fbpx
Shadow Shadow

عێراق؛ لەدواى دەستپێشخەرییەکەى سەرۆککۆمار چالاکوانان خۆپیشاندانەکان هەڵدەپەسێرن

09:05 سێ شه‌ممه‌ 08 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

 

ناس کورد-

ئاژانسەکانى هەواڵى جیهان بە گرنگییەوە باس لە دەستپێشخەرییەکەى بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لەبارەى خۆپیشاندانەکانى عێراق دەکەن و بەگوێرەى هەواڵى ئاژانسێکى دیارى عەرەبى لەدواى وتارەکەى سەرۆککۆمارەوە چالاکوانان بۆ ماوەى دوو هەفتە خۆپیشاندانەکان هەڵدەپەسێرن.

.

ئاژانسى هەواڵى ئەلجەزیرەى عەرەبى بڵاوى کردەوە “بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق دەستپێشخەرییەکى بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکانى عێراق خستەڕوو و بەوتەى چالاکوانان خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەى دوو هەفتە هەڵدەپەسێردرێت و تا ئەو کاتەش مەراسیمى ساڵڕۆژى کوژرانى ئیمام حوسێن لە شارى کەربەلا، کۆتایى دێت”.

.

لەدواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک لە خۆپیشاندانەکانى شارى بەغدا و شارەکانى ترى عێراق، شەوى رابردوو بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق وتارێکى پێشکەش کرد و تیایدا جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە “ئەوانەى داواى مافى خۆیان کردووە عێراقین، ئەوانەى پارێزگارییان لە دامەزراوەکانى حکومەت کردووە عێراقین، پێویستە دەست لەناو دەست برینەکانى عێراق چارەسەر بکەین”.

.

سەرۆککۆمارى عێراق وتیشی :”دەستەڵاتدارانى عێراق فەرمانى تەقەکردنیان دەرنەکردووە، بەهەدەردانى خوێنیش کارێکى ئازار بەخش بو، پێویست ناکات بگەینە ئەو قۆناغەى خوێنى گەنجەکانمان ببینین لە شەقامەکان”.

.

بەرهەم ساڵح ئاماژەى بەوەشکرد، گەندەڵى دارایی و کارگێڕى لە عێراق بوونەتە هۆى ئەوەى عێراق پێشنەکەوێت، هەروەها پشکپشکێنەى حیزبى واى کردووە ئەم دۆخەى ئێستاى عێراق جێنەهێڵڕێت و وڵاتەکە پێش نەکەوێت.

.

لە بەشێکى ترى وتارەکەیدا، سەرۆککۆمارى عێراق وتی، ئەوانەى دژى خۆپیشاندەران وەستاونەتەوە دووژمنى نیشتیمانن، دەبێت لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ ئەوەى ڕێوشوێنى توند بگیرێتەبەر دژ بەوانەى توندووتیژییان دژ بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە.

.

هەروەها سەرۆککۆمارى عێراق دستپێشخەرییەکى بۆ چارەسەرکردنى دۆخى عێراق خستەڕو، کە لە چەند خاڵێک پێکهاتبو، دیارترینیان “کردنەوەى دۆسییە بۆ دادگاییکردنى ئەوانەى توندووتیژییان دژ بە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، هەروەها دروستکردنى لیژنەیەک لە شارەزایانى بێلایەن بۆ ئەوەى لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کۆببنەوە و گوێیان لێبگرن”.

.

لە رۆژى (سێشەممە)ى رابردووەوە  خۆپیشاندان لە شارى بەغدا و چەند شارێکى ترى عێراق دەستى پێکرد و خۆپیشاندەران داواى چاکسازى و رەخساندنى هەلى کار و خزمەتگوزارییان دەکرد و بە گوێرەى ئامارە فەرمییەکانیش لە ماوەى پێنج رۆژى خۆپیشاندانەکاندا 110 کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کوژران و زیاتر لە شەش هەزار کەسى دیکەش بریندار بوون.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل