fbpx
Shadow Shadow

عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەرفەتە نەك هەڕەشە

11:34 چوار شه‌ممه‌ 01 ئایار 2019
article image

-حكومەتی عێڕاق و كۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیی لە ئیمزاكردنی گرێبەستێكی ١٤ ملیار دۆلاریی نزیكبونەتەوە بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی كارەبای عێڕاق. پێشتریش سێ گرێبەستیان ئیمزا كردون بە گوژمەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار.

.

هەر دوێنێش كۆمپانیای ئێنی ئیتاڵیی گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی عێڕاق راگەیاند كە حەوت ملیار دۆلار لە كێڵگەیەكی وەبەرهێنان لە بەسڕە وەبەرهێنان دەكات. ئەوانە و دەیان گرێبەستی دیكەی گەورە لە عێڕاق لە پڕۆسێس دان و هەنگاوی زۆر گرنگی حكومەتی عێڕاقیین نەك تەنها بۆ نوێكردنەوە و چاككردنی كارەبای وێرانی وڵات و بەرەوپێشبردنی كەرتی نەوت و گاز، بەڵكو دروستكردنی دەرفەتێكیشە بۆ روبەڕوبونەوەی بێكاریی لە عێڕاق. پێویستە بپرسین هەرێمی كوردستان لە كوێی ئەو گرێبەستە زەبەلاحانەی حكومەتی عێڕاق دایە؟

.
– ئەندامانی كورد لە پارلەمانی عێڕاق دەتوانن فشار لەسەر حكومەتی عێڕاق دروستبكەن تا زمانی كوردیی لە قوتابخانەكان و زانكۆكانی عێڕاق بخوێندرێت. ئەمە دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی دەرچوانی زمانی كوردیی لە پارێزگاكانی عێڕاق ئیشیان دەستبكەوێت. گرنگیی ئەو هەنگاوە تەنها لە پەیداكردنی كار نییە بۆ دەرچوانی زمانی كوردیی، بەڵكو دەرفەتێكیشە پردێكی باشتر لەنێوان پێكهاتەكانی عێڕاق، بەتایبەتتریش كورد و عەڕەب دروستبكرێت.

.
عێڕاق بۆ هەرێمی كوردستان دەرفەتە. هەرێمی كوردستانیش بۆ عێڕاق هەروا. بەهێزبونی هەریەكێكیان لەڕوی ئابورییەوە، بەهێزبونی ئەویتریشە.

.
حكومەتی هەرێم لەلایەن پارتیی و یەكێتییەوە ئاراستە دەكرێت، زیاتریش پارتیی. رێكخستنی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ بەغداد لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە كەسیی، حیزبیی و بنەماڵەییەكانی ئەوان دایە. لە رێكخستنی پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد، نە حكومەتی هەرێم و نە خەڵكی هەرێمی كوردستان سەنتەر نین، بەڵكو بەرژەوەندییە ئابوریی، سیاسیی و حیزبییەكانی ئەو دو هێزە سەنتەرن. ئەمە هۆكاری هەرە سەرەكییە كێشەكان لەگەڵ بەغداد چارەسەر نابن.

.

دەستەڵاتدارانی هەرێمیش دەیانەوێت ئەو پەیوەندییانە هەر وا پڕ كێشە بن هەم بۆ ئەوەی عێڕاق وەك هەڕەشە لەسەر وجودی هەرێم نیشانبدەن و خەڵكی پێ بگەوجێنن، هەمیش بۆئەوەی لە هەناوی ئەو كێشانەدا باشتر بەرژەوەندییەكانی خۆیان بچەسپێنن و بەدەستبێنن.

.

تا خەڵك و حكومەتی هەرێم نەبنە سەنتەری نزیكبونەوە یان دوركەوتنەوە لە بەغداد، كێشەكان دەمێنن و بەغدادیش لەبری ئەوەی دەرفەتێكی زێڕێن بێت بۆ خەڵكی كوردستان، وەك دەكرێتە هەڕەشە.

.

کەمال چۆمانى

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل