fbpx
Shadow Shadow

عێراق هه‌وڵ ده‌دات هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم سنوردار بكات [تایبه‌ت]

21:41 چوار شه‌ممه‌ 25 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

دواهه‌مین لێدوانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ك هه‌وڵێك بۆ سنورداركردنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم لێكده‌درێته‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ دوو په‌رله‌مانتار له‌و بڕوایه‌دان به‌غدا به‌و جۆره‌ ناتوانێت ئه‌و كاره‌ له‌ هه‌رێم سنوردار بكات و رێگه‌یه‌كی تر بۆ ئه‌و پرسه‌ پێشنیار ده‌كه‌ن.

.

سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نابێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ له‌ 450 هه‌زار به‌رمیل زیاتر هه‌نارده‌ بكات.

.

به‌وته‌ی غه‌زبان له‌و 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، ده‌بێت هه‌رێم به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی سۆمۆ بكات و ئه‌وی دیكه‌ش بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان به‌كاربهێنێت.

.

پەرلەمانتارێکی لیژنه‌ی نەوت وغاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ عێراق هیچ میکانزمێکی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت هەرێمی کوردستان بەو بڕە نەوته پابەند بکات کە ئۆپێک بۆ عێراقی دیاری کردووە.

.

عەلی ئەلعبودی، ئەندامی لیژنی نەوت و غاز له‌ پەرلەمانی عێراق لەڕەوتی حیکمە، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند:” ئەزموونەکانی ڕابردووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم وحکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی نەوت، ئەوه‌ دەردەخەن کە ئەگەری زۆرە ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا سەرکەوتوونەبێت کە وابڕیارە لە ساڵی ئایندەدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

.

وتیشی، کێشە نەوتییەکانی هەرێم وحکومەتی فیدراڵ بە ڕێککەوتنی سیاسی چارەسەر ناکرێت، ڕێکخستنی پەیوەندییە نەوتییەکانی هەردوولا  دەبێت لە ڕێگەی یاسای نەوت وغازی عێراقەوە بکرێت کە ئەوە چەند ساڵێکە لەپەرلەمانی عێراق پەکی خراوە.

.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، حکومەتی عێراق ناتوانێت لە ئێستادا بەهیچ شێوەیەک هەرێم پابەند بکات بەو ڕێژەیە به‌وته‌ی ئه‌و “بڕێکی زۆر لە نەوتی هەرێم بەشێوەیەکی نایاسایی دەڕواتە دەرەوە ئەوەش لە ڕێگەی قاچاغەوە”.

.

ئێستا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیل نەوت هه‌نارده‌ ده‌كات، بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی نوێوە 250 هەزار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ ڕادەستی عێراق بكات بەو پێیە بێت حكومەتی عێراقیش لەساڵی 2020 بەردەوام دەبێت لەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان .

.

ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش، هەمان بۆچوونی پەرلەمانتارەکەی عێراقی هه‌یه‌ و له‌و بڕوایه‌دایه‌ ڕێکخستنی پەیوەندییە نەوتییەکانی هەرێم و بەغدا، دەبێت لەڕێگەی یاسای نەوت و غازی عێراقەوە ڕێک بخرێت.

.

شیرکۆ  جەودەت، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەناس کوردی وت:” ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی کە ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت بە بەرهەمی نەوتی عێراق هەژمار دەکرێت، بەڵام 200 هەزار بەرمیل نەوتەکە وەک ئەوە وایە بە قاچاغ بفڕۆشرێت”.

.

وتیشی، جگه‌ لەو 250 هەزار بەرمیله‌ی کە هەرێم ڕادەستی عێراقی دەکات،  هەرێم دەتوانێت زۆ ر لەوه‌ زیاتر بفڕۆشێت، عێراقیش ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەوە بکات.

.

ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان پەرلەمانی کوردستان روونیكرده‌وه‌ به‌ ده‌ركردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ چاره‌سەر ده‌كات.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل