fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"ئاگادارم کردووەتەوە لە هاوکاریکردن لەگەڵ میلشیاکان"

عەلاوى دژی عەلاوی.. “هیچ یەکێک لە بنەماڵەکەمان بەو ڕێگەیەدا نەگەیشتووەتە پۆست”

09:28 چوار شه‌ممه‌ 19 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

محەمەد تۆفیق عەلاوى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت لەلایەن کەسە نزیکەکانى خۆیەوە ڕوبەڕووى ڕەخنەى توند بووەتەوە، سەربارى ڕەتکردنەوەى لە شەقام و ئەو ڕەخنانەى لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانەوە ڕوبەڕووى بووەتەوە.

.

عەلاوى کە سەرەتاى ئەم مانگە بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕاسپێردرا، ڕوبەڕووى شەپۆلێک ڕەخنە و ناڕەزایی بووەتەوە، بەهۆى ئەوەى پێشتر لە کابینە جۆراوجۆرەکاندا پۆستى هەبووە، کە ئەوەش بەلاى شەقامەوە قبوڵکراو نییە، هەروەها بەهۆى هەنگاوەکانییەوە بۆ دیاریکردنى کەسانى سەربەخۆ بۆ وەزارەکان روبەڕووى رەخنەى بەشێک لەلایەنەکان بووەتەوە.

.

جیاواز لەو ڕەخنانە، عەلاوى لەلایەن کەسە نزیکەکانى خۆیەوە، ڕوبەڕووى ڕەخنە بووەتەوە، لەسەرووى هەمویانەوە ئەیاد عەلاوى ئامۆزاى کە یەکێکە لە دیارترین سیاسەتمەدارەکانى عێراق و ماوەى خولێک سەرۆکوەزیران بووە.

.

ئەیاد عەلاوى کە ئێستا سەرۆکى هاوپەیمانی نیشتمانییە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، “عەلاوى کوڕى مامیەتى و زۆر خۆشیدەوێت، بەڵام ئاگاداریکردووەتەوە، لە هاوکاریکردن لەگەڵ میلیشیاکان و ئێران، کە ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ڕێگەى پێنادەین، هیچ کەسێک لە ئەندامانى بنەماڵەکەمان بەو ڕێگەیەدا نەگەیشتووەتە پۆست، لە حاکمەکانى سەردەمى مەلەکیی و دواتریشدا”.

.

محەمەد تۆفیق عەلاوى تەمەن (65) ساڵ، لەئێستادا بەتەواوەتى پشتیوانى دەکرێت لەلایەن هەردوو هاوپەیمانى فەتح و سائیرونەوە کە بەلایەنگرى ئێران دادەنرێن، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆى ئەوەى کە تەنها ئێران پێشوازى لە ڕاسپاردنى بکات بۆ پێکهێنانى حکومەت، بەڵکو پێش ئەو واشنتن پشتیوانى بۆ عەلاوى دەربڕى.

.

عەلاوى خولێک ئەندامى پەرلەمان و لەدوو کابینەى حکومەتدا وەزیر بووە، ئەیاد عەلاوى دەڵێت “من عەلاویم دروستکرد، ئەو پیاوێکى پاک و سەلامەتە”.

.

لەگەڵ ئەوەشدا پرسیار لەسەرکاندیدکردنى دروستدەکات و دەڵێت “بۆچى لەڕێگەى موقتەدا سەدرەوە کاندیدکرا، لەکاتێکدا ئێمە لە پێشتر بووین بۆ ئەوەى کاندیدى بکەین”.

.

دواى ڕاسپاردنى بۆ پێکهێنانى حکومەت، موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى سەدر “پێشوازى لەو هەنگاوە” کرد لەکاتێکدا خۆپیشاندەران دژى کاندیدکردنى وەستانەوە.

.
ئەمە یەکەمجار نییە عەلاوى ڕەخنە لە ئامۆزاکەى بگرێت، لەدواى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت چەند جارێک ڕەخنەى لێگرتووە، بەڵام ئەو وەڵامى ڕەخنەکانى نەداوەتەوە.

.

عەلاوى لەیەکەم کاردانەوەیدا لەدواى ڕاسپاردنى عەلاوییەوە ڕایگەیاندبوو، پێشوازى لە ڕاسپاردنى کەسێک ناکات کە مەیلى بۆ دەرەوەى عێراق هەبێت، لە ئاماژەیەکى ڕووندا بۆ لایەنگرى ئامۆزاکەى بۆ ئێران.

.

هەندێک وا لێکیدەدەنەوە کە رەخنەکانى عەلاوى لە ئامۆزاکەى پەیوەندى بەوەوە هەیە کە خۆى چاوى لە پۆستى سەرۆکوەزیران بووە، بەتایبەتى دواى ڕەتکردنەوەى کاندیدى هاوپەیمانى بنیادنان بۆ ئەو پۆستە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە.

.

هەندێکى دیکە پێیانوایە، ڕەنگە رەخنەکان پەیوەندى بەوەوە هەبێت کە محەمەد تۆفیق عەلاوى ڕاوێژى بە ئامۆزاکەى نەکردووە بۆ وەرگرتنى پۆستەکە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل