرامبەر بە پلانەكانی ناحەزانی كورد و كوردستان بەهێزتر دەكات”.

لەبارەی رۆڵی ئەوان لەرێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی، میرانی ئاماژە بەوە دەكات كە بەبەرپرسانی پارتەكەی وتووە قەیدی چییە ئەگەر یاریدەدەرێكی سەرۆكی هەرێم یان وەزیرێكی هەرێم یاخود وەزارەتێكی زیاتر بدەن بە یەكێتی و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە گرنگ ئەوەیە پێكەوە هەموو لایەنە سیاسیەكان بتوانن كوردستان بنیادبنێن.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی پابەندبوونی پارتەكەی بە رێككەوتنەكەی دوێنێ (چوارشەممە)ی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، دووپات كردەوە.
دوێنێ چوارشەممە 3ی نیسانی 2019 لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ” پاش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورستان، لە پەیوەندییەكی دۆستانە، گەشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش بۆ پێگەی یەكێتی لە سیستمی حكومڕانی و سەرۆكایەتییەكان و وەزارەت و دەستەكان”.

هاوكات سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوەردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: “بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئەم پۆستانەی پێدەدرێت: شەش وەزارەت و سێ دەستە و سێ بەرپرس لە ئەنجوومەنی ئاسایش، یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان و سێ نوێنەری حكومەتی هەرێم”، بەڵام تا ئێستا یەكێتی كاندیدەكانی بۆ ئەو پۆستانە یەكلایی نەكردووەتەوە.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل