Shadow Shadow

عه‌ره‌بانه‌ له‌ناو بازاڕى کەلار قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت و سەندیکای کرێکارانیش بەتوندی دژی بڕیارەکەیە

19:19 چوار شه‌ممه‌ 28 ئاب 2019
article image

ناس کورد-

قائیمقامیەتی کەلار بەفەرمی بەکارهێنانی عارەبانەى لەناو بازاڕی گشتی کەلاردا قەدەغە کرد، هۆکارەکەشی بۆ ناس کورد باس دەکات، بەڵام سەندیکاى کرێکاران دژى ئەو بڕیارەیە.

,

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئابی 2019، لە دیوانی قایمقامیه‌تى کەلار به‌ ئاماده‌بوونی شەهاب ئەحمەد، قائیمقامی کەلار، سه‌رۆكی شاره‌وانی، به‌رێوه‌به‌ری ئاسایش، پۆلیسی هاتووچۆ و شاره‌وانی و لیژنه‌ی ئه‌منی و بازرگانی و چاودێری گه‌رمیان،  كۆبوونه‌وه‌یه‌ک بەڕێوەچوو، سه‌باره‌ت به‌ ڕێكخستنی بازاڕ و نەهێشتنی ئەو قەرەباڵغی و جەنجاڵییەی بۆ هاوڵاتیان دروست بووە، لە ئەنجامدا بڕیار درا بە قەدەغەکردنى عارەبانەکانى ناو بازاڕ.

,

لەبارەى بڕیارەکەیانەوە، شەهاب ئەحمەد، قائیمقامی کەلار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەکۆبونەوەکەدا بڕیارماندا بە قه‌ده‌غه‌ كردنی عه‌ره‌بانه‌ له‌ هه‌موو شه‌قامه‌كانی بازاڕی كه‌لار و هه‌ر کەسێک سه‌رپێچی بكات ده‌ست بەسەر عەرەبانەکەیدا دەگیرێت، هەروەها بڕیارمانداوە بە ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری ده‌ستگێڕه‌كان، چونکە ئەو عارەبانانە بەشێوەیەکی زۆر خراپ ناوبازاڕیان قەرەباڵەغ کردووە و ڕێگای ڕۆیشتنی ئۆتۆمبیل و هاوڵاتیانیشیان نەهێشتووە”.

,

شەهاب ئەحمەد وتیشی، بەشێکی عارەبانەکان شەقامی بەردەم عەیادە و کلینکییە پزیشکییەکانیان گرتووە و بەوشێوەیەش ڕێگایان لە زۆر کەس گرتوە بۆیە بڕیاریان داوە بە لابردنیان.

,

لەبارەى ئەو بڕیارەى قائیمقامیەتى کەلار، عومەر محەمەد سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو بڕیارە زوڵمێکی گەورەیە لە دەستگێڕ و عارەبانچییەکان دەکرێت، بەو شێوەیە بژێوی سەدان خێزان دەبڕدرێت و دەبێت قائیمقایەت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە”.

,

“ئەو بڕیارە بەبێ هۆکار نەدراوە و پێشتر ئێمە شوێنمان بۆ ئەو عارەبانچیانە دیاریکردبو، حکومەت کەپر و زەویشی پێدابوون، بەڵام ئێستا بەیانیان و نیوەڕوان لەکەپرەکانی خۆیان کاڵاکانیان دەفرۆشن و دوای کاتژمێر 4ی ئێوارەش دێن بۆ ناو بازاڕی گشتی بۆ ئەو شوێنەی پێشتر بۆیان دیاریکرابو، هەروەها بەشێکیشیان کەپرەکانیان داوە بە کرێ، ئەوەش ئیستیغلالکردنە و قبوڵی ناکەین”، قائیمقامى کەلار واى وت.

,

لەبەرامبەردا سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان وتى: “ڕاستە پێشتر شوێن بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە، بەڵام دەبێت پێشوەختە ئاگاداریان بکەنەوە، چونکە دەبێت ڕێگایەک بۆ کەسانەش دیاری بکرێت کە ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە، ئیمە لەگەڵ ئەوەداین کە بازاڕ ڕێکبخرێتەوە و ئەو قەرەباڵەغییە سنوردار بکرێت، بەڵام ڕێگری لە خەڵک نەکرێت لە کارکردن”.

,

بەبڕواى سەرۆکی لقی گەرمیانی سەنیدکای کریکارانی کوردستان، بڕیارەکەى قائیمقامیەت بەو شێوەیەی ئێستا دەرکراوە، سەرناگرێت، چونکە دەڵێت، پێشتریش بڕیاری وا هەبوە بەڵام سەری نەگرتوە، بەڵام قائیمقامی کەلار دەڵێت، لەمەودوا ژمارەی هێزەکانی پۆلیس بۆ لیژنه‌ی ئه‌منی ناو بازاڕ زیاد دەکەین، هەروەها ئاسایش و پۆلیسی كه‌لار هاوكاری به‌رده‌وامی لیژنه‌ی ئه‌منی ده‌بن له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل