fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

چۆن وەزیرەکانى دیاریکردووە؟

عەلاوى کابینەکەى ڕادەستى پەرلەمان دەکات

10:25 شه‌ممه‌ 15 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

دوو ئەندامى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایدەکەن، محەمەد تۆفیق عەلاوى کاروبارە پێویستیەکانى بۆ پێکهێنانى کابینەکەى تەواو کردووە و ڕادەستى پەرلەمانى دەکات بۆ متمانە پێدانى.

.

سەلام شەمەرى پەڕلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لەڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 15ى شوباتى 2020 بڵاویکردووەتەوە ئاشکرایکردووە، محەمەد تۆفیق عەلاوى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ وەزیرەکانى کابینەکەى یەکلا کردووەتەوە و تەواوى کاروبارەکانى لەو بارەوە، بەرەو کۆتایى دەچن.

.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە کابینەکە نوییەکە لە کەسانى تەکنۆکرات پێکدێن و هیچ وەزیرێکى پێشووى تێدا نابێت، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنى داواکارى خۆپیشاندەران و خەڵکانى ناڕازى و هەروەها بۆ بەهەند وەرگرتنى داواکارییەکانى مەرجەعیەتیش لەو بارەوە.

.

شەمەرى باسى لەوەش کردووە، زۆربەى لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەدان و دەنگیش بۆ کابینەى نوێ دەدەن و بەپێى دەستورى متمانەى پێدەبەخشن.

.

پەڕلەمانتارەکەى هاوپەیمانى سائیرون، ئامادەبوونى پەڕلەمانتاران بۆ تەواوکردنى نیسابى یاساى و متمانەدان بەکابینەکە و کارنامەکەى کە لەگەڵ خواستەکانى خەڵکدا یەکدەگرێتەوە بەپێویست زانیوە.

.

عەلاوى کە ماوەى 15 ڕۆژە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانى حکومەت و هێشتا 15 ڕۆژى دیکەى لەبەردەمدا ماوە، کۆبوونەوەى لەگەڵ بەشى زۆرى لایەنە سیاسییەکان کردووە و دەیەوێت کابینەکەى زوو بنێرێتە پەرلەمان تا دەنگى لەسەر بدرێت.

.

محەمەد خالدى سەرۆکى فراکسیۆنى بەیارق خەیر لەپەڕلەمانى عێراق لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەت ڕایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوى کابینە وەزارییەکەى تەواو کردووە و ئامادەیە بیباتە پەڕلەمان بۆ ئەوەى متمانە وەربگریت.

.

لەبارەى میکانیزمى دیاریکردنى وەزیرەکانیشەوە، خالدى وتویەتى، عەلاوى نزیکەى 100 کەسایەتى لەسەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان بینیوە و 22 کەسى بۆ وەزارەتەکان دیاریکردووە، ئەوەش جگە لەوەى بۆ هەندێک وەزارەت چەند کاندێدیکى دیارى کردووە بۆ ئەگەرى متمانە وەرنەگرتن لەپەڕلەمانەوە تا ئەوەى بیانکاتە جێگرەوەیان.

.

خالدى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ناکۆکییەکانى ئێستا ناکۆکى نێوان پێکهاتەکانى عێراق نییە، بەڵکو ناکۆکییەکى حزبییە دەیەوێت هەژموونبکاتە سەر ڕەوتى سیاسیى، ئەوەش بێ گویدانە ئەو هەموو قوربانییەى کە لەماوەى چوار مانگى ڕابردودا خۆپیشاندەرانى عێراق پێشکەشیان کرد.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل