fbpx
Shadow Shadow

ناس کورد وردەکاریی بڵاودەکاتەوە

عێراق تەمەنی خانەنشینی کەمدەکاتەوە..هەرێم بەنیازى چییە؟

20:20 سێ شه‌ممه‌ 15 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

حکومەتی عێراق بەنیازە لەئایندەیەکی نزیکدا تەمەنی خانەنشینی لە کەرتی گشتیدا ماوەى سێ ساڵ کەمبکاتەوە، حکومەتى هەرێم و پەرلەمانیش سەرقاڵى ئەوەن تەمەنى خانەنشینى لە یاساى چاکسازیدا دیاری بکەن.

.

بەپێی پێشنیازەکە، کە حکومەت لەو بارەیەوە ئامادەیکردووە، تەمەنى خانەنشینى فەرمانبەرانى ڕەگەزى نێر لە 63 ساڵەوە دەکرێتە 60 ساڵ و ڕەگەزى مێ-ش لە 58 ساڵیدا خانەنشین دەکرێن.

.

ئەگەر پێشنیازەکە پەسەند بکرێت، ڕاستەوخۆ ئەو فەرمانبەرە پیاوانەى لەدایکبووى ساڵانى 1957 و 1958 و 1959 ن خانەنشین دەکرێن، ئەو ژنە فەرمانبەرانەشى لەدایکبووى ساڵى 1961 بەرەو خوارەوەن خانەنشین دەکرێن.

.

ڕەشید عەدای، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەسری سەر بە حەیدەر عەبادی، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند “کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە 63 ساڵی وە بۆ 60 ساڵ بۆ پیاوان و 58 ساڵى بۆ ژنان، پڕۆژەیەکی حکومەتە و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەرداوە”.

.

وتیشی “تائێستا حکومەت پێشنیاری پڕۆژەکەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکردووە، نازانرێت دەقی پڕۆژەکە و شێوازی هەموارکردنەوەی یاساکە چۆن دەبێت”.

.

هەوڵەکەى عێراق بۆ کەمکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى لەکاتێکدایە، حکومەتى هەرێم سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژەى چاکسازییە لە خانەشینى موچە و دەرماڵە، کە یەکێک لە بڕگەکانى تایبەتە بە تەمەنى خانەنشینى فەرمانبەران.

.

زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند “خانەنشینی یەکێکە لە بڕگەکانی پڕۆژەی چاکسازی کە حکومەتی هەرێم  بەنیازە ئامادەیی بکات و بینێرێت بۆ پەرلەمان”.

.

وتیشی “لە ئێستادا چاوەڕێی حکومەتین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات، بەڵام تائێستا حکومەت تەنانەت ڕەشنوسیشی بۆ ئەو پڕۆژەیە  ئامادە نەکردووە”.

.

سەبارەت بە پڕۆژەیاسای خانەنشینی حکومەتی عێراق، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، وتی”عێراق بەنیازە تەمەنی خانەنشینی کەمبکاتەوە بۆ 60 ساڵی، مەبەستی عێراقیش لەو پڕۆژەیە بۆ پێدانی دەرفەتە بە دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆکان وکەمکردنەوەی ڕێژەی بیکاری”.

.

بەوتەى زیاد جەبار، “مەرج نییە هەر یاسایەک لە حکومەتی فیدراڵیەوە دەربچێت لە هەرێمی کوردستان کاری پێبکرێت، لە کۆتایدا پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر ئەوە دەدات”.

.

لیژنەیەکى هاوبەشى پەرلەمان و حکومەتى هەرێم تا ئێستا دوو کۆبونەوەیان کردووە لەبارەى پڕۆژەى چاکسازى لە خانەنشینى و موچە و دەرماڵە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکەیان ئامادەنەکردووە و ڕادەستى پەرلەمانیان نەکردووە بۆ تاوتوێکردنى.

.

ڕۆمیۆ هەکاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژەی چاکسازیی بەناس کوردی وت “لە ئێستادا داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە پەلە بکات لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، پەرلەمانیش سەرنج و بۆچوونی خۆی لە سەر بڕگەکانی ناو پڕۆژەکە دەربخات”.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل