fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

پلانى عەلاوى بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى ئاشکرا دەکرێت

عەلاوى کودەتا بەسەر کورد و سونەدا دەکات یاخود شیعەش دەکاتە دوژمنى خۆى؟

20:19 سێ شه‌ممه‌ 18 شوبات 2020
article image

ناس کورد – 

محەمەد تۆفیق عەلاوى سەرقاڵى ئامادەکاریەکانە بۆ تاقیکردنەوەى کۆتایی بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى لە پەرلەمان، ئەم ئەرکەش خاڵى نییە لە کێشە و ناکۆکیە سیاسیەکان و سەرچاوەیەکیش پلانى ناوبراو بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى ئاشکرا دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا کورد و سونە کابینەکە بە شێوەیەکی نافەرمی ڕەتدەکەنەوە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ گوتارە توندەکانیان لە هەڵکشاندایە.

.

زۆرینەى کوتلە سونى و کوردیەکان حکومەتەکەى عەلاوى ڕەتدەکەنەوە ئەوەش بەهۆى پشتگوێخستنى داواکارى و بۆچونەکانیان و کاتژمێر دواى کاتژمێر پێشکەشکردنى حکومەتى نوێ لە پەرلەمان نزیک دەبێتەوە و وتارى کوتلە سونى و کوردیەکانیش توندتر دەبێت.

.

سەرچاوەیەکى سیاسى ئاگادار بۆ “ناس” ئاماژەى بەوەدا، پلانى عەلاوى بۆ تێپەڕاندن حکومەتەکەى بەهەمان ئەو پلانە دەبێت کە عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى دەستلەکارکێشاوە جێبەجێى کرد بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى، ئەویش تەواوکردن و تێپەڕاندنى نیوەى کابینەکەیەتى و هێشتنەوەى ئەو وەزارەتانەى کێشەیان لەسەرە یان ئەو وەزارەتانەى کورد و سونە پێیان وایە پشکى خۆیانە.

.

سەرچاوەکە ئەوەشى وت، ئامانجى پلانەکە هەڵمژینى توڕەیى سونە و کورد و شەقامیشە، تیمەکەى عەلاوى پێى وایە تێپەڕاندنى نیوەى کابینەکەى و هێشتنەوەى وەزارەتەکانى تر هیوایەک دەداتە کوتلە کورد و سونیەکان کە ئەو وەزارەتانە هیچ نەبێت هەندێکیان بەدەستبهێنن، بەتایبەتى کە چەند ئاماژەیەک لە عەلاویەوە بۆ ئەو کوتلانە هەیە، بەتایبەتى لە بابەتى گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا و پشتگوێنەخستنى داواکاریەکانیان و وەرگرتنى بۆچونیان لە کابینەى نوێ.

.

بەپێى وتەى هەمان سەرچاوە، تیمەکەى عەلاوى بیر لە تێپەڕاندنى 12 یاخود 13 وەزارەت دەکاتەوە لە هەنگاوى یەکەمدا کە زۆرینەى وەزارەتە شیعیەکانن کە گڵۆپى سەوزیان بۆ داگیرساوە بۆ دانانى سەربەخۆکان بۆ ئیدارەدانیان.

.

چاودێرانى سیاسى پێیان وایە، پەنابردن بۆ ئەو پلانە هاوکار دەبێت بۆ هێورکردنەوەى بارودۆخى ئێستا بەڵام دوو ئەگەر هەیە ئەوانیش، یەکەم کودەتاى عەلاوى بەسەر ئەو کوتلانەدا لەدواییدا و پشتگوێخستنى داواکاریەکانیان یاخود جێبەجێکردنى هەندێکیان، لەوانەشە ئەو کوتلانە داواى گرەنتى لە عەلاوى بکەن بۆ بەدەستهێنانى وەزارەتەکانیان تا دەنگ بە کابینەکەى بدەن.

.

ئەگەرى دوەمیش ئەوەیە، ئەو پلانە پڕە لە مەترسى چونکە لەوانەیە کوتلە شیعیەکان بیر لەوە بکەنەوە کە دواخستنى بەشێکى کابینەکە ئامانج لێى پێدانى چەند وەزارەتێک بێت بە سونە و کورد، چونکە کوتلە شیعیەکان مەرجیان بۆ عەلاوى ئەوە بووە کە کورد و سونەش وەزارەت وەرنەگرن، ئەوەش واتاى ئەوەیە کوتلە شیعیەکان لەسەرەدا دەبن بۆ بەرهەڵستى کردنى کابینەکەى عەلاوى پێش ئەوەى لەدایک بێت.

.

عەلاوى پێى وایە، ئەو ڕێچکەیە فشارەکان لەسەرى کەمدەکاتەوە و پشتگیرى کوتلە شیعەکانیش لەدەست نادات لەتێپەڕاندنى کابینەکەى، کە ئەوەش بەردى بناغەى پێکهاتە حکومیەکەیەتى و تێپەڕاندنى وەزارەتەکانى تر لەدواییدا شتێکى سروشتیە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل