Shadow Shadow

عەبدوڵای حاجی مەحمود.. کاندیدی هەمیشەیى سۆسیالیست [تایبەت]

14:44 دوو شه‌ممه‌ 08 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد – شەهرام عەزیز

عەبدوڵای حاجی مەحمود، پەرلەمانتار و کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە کاندیدی حزبەکەى بۆ پۆستى وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کابینەى نۆیەم حکومەتى هەرێم دیاریکرا.

عەبدوڵای حاجی مەحمود، کە برای سکرتێری حزبەکەى، محەمەد حاجی مەحمودە، لە خولی پەرلەمانی 2009دا کاندیدی حزبەکەى بووە و دەرچووە، دواتر لە خولەکانی پەرلەمانیی 2013 و 2018دا دیسان کاندید حزبەکەى بووە و دواتر بووەتە سەرۆکى فراکسیۆن، لەئێستاداش کاندیدە بۆ پۆستی وەزیری شەهیدانی هەرێم.

.

کاندیدە هەمیشەییەکەی سۆسیالیست ڕەتیدەکاتەوە هیچ ڕەخنەیەک لەناو حزبەکەیدا لەوبارەیەوە هەبێت و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە ناو حزبەکەمدا هیچ ڕەخنەیەک نییە و هەمووان پشتگیرییان کردووم بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە، ئەگەر لە دەرەوەی حزبەکەشم ڕەخنە هەبێت ئەوا گرنگییان پێنادەم”.

عەبدوڵای حاجی مەحمود وتیشی، لە هەموو خولەکانی پەرلەماندا بە دەنگی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی کاندید بووە و بۆ ئەم جارەش هەر بە دەنگی ئەوان کاندید بووە بۆ بوون بە وەزیر.

.

عەبدوڵای حاجی مەحمود لە 9ی تەموزی ساڵی 1970 لە ناوچەی شارەزوور لەدایکبووە و بڕوانامەى ئامادەیی هەیە و جگە لە زمانی کوردی زمانەکانی عەرەبی و فارسی دەزانێت.

کاندیدکردنی ناوبراو بۆ زۆربەى پۆستەکان پرسیاری زۆری لەسەرە بە تایبەت کە ناوبرا برای سکرتێری گشتییە، پرسیاری جدیش ئەوەیە کە ئایا کەسێکى تر لە حزبەکەدا نییە کە شیاوی ئەو پۆستانە بێت بۆئەوەى دەستاودەستکردنی دەسەڵات ڕووبدات؟

.

بەختیار کەریم، وتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “کاک عەبدوڵڵا بە دەنگی هەموو ئەندامان کاندید کراوە بۆ ئەو پۆستە و هیچ کەسێک ڕەخنەی نەبووە لەسەر ئەوە، بەپێچەوانەوە ڕەخنەی ئەندامانی خۆمان بە هەند وەردەگرین”.

ئەو بەرپرسەی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە کەسی دیکەی شیاو لە ناو حزبەکەیاندا هەیە بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێک، بەڵام عەبدوڵای حاجی مەحمود جگە لەوەی برای محەمەدی حاجی مەحمودە، پێشمەرگەیەکی کۆنە و کادرێکی باڵای حزبەکەیانە، بۆیە ئەویان کاندید کردووە بۆ ئەو پۆستە.

.

عەبدوڵڵای حاجی مەحمود لە خولی سێیەمی پەرلەمان و ساڵی 2009 کاندیدی حزبی سۆسیالیست بوو بۆ هەڵبژاردنەکان و بووە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دواتر و ساڵی 2009 جارێکیتر کاندیدی ئەو حزبە بوو بۆ خولی چوارەمی پەرلەمان و دووبارە بووەوە بە پەرلەمانتار.

حزبی سۆسیالیست بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بە لیستێک بەشدارییان کرد و عەبدوڵای حاجی مەحمود کرایە سەرۆکی لیستەکە و کورسییەکان بەدەستهێنا و  و لەم خولەشدا بۆ جاری سێیەم عەبدوڵای حاجی مەحمود بووەوە بە پەرلەمانتار.

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل