fbpx
Shadow Shadow

ناولێنانى لیستەکە بە ئیستفزازکردنى نەتەوەکانى تر دەبینن

عەرەب و تورکمان لە یەک لیستى حزبە کوردییەکانى شارى کەرکوک نیگەرانن[تایبەت]

22:00 هه‌ینی 13 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

بڕیارى یەک لیستى حزبە کوردستانیەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، کاردانەوەى پێکهاتەکانى ترى شارەکەى لێکەوتەوە، تورکمان دەڵێت ناونانى شارەکە بەکوردستانى بڕیارێکى پێشوەختەى بەموڵککردنى کەرکوکە و ئەگەرى دانوستان و پێکەوەژیان کەمتر دەکاتەوە، لایەنێکى عەرەبیش لەگەڵ پێکهێنانى یەک لیستى هاوبەشى هەموو نەتەوەکاندایە بۆ شارەکە.

.

ڕەعد ڕوشدى، ئەندامى فراکسیۆنى خدمەى تورکمانى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەناس کوردى ڕاگەیاند “بڕیارى لیستێکى یەکگرتووى حزبە کوردییەکان پەیوەندی بەکاروبارى کورد خۆیەوە هەیە و  بۆ ئێمە پاراستن و ڕێزگرتنى مافەکانى تورکمان و ئەوانى تر گرنگە، بەڵام ناوهێنانى کەرکوک بەشارێکى کوردى و بڕیارى پێشوەختە لەو بارەیەوە جۆرێکە لەئیستفزاز کردنى نەتەوەکانى تر”.

.

وتیشى، هەموو ناونانێک بۆ ئەم قۆناغەى ئێستاى کەرکوک لەوانە کوردستانى و تورکمانى و هى تر پێویست نین چونکە ئێمە سبەى بەرامبەر یەکترى دادەنیشین و دەبێت بەڕێککەوتنى نەتەوەکان شارەکە بەڕێوە ببەین ئەگەر پێشتر بڕیار بدەین ئەو کارە قورس دەبێت.

.

بەلاى ئەندامە تورکمانەکەى ئەنجومەنى شارەکەوە پێکەوە ژیان و خزمەتکردنى کەرکوک و بەشدارى هاوبەشى لەبەڕێوەبردندا گرنگترن لەپرسەکانى تر.

.

بەوتەى ئەو ئەندامەى فراکسیۆنى تورکمانى ئەوان سبەى دەبێت بەرامبەر بەیەکتر دابنیشن و ناوهێنانى شارەکەش بەناوى کوردستانیەوە واتا بڕیارێکى پێشوەختەیە کە کەرکوک موڵکى ئەوانە و ئەوەش بۆ دانوستان و ڕێککەوتن لەداهاتودا قورستر دەبێت.

.

ڕەعد ڕوشدى، جەختى کردەوە، تێبنیەکانیان لەو بارەیەوە دەگەیەننە فراکسیۆنە تورکمانیەکان لەپەرلەمانى عێراق و بۆ ئایندەى پرۆسەى هەڵبژاردنەکەش ڕەخنەو تێبینەکانیان دەخەنە بەرچاو.

.

لەسەر هەڵوێستى لایەنە عەرەبیەکانى ترى شارەکە بەرامبەر پڕۆسەکە و بڕیارى یەک لیستى حزبە کوردییەکان،  نەجات حسێن ئەندامى فراکسیۆنى ڕەوتى حیکمە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەناس کوردى وت” ئومێدەوار بووم پڕۆژەیەکى نوێ بۆ ئایندەى کەرکوک دابنرایە لەوانە یەک لیست بۆ هەموو نەتەوەکانى شارەکە نەک تەنها  بۆ نەتەوەیەک یاخود چەند حزبێک چونکە کێشەکانى کەرکوک بەو شێوەیە چارەسەر نابن”.

.

ئەندامەکەى ڕەوتى حیکمەى سەر بەعەمار حەکیم، لەو بڕوایەدایە بەرەنگارى فیتنەى تایفى و بەرژەوەندى حیزبى و دابینکردنى خزمەتگوزارى بەخۆ جیاکردنەوەى نەتەوەیەک لە نەتەوەکانى تر لەشارەکەدا  بەدینایەت.

.

نەجات حسێن رەتیکردەوە هیچ پیشنیارێک بۆ ئەوان کرابێت لەبارەى یەک لیستى سەرجەمى پێکهاتەکان، جەختى کردەوە “وەکو ڕەوتى حیکمە پێمانباشە بۆ شارێکى وەکو کەرکوک کە فرەنەتەوەییە یەک لیست بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکە هەبێت”.

.

بەوتەى ئەو، زۆربەى دەستکەوتە گرنگەکان بۆ خەڵکى لەو ڕێگەیەوە دێتە دى نەک دابەشبوون و فرە بەرەیی.

.

بەگوێرەى روانینى ئەندامەکەى رەوتى حیکمە، لەئێستادا نەتەوەکان لەکەرکوک لێک دەترسن، کورد لەعەرەب دەترسێت، عەرەب ترسى لەوەدا هەیە کە دوو ساڵە  خاوەن دەسەڵاتى شارەکەیە و پێیوایە گەر بێتوو کورد دەسەڵات بگرێتەوە دەست وەکو جاران مامەڵەى لەگەڵدا دەکات، تورکمانیش ترسى لەهەر دوو نەتەوەکە هەیە بۆیە هەر لایەک دەیەوێت خۆى لەهەڵبژاردنەکە دەربچێت بۆ ئەوەى ببێتە دەسەڵاتدارى شارەکە و ئەوانى تر .

.

جەختیشى لەوە کردەوە، دووبارە کردنەوەى ئەو ئەزموونە شکستى هێناوە چونکە کورد زۆرینەیە لەئەنجومەن و ئێستاش بارودۆخى کوردیش لەشارەکەدا خراپە بۆیە سیاسەتى زۆرینە و کەمینەى نەتەوەکانى  کەرکوک چارەسەرى دۆخەکە ناکات.

.

هەفتەى ڕابردوو حزبە کوردستانیەکانى شارى کەرکوک دواى کۆبونەوەیەکى هاوبەش و لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایان کرد بە یەک لیست بەناوى (کەرکوک کوردستانییە) لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگا کە بڕیارە مانگى نیسانى ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەشدارى دەکەن.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل